لەسەروبەندی سەردانەکەى حەسەن ڕوحانى، سەرکۆمارى ئێران بۆ عێراق، سیاسەتمەدارێکى عێراق داوای جیاکردنەوە لەنێوان " ئێران وەک دەوڵەت و ئێران وەک شۆڕش دەکات"، ئاماژەى بەوەشکردووە " شۆڕشەکەى ئێران بەهەموو شێوازەکانیەوە زیانبەخشە بۆ عێراق". بەگووتەى خۆیشى " پەیکەربەندیی دەوڵەتى عێراقی ڕەتدەکاتەوە".
لەچاوپێکەوتنێکى کورتیدا لەشارى ئیستانبوڵى تورکیا، ئەسیل نوجێفی، پارێزگارى پێشووى پارێزگاى نەینەوا و سەرۆکى هاوپەیمانى (موتحدون) لەنەینەوا لەگەڵ تۆڕی میدیایی ئاڤاتودەى ڕایگەیاند "ڕەخنەیەکى زۆرم لە پاوانخوازییەکانى قاسم سولەیمانى لەبەغدا هەیە".
جەخت لەوەش دەکاتەوە "پێویستمان بەوەیە پاوانخوازییەکانى قاسم سولەیمانى بەپاوانخوازی دەوڵەتى ئێرانى بگۆڕین، کە نوێنەرایەتى دامەزراوەکانى دەوڵەت دەکات نەوەک دامەزراوەکانى شۆڕشی ئێرانی".
ئەمەش دەقەیەتى:
ئاڤا تودەى : سەردانەکەى حەسەن ڕوحانی، سەرۆکی ئێران بۆ عێراق دەڕوانن و، تاران داواى چی لەبەغدا دەکات؟
ئەسیل نوجێفی: بێگومان ئێمە ڕۆڵى ئێران دەزانن کە ڕۆڵێکى قورسە، تاران پاوانخوازییەکى گەورەى هەیەو، چووەتە قوڵایی عێراق و، کاریگەرى زۆریشى لەسەر کەسایەتیە سیاسییە عێراقییەکان هەیە، بەڵام لە کۆتاییدا پێویستمان بەوەیە ئێران بەدروستى تێبگەین و، هەوڵ بدەین، مامەڵە لەگەڵ ئێران ئێران وەک دەوڵەت بکەین، نەوەک وەک شۆڕش، ئەمەش ئەو جیاوازییە کە هەیە.
من ڕەخنەى زۆرم لەسەر پاوانخوازییەکانى قاسم سولەیمانى لەبەغدا هەیە، لەهەمان کاتیشدا دەڵێم پێویستمان بەوەیە پاوانخوازی قاسم سولەیمانى بەپاوانخوازی دەوڵەتى ئێرانى بگۆرین، کە نوێنەرایەتى دامەزراوەکانى دەوڵەت دەکات نەوەک دامەزراوەکانى شۆڕشی ئێرانی.
دامەزراوەکانى شۆڕشی ئێران مەترسییە لەسەر ئێمە، بەڵام دامەزراوەکانى دەوڵەتى ئێران، شتێکى دیکەیەو، پێویستە پەیوەندییەکانمان لەنێوان ئێمەو ئەواندا ڕێک بخرێتەوە، چونکە ئێران وڵاتێکى دراوسێیەو، ناچین بەرەو دوژمندارێتى و قەیران، بەڵام دەبێت پارێزگارى لەسەربەخۆیی عێراق بکەین و، ڕێگری لەدەستێوەردان لەکاروبارى عێراق بکەین.
ئاڤا تودەى : ئێران ئێستا دەیەوێت عێراق بۆ پێش تۆپخانەى ئەمەریکا ڕاکێشێت، کە بەهۆى فشارەکانى ئەمەریکاوە دەناڵێنێت، بەغدا دەبێتە داردەستى ئێران بەرامبەر ویلایەتە یەکگرتووەکان و، گرێبەستە ئابوورییەکان واژۆ دەکات؟
ئەسیل نوجێفی: لەو باوەڕەم بەرژەوەندییەکانمان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان گەورەترە لەگەڵ بەرژەوەندییەکانمان لەگەڵ ئێران، ئەگەر بتوانین دەستبەردارى ئێران بین لەدابینکردنى پێداویستییەکانمان، بەڵام ناتوانین دەستبەردارى هەموو جیهانى ڕۆژئاوا بین، کە ئەو جیهانە ئەمەریکا ڕابەرایەتى دەکات و، کاریگەرى گەورەشى لەسەر هەیە.
بەو هۆیەوەش بەبۆچوونى من پەیوەندییەکانمان لەگەڵ واشنتۆن پلەبەندییەکى گەورەى هەیە، بەڵام دەبێت ئەوەش بزانین ئێران خزاوەتە نێو شەقام و حزبە سیاسییەکانى عێراق و، ئەمەش ئاسان نیە چاوپۆشى لێبکەین. دەبێت پەیوەندییەکان لەگەڵ ئێران هاوسەنگ و ڕیزبەند بێت، بەجۆرێک بەیەکجارى پەراوێزى نەکەین و، لەهەمان کاتیشدا نەبێتە دەسەڵاتدار لەپرسە جۆراجۆرەکانى عێراق، بۆ ئەوەى بەئارەزووى خۆى ئاراستەکان دیاریی بکات.
ئاڤاتودەى : ئاخۆ ڕوحانى دەتوانێت سیاسەتى ئێران بەرامبەر سیاسەتەکانى قاسم سولەیمانى لەبەغدا بسەپێنێت، کەلایەنى دووهەم بەهەموو ووردەکارییەکانەوە پاڵپشتى میلیشیا چەکدارەکانى عێراق دەکات و، ئەوان ئێستاش سەرجەم جومگەکانى عێراقیان بەدەستەوەیە؟
ئەسیل نوجێفی: ئومێدەوارم لێکگەیشتنێک لەگەڵ دەوڵەتى ئێرانى هەبێت، کە حەسەن ڕوحانى نوێنەرایەتى دەکات، پتر بێت لە شۆڕشی ئێران، کە داردەستەکەى ئێستا لەعێراق قاسم سولەیمانى سەرۆکایەتى دەکات.
پێموایە عێراقییەکان دەبێت بەو ئاراستەیە هەوڵ بدەن، سنوورێکى درێژمان لەگەڵ ئێران هەیەو، دەبێت پەیوەندییەکانیش بەو ئاراستەیە ڕێک بخریتەوە، بەڵام شۆڕشی ئێران بەهەموو شێوازەکەیەوە شۆڕشێکى زیانبەخشە بۆ عێراق، لەهەمان کاتیشدا سەرجەم پەیکەربەندییەکانى دەوڵەتى عێراق ڕەت دەکاتەوە. بۆیە دەبێت ئەو ئاراستەیە بگۆڕن و، هەوڵەکانیانیش بەو ئاراستەیە بێت.