بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

ژمارەى بریندارانى بوومەلەرزەکەى کرماشان لە ١٥٠ کەس نێزیک بووەتەوە

ژمارەى بریندارانى بوومەلەرزەکەى کرماشان لە ١٥٠ کەس نێزیک بووەتەوە
بە پێى دواهەمین هەواڵە دەستکەوتووە فەرمییەکان، زیاتر لە ١٥٠ کەس لە بوومەلەرزەکەى تازەئاواى کرماشان بریندار بوونە، بەڵام ئامارێک لە گیانلەدەستدراوان لەبەر دەستدا نییە.
posted onJuly 22, 2018
noبۆچوون

 

کاتژمێر ٢:٣٧ خوولەکى یەکشەممە ٣١ى پووشپەڕ، بوومەلەرزەیەک بە هێزى ٩/٥ ڕیختەر تازەئاواى کرماشانى لە ڕۆژئاواى وڵاتى ئێران هەژاند کە لە پێنج کیلۆمەترى قووڵایی زەویدا بووە و زیانى بە ١٠ شار و ١٩٣٠ گوندى ئەو پارێزگا کوردییە گەیاندووە و زیاتر لە ١٠٠ خانووى ڕووخاندووە و زەرەرى پێ گەیاندوون.

 

هوشەنگ بازوەند پارێزگارى کرماشان باسى ١٢٨ بریندارى کردووە کە "بە شێوەى سەرپێیی چارەسەرى سەرەتاییان بۆ کراوە"، بەڵام پیرحوسەین کۆلیوەند بەڕێوەبەرى تەنگەتاوێى وڵات باسى لەوە کردووە کە "تا ئێستا ١٤٦ کەس بریندار بوونە".

 

ناسر عەزیمى ئەندامى ئەنجوومەنى شارى سەلاس باوەجانیش باسى گورزى بوومەلەرزەکە کردووە کە "کاریگەرى گەورەى لەسەر ماڵەکانى سەلاس باوەجانى هەبووە و ۆرێک لە باڵەخانەکان ڕووخاون، دەنگى ئەمبوڵانیش لە زۆرینەى شەقام و ناوچەکانى شارەکە بیسراون، بەڵام هێشتا ئامارێکمان لەبەر دەست نییە تا بزانین چەند کەس بریندار بوونە و یا گیانیان لەدەست داوە".