بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

 محەمەد عەبدولحافز لە ژێر ئەشکەنجە ئەقڵى لەدەست دا!

 محەمەد عەبدولحافز لە ژێر ئەشکەنجە ئەقڵى لەدەست دا!
AvaToday caption
posted onMarch 7, 2019
noبۆچوون

 

پاش ئەوەى کە دەوڵەتى تورکیا لە ١٧ى مانگى بەفرانبار، محەمەد عەبدولحافز حسێن ـى میسرى دایەوە دەست وڵاتەکەى، لە ژێر ئەشکەنجەدا ئەقڵى لەدەست دا، محەمەد کە تۆمەتى کوشتنى داواکارى گشتیى میسرى خرابووە پاڵ، لە وڵاتى سۆماڵەوە هاتە وڵاتى تورکیا.

 

تورکیاش لە فڕۆکەخانەى ئەتاتورکى ئیستانبوڵ دەستبەسەر و یەکسەر ڕادەستى وڵاتى میسرى کردەوە، ئەمە لە کاتێکدا کە محەمەد لە لایەن وڵاتى میسرەوە حوکمى لەسێدارەدانى بۆ دەرچووبوو. بە پێى ئەو زانیارییەى کە لە ڕێگەى هاوڕێکانى محەمەدەوە بڵاو کراونەتەوە و هەر خۆیان لە نێو دادگا شاهید بوونە، باس لەوە کراوە کە "محەمەد ئەقڵى لە ژێر ئەشکەنجە لەدەست داوە. هەروەها بە هۆى پیاکێشانەوە چاوەکانى باش نابینن. لە پێش ئەوەى کە دادوەر پرسیارێکى لەسەر تۆمەتەکەى بکات، تاوانەکانى گرتووەتە ئەستۆى خۆی".

هەروەها گیراوەکانى نێو بەندیخانەى ئەبو زەعبەل ـى میسریش شاهیدییان لەسەر ئەوە داوە کە "ڕۆژانە محەمەد عەبدولحافز ئەشکەنجە دەدرێت و هاوارەکانى بەر گوێ دەکەون".

دوێنێ کە کاتى دادگاییکردنەکەى محەمەد عەبدولحافز بووە، زەینەب کاراتاش ـى ڕۆژنامەنووس لە تویتێکدا نووسى "کە لە دادگاییکردنەکەى محەمەد بەشداریم کرد، زۆر خەمبار بووم، چونکە هەستم کرد ئاوەز و هۆشى لەسەر خۆى نییە، هەر بۆیە لەپێش پرسیارى دادوەر یەکسەر تۆمەتەکانى گرتووەتە ئەستۆى خۆى"، ئەمەش بۆ ئەو ئازار و ئەزیەتە دەگەڕێتەوە کە محەمەد لە زیندان تووشى دەبێت و بە ناچارى و لە تاوى ئازار ددان بە هەموو شتێکدا دەنێت.

شایەنى باسە محەمەد عەبدولحافز کە ئەندامى ئیخوان موسلمینە، بانگەشەى ئەوە دەکرێت لەگەڵ ئەو نۆ لاوە ئیعدامکراوە بوو کە تۆمەتى تیرۆرکردنى هیشام بەرەکات ـى دادوەرى گشتى وڵاتى میسریان درایە پاڵ، بەڵام محەمەد هەڵات.

شڕۆڤەکارانى سیاسى، ڕادەستکردنى محەمەد عەبدولحافز لە لایەن دەوڵەتى تورکیاوە بە میسر، بۆ باشترکردنەوەى پەیوەندییەکانى تورکیا لەگەڵ ئەو وڵاتە دەگەڕێننەوە کە لە پاش لابردنى محەمەد مورسى سەرکۆمارى ئەودەمى میسر لە لایەن خەڵک و سوپاوە، ئەردۆغان دژایەتى کودەتاکەى کرد و ئەمەیش بووە هۆى دروستبوونى تەنگەژەى سیاسى لە نێوان هەردوو وڵاتدا، هەرچەندە ئەگەرى دروستبوونى کێشە لە نێوان ئیخوان موسلمینى میسر لەگەڵ دەوڵەتى تورکیا بەم کارە دروست دەبێت، چونکە ئاک پارتى هەڵقوڵاوى ئایدۆلۆژیاکانى خودى ئیخوان موسلمینە.

 

لینکى بابەتى پەیوەندیدار کە پێشتر لە ماڵپەڕى ئاڤاتودەى بڵاو کراوەتەوە:

https://www.avatoday.net/ku/node/2294