بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

گوڵنسا خەڵاتە گەورەکان بۆ خۆى دەبات

گوڵنسا خەڵاتە گەورەکان بۆ خۆى دەبات
AvaToday caption
posted onMarch 3, 2019
noبۆچوون

 

فیلمی گوڵنسا لە یەکەمین فستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمە نوێخوازانەکانی سویسرا، دوو خەڵاتی گرینگی پێ بەخشرا کە یەکیان خەڵاتی باشترین فیلم و دووەمیشیان خەڵاتی باشترین ئەکتەری ژن بوو.

 

فیلمی "گوڵنسا" بەرهەمی ستار چەمەنی گوڵە و دەقی فیلمنامەکەشی لە سەر ئەرکی ڤیدا ساڵحی نووسراوە و محەمەد فەکووری لەو فیلمەدا ئەرکی تۆمارکردنی ڤیدیۆکەی لەسەر شان بووە و ئەکتەرەکانیشی بریتین لەم کەسانەی خوارەوە: سەعید داخ، عەلیمحەمەد ڕادمەنش، یەگانە ڕەجەبی، ساقی زینەتی، مەسعوود محەمەدی و ڤیدا عەموویی. فێستیڤاڵی فیلمە نوێخوازانەکان (Innovation) کە لە شاری "بێرن"ی سویس بەڕێوە چوو، فیلمی گوڵنسا لە دوو بەشدا خەڵاتی یەکەمی وەرگرت:

یەکەم: ستار چەمەنی گوڵ خەڵاتی باشترین فیلمی فستیڤاڵەکە

دووەم: خاتوو یەگانە ڕەجەبی خەڵاتی باشترین ئەکتەری ژن

هەروەها فیلمی گوڵ نەسا لە نوێترین نمایشی نێونەتەوەیی لە دووەمین خولی خەڵاتی ساڵانەی سینەمایی "دارالسلام" ناسراو بە ئۆسکاری ئەفریقا کە لە وڵاتی تانزانیا بەڕێوەچوو، توانی دوو خەڵاتی گرینگی باشترین سناریۆی بەشی نێونەتەوەیی و باشترین دەرهێنەری مسۆگەر بکات.

ئۆسکاری ئەفریقا کە هەموو ساڵێک لە لایەن وەزارەتی فەرهەنگ و هونەری تانزانیا و کەناڵی تەلەڤزیۆنیی  Azam PayTV Limitedو سینەمای "زێتۆ Zetu" بۆ ماوەی ٥٣ رۆژ بە هەڵسەنگاندنی فیلمەکان لە دوو بەشی نیشتمانی و نێونەتەوەیی بەڕێوە دەچێت، دوای لێکدانەوەی ٣١ فیلمی درێژى سینەمایی لە ١٩ وڵات، لە ناوەندی کەلتووریی شاری میلیمانی لە پارێزگای دارولسەلام لە وڵاتی تانزانیا و بە بەشداریی کارگێری فەرهەنگیی باڵویزخانەی ئێران لە تانزانیا کۆتایی بە چالاکییەکانی ئەمساڵ هێنا.

فیلمی گوڵ نەسا تا ئێستا لە ٢٥ فێستیڤاڵی ناسراوەی نێونەتەوەیی لە ئاستی جیهانیدا و لەوان مۆنتڕالی کەنەدا، ئاسیاپاسفیکی ئۆسترالیا، برۆکلین و ڕێمیی ئەمریکا، کازانی ڕووسیا و ... دەرکەوتووە و زیاتر لە ١١ خەڵاتی گرنگی نێونەتەوەیی و لەوان خەڵاتی باشترین سناریست، باشترین وێنەگرتن، باشترین دەرهێنەر، باشترین ئەکتەری پیاو و ژنی مسۆگەر کردووە.

ستافی فیلمی گوڵ نەسا پێکهاتوون لە سەتار چەمەن گوڵی (دەرهێنەر)، سیاوەش ڕەمەزان پوور و محەمەد توریوێریان (یاریدەدەرانی دەرهێنەر)، ڤیدا ساڵحی (نووسەری سناریۆ و گریم)، محەمەد فەکووری (بەڕیوەبەری وێنەگرتن)، حسێن سادقی، حەمید محەمەد زادە، ناسح عەبدوڵاهی و ئەحمەد ڕەزا سادقی (یاریدەدەرانی وێنەگرتن)، بێهرووز مەعاونیان (دەنگ هەڵگر)، سوهەیل حسێن خانی (یاریدەدەری دەنگ هەڵگری)، کاوە عەزیزی (تۆمار و مۆنتاژ)، کارەنگ کەرباسی (ئاهەنگ دانەر)، حسێن مەرزبان (جێبەجێ‌کاری پلان)، مریەم قاسم ئابادی (بەڕیوەبەری بەرهەم هێنان)، عەباس ئەبوویسانی (جێگری بەرهەم هێنان)، سامان  مەجذوفایی (ڕەنگ)، مێهرداد سولەیمانی (لابراتوار دیجیتاڵ)، مریەم رووزبەهانی (سکرتێری دیمەن)، حامد ئەحمەدی (بەڕیوەبەری دیمەن) و تاهیرە سەروەری (جلوبەرگ).

هەروەها سەعید داخ، عەلی محەمەد ڕادمەنێش، یەگانە ڕەجەبی، ساقی زەینەتی، مەسعوود محەمەدی، ڤیدا عەموویی و ... لەو فیلمە ڕۆڵ دەگێڕن. شایانی باسە فیلمی گوڵ نەسا لە لایەن کۆمپانیای سینەمایی "ستاک فیلمی سنە"وە بەرهەم هاتووە و ستار چەمەنی گوڵ و یووسف کەریمی-ش بەرهەمهێنرانی فیلمەکە بوونە.