بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

مەترسیدارترین و نوێترین خراپکارى کۆمارى ئیسلامى لە ڕۆژهەڵات

مەترسیدارترین و نوێترین خراپکارى کۆمارى ئیسلامى لە ڕۆژهەڵات
AvaToday caption
posted onApril 25, 2019
noبۆچوون

 

فەردین ـ لە ڕۆژهەڵاتەوە

 

هەموومان ئاگادارین كۆماری پەتو سێدارە بۆ مانەوەی خۆی هەموو ئامرازو شتێكی وەسەر یەک ناوە هەتا لەسەرپێ بمێنیتەوە و وێرانی و كاولكارییەكانی جێبەجێ بكات. بە بیانووی وشکى گۆمی ورمێ، هەموو سەرچاوە ئاوییەكانی بە جۆرێک لە جۆرەکان وشكاندووە یان ڕێڕەوی بەرەو دەریاكان بردووە و لێژیەكەی گۆڕیوە و بەربەستیان درووست كردووە.

 

لەگەڵ ئەوەی كە مەحاڵە بە ئاوى چۆم و ڕووبارەكان، گۆمی ورمێ پڕ ببێتەوە چوونكە چواردەوری گۆمەکە كە له پێش وشكبوونیدا پڕبوو لە كانیاو و تەنانەت نێو دەریاچەكەش كانی تێدابوون كە ئەوانیش تەڕاییان پێوە نەماوە، ئێستاش دێی گۆلێی سەر ڕێی مەهاباد ـ ورمێ شاهیدی ئهم بابەتەیە كه بێ هۆ پێی ناڵێن گۆلێ. جا مەبەستم ئەوەیە هەتا ئێستا له هیچ كەسێك و كاناڵێكی تەلەڤزیۆنى و تەنانهت لە ئێوەش کەناڵى ئاڤاتودەى نە بیستوومه و نە دیتوومە ئاماژە بەو ڕاستییە مەترسیدارە و شیكردنەوە بۆ خەڵك و دەرەوە و بەدوادابۆچوونیان بۆ بكرێت، كە زۆر جێی داخە.

بۆیە..

گلدانەوە و بەشوێنێکی دیکەدا بردنى ئاوەكان لە ڕووی ئێكۆسیستەمی دەبێتە هۆكارێك كە ناوچەكە هەڵی ناگرێت و ویرانكاری دیکە بە دواى خۆیدا بهێنێت. ڕژیمى کۆمارى ئیسلامى بە تیرێك چەند نیشان دەپێكێت:

١. پێشگرتن لە ئاو و ئاوەڕۆ بۆ هەرێمى کوردستان

٢. ژێرئاوخستنی بەشێكی زۆری زەویەكان و گوند و شوێنەوارەكانی ڕۆژهەڵاتى کوردستان

٣. بەم نێوە زەویانەیش کە دەمێننەوە، بە ئاویو ئاوەكەیان پێ دەفرۆشێت. دەنا بۆ چاوی جوانی ئێمە نییە کە لە خرت و خۆڕایی ئەو هەموو خەرجی و هەڵكەندن و لوولەكێشییە ئەنجام دەدرێت.

٤. هەتا ئێستا له كیسەی خەلیفەی بەخشیوە كە دەڵێن هەتا ساڵی ٢٠٢٠ بەربەستى ئاوى لێبدرێن دەنا كاتیان نامێنێت.

٥. له ناوچەی پیرانشار (كە مەبەستی منە)، بەنداوى نیزیك شارەکە واتە (كانی سێو) لە كۆتایی نێزیك بووەتەوە و ئاوەكە بە شوێنێكدا دەبەنەوە كە سەرنجڕاكێشە و بەدوابۆچوونی پێوستە. داڵانی ئەو ئاوەى كە لێدەدرێت تا ئێستا له كلكەی پشت بەنداوەكە هیچ كاناڵێك لێ نەدراوە.

٦. له بن گوندە جوان و سەرسووڕهێنەرەکەى (خورینج)دا سێ بۆ چوار ساڵه توونێلێك بە بیانووی گەیاندنی ئاو بۆ گۆلاوى ورمێ لێ دەرێت كە لە ڕاستی زۆر دوورە!

٧. دیتراوە کە ئۆتۆمبێلە گەورە و بارهەڵگرەکانى سەر بە ڕژیمى کۆمارى ئیسلامى هەتا بەردەركی توونێلەكە دێن و هەر ئەوانەی لە توونێلەكەدا كار دەكەن، ئۆتۆمبێلە گەورەکانیان لێ وەردەگرن و دەیانبەنە ژوورەوە و بەتاڵى دەکەنەوە! بۆیە کەس نازانێت کە چیە بەتاڵ دەكرێ؟ چ ئامرازو كەرەستەیەكە؟ چونکە شۆفێرە بارهەڵگرەكانیش بۆیان نییە بچنە نێو تونێلەكە؟!

خورینج ٢

بە گوێرەی هەدێك هەواڵی ڕاست و ناخۆش: پاشماوە و زایعاتی چەكی هەستەیی (ئەتۆمی) لەم شوێنە چاڵ دەكرێ یا دەشاردرێنەوە، ئاخر مەحاڵه ڕژیم واتە دوژمن له خاكی بێگانە كە کوردستانە و بە هی خۆی نازانێت، شتێکی گرنگ بشارێتەوە! ئیلا ژەهراویكردنی خاك و خۆڵ و  ژێرخانى کوردستان نەبێت، ئەویش شوێنێكی وەك خورینج كه مرۆڤ به دیتنی ئەم جوانیە دەحەپەسێت.

جا تكایە زۆر بە وردی و هەستیارییەوە لە خەمى ئەم پرسەدا بن. ئەم پرسە زۆر گرنگ و مەترسیدارە، چونکە ڕژێمى کۆمارى ئیسلامى دەیهەوێت پاش بەتاڵانبردنی هەموو شوێنەوارە كۆنەكان و وشككردنی شاڕەگەكانی جەستەی كوردستان، خاکەکەى ئەزگەلە و بانە و مەریوان ژەهراوى وێران بکات.

شایەنى باسە، گوندى خورینج لە ٢٠ کیلۆمەترى باکوورى ڕۆژهەڵاتى پیرانشار و لەسەر ڕێگەى پیرانشار بۆ مەهاباد هەڵکەوتووە. لە دەوروبەرى ئەم گوندە، بەردى گەورە گەورە و سەیر و سەمەرە هەن کە لەسەر یەکترى هەڵچنراون وەک ئەوەى مرۆڤ لەسەر یەکى دانابن، هەر بۆیە وایان لە ناوچەکە کردووە خەڵک ڕووى تێ بکات.