بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

دادگاکانی مەهاباد ناوەندی هەڵخەڵەتاندنی ژنانى کوردن

دادگاکانی مەهاباد بوونەتە ناوەندی هەڵخەڵەتاندنی کچان و ژنان
دادوەرەکانى دادگاى مەهاباد ژنان و کچانى کورد فریو دەدەن
حاکمان و دادوەرانی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان، ماشینی لە گرێژنەبردنی کۆمەڵگەی کوردستانن و بەرنامەبۆداڕێژراو کار لەسەر ئەو پرسە دەکەن.
posted onJune 18, 2018
noبۆچوون

 

سەرچاوەیەکی ئاڤاتودەی لە مەهاباد باسى لەوە کرد "دادوەرانی دادگای مەهاباد کە بەشی هەرە زۆریان تورکن و هەروەها بنەماڵەی کوژراوی ئەو کەسانەن کە لە شەڕ دژی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان بە دەستی هێزی پێشمەرگە کوژراون، بە کەڵکوەرگرتن لە جێگە و پێگەی خۆیان هەوڵی لەبار بردنی ئەو ژن و کچانە دەدەن کە لەگەڵ هاوسەرەکانیان کێشە یا خوازیارى تەڵاق و جیابوونەوەن".

بە پێی قسەی شایەدحاڵیکی نێو دادگا لە شارى مەهاباد، کاتێک ژن و پیاوێک دەچنە نێو ژوری قازی، هەر لە دەستپێکی باسەکانەوە دادوەرەکە "بۆ مەرامى شەخسى و نێزیکبوونەوە لێى" پشتی ژنەکە دەگرێ و دەست دەکات بە ڕەخنەگرتن لە پیاوەکە. سەرچاوەیەکى ئاڤاتودەى لە نێو دادگاى خانەوادەى شارى مەهاباد گوتى "ئەم دادوەر و قازیانە ئەگەر ژنەکەیان پێ جوان بێت، دەبنە پارێزەرى و هەوڵى گەرمکردنى پەیوەندى لەگەڵ دەدەن و تەنانەت زۆر جاران من بینیومە کە ژمارە تەلەفۆنى خۆیان و ناونیشانى ڤیلا و خانووى تایبەت و نهێنى خۆیان داوە بەو ژنانە".

یەک لەو پیاوانەى کە دوو جاران رێى کەوتووەتە ئەو دادگایانەى شارى مەهاباد، باسیشى لەوە کرد کە "دادوەرانی دادگای مەهاباد بە وەرگرتنی بەرتیل لە دۆسیەدارانی دەوڵەمەند، خەڵکی نەدار دەکەنە قوربانی و لە لایەکى دیکەوە بە سازان لەگەڵ پارێزەرانی تاوانباران و دانی حوکمی کەم بەو کەسانە پارەیەکی گەورە و خەیاڵی دەخەنە گیرفانیانەوە".

شایەنى باسە، هەر لە سەرەتاى ئینقیلابەوە دادگاکانی کۆماری ئیسلامی بوونەتە ناوەندی بەرهەمهێنانی گەندەڵی و پارەکۆکردنەوە و خەڵک لە ناچاریان پەنایان بۆ دەبەن.