بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

ئێران  بۆ ڕزگاربوون لە قەیران پەنا بۆ قاچاخییە حوکمدراوەکەى نەوت دەبات

ئێران  بۆ ڕزگاربوون لە قەیران پەنا بۆ قاچاخییە حوکمدراوەکەى نەوت دەبات
AvaToday caption
posted onApril 21, 2019
noبۆچوون

 

بەهۆی سزا ئابوورییەکانى ئەمریکا لەسەر کۆمارى ئیسلامى، ئاستی هەناردەکردنى نەوتى ئێران گەیشتووەتە نزمترین ئاستى خۆى، بەو هۆیەوەش ڕژێمى تاران و سوپای پاسداران لە هەوڵى گەڕانەوەى "خاوەنکارێکن بۆ ئەوەى تۆڕێکى ئابوورى بۆ پێچەوانەوە بەسەر سزاکان دروست بکات، هاوشێوەى قۆناغەکانى پێش ڕێککەوتننانمە ئەتۆمییەکەى ٢٠١٥".

 

یەکێک لەو کەسایەتی و خاوەنکارانەى کە تاران بەنیازە بیگەڕێنێتەوە نێو گۆڕەپانى بازرگانییەکانى نەوت (بابک زنجانی)ـیە، کە ئێستا بە تەمەنى گەندەڵی زیندانى کراوە و سزای لەسێدارەدانى بۆ دەرچووە. زنجانى لەماوەى ڕابردوو لەرێگەى کۆمپانیاکانى سوپای پاسداران لەسەردەمى سزا نێودەوڵەتییەکان، دەڵاڵی فرۆشتنى نەوتى ئێران بووە بەتایبەت لەسەردەمى حوکمڕانى مەحموود ئەحمەدی نەژاد، سەرکۆمارى پێشووی ئێران لە نێوان ساڵانى ٢٠٠٥ بۆ ٢٠١٣ى زایینى.

سەرەڕاى ئەوەى ئەو بازرگانە ئێرانییە لە گرتووخانەیە، بەڵام بە دەوڵەمەندترینی دەوڵەمەندەکانى ئێران دادەنرێت و خاوەنى ٧٠ کۆمپانیاى بازرگانییە، لە نێویانیشیاندا (هۆڵدینگ سۆرینت قێشم، بانکى وەبەرهێنانى ئیسلامی یەکەم لە مالیزیا، دامەزراوەى دارایی ئیعتبارات، بانکی ئەرزش لە تاجیکستان) دەبینرێن، هاوکات پشکى لە کۆمپانیاى ئەنوەری تورکی بۆ فڕۆکەوانی هەیە.

لە پاڵ ئەو زیندانییە، قسەوباس لەسەر ڕۆستەم قاسمی سەرهەنگی پێشووى سوپای پاسداران و وەزیرى نەوتى پێشوو دەکرێت، کە هۆکار بوو لە بەرزبوونەوەى ئەستێرەى بەختى زنجانی لەنێو پرۆسەى بازرگانی. قاسمی، شوێن پەنجەى لە سەرجەم کەیسەکانى نەوت هەیە، بە جۆرێک هەروەک بابک زنجانی هاوکارەکانى یارمەتییەکى زۆریان داوە، بۆ ئەوەى هاوشێوە ناوخۆى وڵات کۆمپانیا لە وڵاتانى ناوچەکە دروست بکات و، بەردەوام بێ لەفرۆشتنى نەوت بەشێوەى قاچاخ و سوپای پاسدارانیش لەو پاوانخوازییە هەرێمایەتییە بەشدار بێت و بتوانێت پاڵپشتى ماددى میلیشیاکانى ناوچەکە بکات.

نەوتى ئێران

ئەو پرۆسەیە هاوشێوەى جموجۆڵەکانى محەمەد عامر شوێکی، بازرگانى نەوتى سووریایە کە بە هەماهەنگی سەرکردە گرووپە شێعەکانى نزیک لە تاران و بابک زنجانى ئەنجامی دەدات، کە هەمووی بە سەرپەرشتى قاسمی بووە، بۆ ئەوەى ئیمپراتۆرییەتێکى گەندەڵى لە ناوچەکە دروست بکات.

لەبارەى شوێن و لەدایکبووى ڕۆستەم قاسمی، ئاماژە بەوە دەکرێت لە شارى لامۆردى پارێزگاى فارس لە دایک بووە و لەساڵى ١٩٨١ ئەو کاتەى تەمەنى ١٧ ساڵ بووە، پەیوەندی بە سوپاى پاسداران کردووەو، ناویشى لەسەردەمى حکومەتەکەى ئەحمەدی نەژاد لەساڵانى ٢٠٠٥ – ٢٠١٣ دەرکەوت. ئەوکاتەش فەرماندەى بارەگاى (خاتم ئەنبیا) باڵى دارایی سوپای پاسداران بووە، کە سەرپەرشتى پڕۆژەکانى ئاوەدانکردنەوەى وێرانکارییەکانى هەشت ساڵەى جەنگی عێراق ـ ئێرانی دەکرد و، پاشان ئەو بارەگایە فراوانتر بووەوە.

پێش ئەو پۆستەش قاسمی فەرماندەى سەربازگەى (نوح)ـى دەریایی سوپای پاسداران بووە، کە ئەرکیان دروستکردنى تۆنێل و، وێستگەى ژێرزەوینی و، پڕۆژەکانى غاز و پیترۆکیمیایی و نەوت و دروستکردنى بەندەر بووە.

کاتێک سەرۆکایەتى بارەگاى خاتم ئەنبیاى گرتە دەست، قاسمی کۆمپانیاى (سەدرا)ى بۆ پیشەسازی پاپۆڕ بۆ بەرژەوەندی سوپاى پاسداران کڕی و دەرگاى بە قاچاخبردنى نەوت لەو ڕێگەیەوە کردەوە. لە خوولى دووەمى سەرۆکایەتییەکەی، ئەحمەدی نەژاد گازەندەى لە کۆمەڵێک لایەن کرد بەوەى "کۆنترۆڵی بەندەرەکانى دەرەوەى دەسەڵاتى گومرک و دەوڵەتیان کردووە"، لەو گلەییەش بە ئاشکرا سوپای پاسدارانى بە قاچاخبردنى نەوت تۆمەتبار کرد.

سەرەڕاى نەناسراوی لە ناوخۆى ئێران، بەڵام ناوی ڕۆستەم قاسمی لەنێو میدیا ڕۆژئاواییەکان زۆر باس دەکرێت، بە تایبەت گۆڤاری فۆربس، تایبەت بەچاودێریکردنى سەرمایەدار و بازرگانەکان بە ڕیزبەندی ٣٢ ـەمین بەهیزترین کەسایەتیی ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست درانراوە بۆ ساڵى ٢٠١٢. هاوکات گۆڤاری فۆرین پۆلیسى، لەساڵى ٢٠١٣ ڕایگەیاند "سەرەڕاى سزاکان، قاسمی هیچ کێشەیەکى لە فرۆشتنى نەوت ڕووبەروو نەبووەتەوە".

قاسمی لە کاتى ڕێبەرایەتىکردنى بارەگاى خاتم ئەنبیا بابک زنجانى دەناسێت و پەیوەندییەکانیان لەدواى دەستبەکاربوونى وەک وەزیرى نەوت تووندوتۆڵتر دەبێت. لەو سەردەمەش وەزیرەکەى پێشووى نەوت، سەرجەم پڕۆسەکانى بەقاچاخبردنى نەوت ڕادەستى زنجانی دەکات و کۆمەڵێک ئاسانکاریشى بۆ دەکات لەڕووى دەروازە و ئیمتیازاتەکانەوە. ئەو خزمەتگوزارییەى وەزیرەکەى پێشووى حکومەتى تاران ئەوەندە زۆرن بەسەر زنجانی، لەکاتى دادگاییکردنى ئەو بازرگانە هیچ شتێکى دژى نەگووت.

قاسمى

لەو نێوەندەدا، پەرلەمانتارێکى پێشوو و ئەندامى لێژنەى بەدواداچوونى گەندەڵییەکانى زنجانی، لە لێدوانێکى ڕۆژنامەوانی ئاشکراى کردووە " زنجانی، بەشانوباڵى حکومەتەکەى ئەحمەدی نەژاد و بە تایبەتى قاسمی هەڵداوە و لەکاتى بڕیاردان بە لەسێدارەدانى هیچ هێمایەکى ترسی لەسەر سیمای نەبووە". بەگووتەى ئەو پەرلەمانتارە "زۆر دڵنیا بووە لەوە بە فشارى قاسمی و سوپای پاسداران لەسێدارە نادرێت، بەڵکو ئازادیشى دەکەن". دواى بەشدارییکردنى لەبەرنامەى پەرەپێدانى مووشەکى و ئەتۆمی، ناوى ڕۆستەم قاسمی بە کەیسى بەقاچاخبردنى نەوت لەبازاڕى ڕەش و گەندەڵى و قۆڵبڕین و سپیکردنەوەى پارە بەسترایەوە.

راپۆرتەکان باس لەوەش دەکەن "ڕۆستەم قاسمی، کارئاسانی فرۆشتنى نەوتى بۆ قاسم سولەیمانى فەرماندەى سوپاى قودس کردووە و پارەیەکى گەورەشى بۆ تەرخان کردووە تا میلیشیاکانى لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست پارەدار بکات". تۆڕەکانى قاسمى لە تارانەوە دەست پێ دەکات تا دەگاتە بەغدا و دیمەشق و بەیروت و دەریاى ناوەڕاست و، چەندین کەسایەتى وەک زنجانی سەرپەرشت و دەڵالی گەورەى فرۆشتنى نەوتەکەى دەکەن. سەرجەم ئەو نەوتانەش لە بازاڕى ڕەش فرۆشراون، پارەکانیان لە ڕێگەى سپیکردنەوەى پارە و پێچەوانەوە بەسەر سزاکانى ئەمەریکا گەڕێنراونەتەوە تاران.