بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

ئیتلاعات ڕێگەى لە لاوانى مەهاباد گرت بۆ چوونە سەر گڵکۆى پێشەوا

ئیتلاعات ڕێگەى لە لاوانى مەهاباد گرت بۆ چوونە سەر گڵکۆى پێشەوا
AvaToday caption
posted onMarch 31, 2019
noبۆچوون

 

وەک نەریتی ساڵانە لە مهاباد خەڵکی ئەو شارە و شارەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ساڵیادی شەهیدکرانی پێشەوا قازیدا و بۆ پەیماننوێکردنەوە لەگەڵ ئاواتەکانی پێشەوا، سەردانی گڵکۆی پێشەوایان کرد کەچی هێزە ئیتلاعاتییەکان ڕێگریبان لێکردن.

 

دوێنێ دەی خاکەلێوە ساڵرۆژی لە سیدارە دانی پێشەوا قازی محەمەد یەکەم سەرکۆماری کوردە. پێشەوا قازی دامەزرێنەری حیزبی دیموکراتی کوردستان و دامەزرێنەری کۆماری کوردستان لە ڕۆژی دەی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٢٦ هەتاوی بە بڕیارێکی سەربازی ڕژیمی حەمە ڕەزا شا هاوڕی دەگەڵ  سەیفی قازی و سەدری قازی لە چوارچرای شاری مهاباد لە سێدارە دران.

ئەگەرچی ڕژیمی پاشایەتى ڕووخا و دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە ساڵی ١٣٥٧ى هەتاوى هاتە سەر کار، بەڵام ڕژیمی خومەینی لە درێژەی سیاسەتی شێواندنی ناسنامە و ئینکاری هەبوونی کورد سەرەڕای ئەوەی پێشەوا قازی دژی ڕژیمی شایەتی خەباتى کردبوو،  بەڵام ڕێگە نادرێت خەڵک سەردانی گڵکۆکە بکات.

سەرچاوەیەک لە مهاباد بە تۆڕی میدیایی ئاڤاتودەی ڕایگەیاند "کاتێک ویستم بۆ سەر گۆڕی پێشەوا لادەم و فاتیحایەک بخوێنم چەند ئیتلاعاتی لێم هاتنە پێش و پێیان گووتم بۆت نییە لێرە ڕاوەستی و نەڕۆی قۆڵبەستت دەکەین".

هێزە ئیتلاعاتییەکان بە چوار دەوری گۆڕی پێشەوادا بڵاو ببوونەوە و کامێرا بە دەستەوە بۆ ئەوەی خەڵک بترسێن لە سەردانکردنی گۆڕی پێشەوا لەسەر مەزارگەکە ڕاوەستابوون.