دوای ماوەیەکی زۆر بێدەنگی بە هۆی دەستبەسرداگرتنی شارەوانی و هۆڵە فەرهەنگییەکانی شارەکانی کوردستانى باکوور، جارێکی دیکە فێستیڤاڵى شانۆی ئامەد و دوای بەدەستخستنەوەی شارەوانی ئەو شارە لە لایەن هەدەپە، دەست بە کار دەکاتەوە. حەوتەمین فێستیڤأڵى شانۆی ئامەد لە ڕۆژانی ٦ هەتا ١٥ بانەمەڕ لە شاری ئامەدی باکوری کوردستان بەڕێوە دەچێت.
سەرەتاى فێستیڤاڵەکە کە بە درووشمی "حەقیقەت ئازادییە" دەست بە کارەکانی دەکات، ١٢ شانۆ لە شارەکانی وان، ئیستانبوڵ، ئامەد و دیاربەکر لەخۆ دەگرێت و نمایش دەکرێن. ساڵانی پێشوو لە لایەن شارەوانی ئامەد لە قەبارەیەکی گەورەتردا و لە هۆڵە مۆدێرنەکانی ئەوشارە فێستیڤاڵەکە بەڕێوە دەچوو، بەڵام لە سێ ساڵ لەوە پێشەوە و دوای دەستبەسەرکرانی زۆربەی شارەوانییەکانی باکوری کوردستان لە لایەن دەوڵەتی ناوەندی و دیاریکردنی کەسانێک لە لایەن دەسەڵاتەوە بۆ بەڕێوەبردنیان هەموو چالاکییە فەرهەنگی و هونەرییەکانی ئەو شارەوانیانە وەستا و هۆڵەکان یاخود داخران و یان بۆ کاری دیکە بەکارهێندران.
دوای ئەو ڕووداوانە لە هۆڵی فەرهەنگی جگەرخوێن پاش ئەوەی ناوی هۆڵەکە لە لایەن حکومەتەوە گۆڕا دەستکرا بە پڕوپاگەندەی دینی و و ئیسلامی تێیدا و حیزبی ئاکپارتی بە گشتی لە هەموو هۆڵە فەرهەنگییەکانی باکور برەوی بە کاری پڕوپاگەندەی دینی و ئیسلامیدا. دوای هەموو ئەو ڕووداوانە گرووپی شانۆی ئامەد بە شێوەی سەربەخۆ درێژەی بەکارەکانی دا و لە ساڵی ڕابردووە بە پشتیوانی خەڵک و درووست کردنی هۆڵی نمایش چالاکییەکانی دەست پێ کردەوە.
هەڵبەت سرەنجدان بە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ئەم دواییەی تورکیە و باکووری کوردستان و بە دەستخستنەوەی شارەوانی زۆربەی شارە کوردەکان لە لایەن هەدەپە پێشبینی دەکرێت چالاکییە فەرهەنگی و هونەری شارەوانییەکان دەست پێ بکاتەوە و فێستیڤاڵى شانۆی ئامەد گەرموگوڕتر لە جاران درێژە بەکارەکانی بدات.
لەم خولەی فێستیڤاڵى ئامەد شانۆی "جل پشتەکان" لە نووسینی حوسێن فەزڵوڵاهی و لە دەرهێنەری ئومێد خاکپور و بە ڕۆڵگێرانی ئەسرا کاکەڕەش و ئومێد خاکپور لە لایەن گرووپی شانۆی ئەهورای مەهاباد ڕۆژی یەکشەممە ٩ بانەمەڕ دەچێتە سەر سەحنە و نمایش دەکرێت.
سەرچاوەى ڕاپۆرتە هەواڵ: ماڵپەڕى هونەرى بینەر