بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

سوپای پاسداران ئەنوەری ڕۆستەمی کوشتووە

ئەنوەر ڕۆستەمى دووەم کوژراوى دەستى سوپایە کە ئاڤاتودەى لەم حەفتەیەدا ئاشکراى دەکات
ئەنوەر ڕۆستەمى دووەم کوژراوى دەستى سوپایە کە ئاڤاتودەى لەم حەفتەیەدا ئاشکراى دەکات
بنەماڵەکەی کوژراو لەژێر هەڕەشەی کوشتن و دەستدرێژی نامووسی دان
posted onMay 24, 2018
noبۆچوون

 

سەرچاوەیەکی تایبەت بە ئاڤاتودەی ڕاگەیاند کە ئەنوەر ڕۆستەمی ئەندامی پێشووی شورای شاری بانە بەدەستی هێزەکانی ئیتلاعاتی سەر بە سوپای پاسداران کوژراوە.

 

٣ ـی جۆزەردانى ساڵى ڕابردوو، هێزەکانی ئیتلاعات لە کێڵگەی پەلەوەری (مرغداری) ئەنوەری ڕۆستەمى ـدا گریلایەکی پژاک بە نێوی سمکۆ داڵاهۆ شەهید دەکەن. بە پێی زانیارییەکانی ئاڤاتودەی لە لایەن سەید نەجمەدین سەجادی کرێکاری کێڵگەی پەلەوەرییەکە ڕاپۆرت لەو گریلایەی پژاک دراوە و گریلاکەش لە لایەن سوپای پاسداران و لە بەردەم کێڵگەی پەلەوەری ئەنوەری ڕۆستەمی شەهید دەکرێت و دواى کەمتر لە مانگێک و لە ١٩ـی پوشپەڕیش ئەنوەر رۆستەمی لە لایەن کەسانی نەناسراو لە رێگەی گوندی ساوان دەکوژرێت.

سوپای پاسداران ئەنوەری ڕۆستەمی کوشتووە

ئیتلاعات ئیدیعاى ئەوەى کرد کە کەمینیان بۆ پژاک داناوەتەوە، کەچى زۆرینەى چەکدارەکان سەرپاییان لە پێیە!

 

سەرچاوەکەی ئاڤاتودەی دەڵێ "ئەنوەر رۆستەمی ئامادە نەبووە هاوکاری سوپای پاسداران بکات، هەر بۆیە کوژراوە". دوای نزیکەی ساڵێک، سەرچاوەیەکی باوەرپێکراو دەڵێ "ئەنوەر ڕۆستەمی ئەندامی شورای شاری بانە لە لایەن سوپای پاسداران، و بە دیاریکراوی لە لایەن شەخسی بێهزاد لوتفی ـیەوە کوژراوە".  لە بەدواداچوونى ئاڤاتودەیدا دەرکەوتووە کە پاش بێدەنگی و ترسى بنەماڵەکەی، ئێستا کەسوکارى ئەنوەر ڕۆستەمی سکالایان لە سەر سوپای پاسداران لە ساوان تۆمار کردووە. ئەو سەرچاوەیە دەڵێت "سوپا خۆی ئەنوەری کوشتووە، هەر بۆیە بنەماڵەکەى داوای بەسزاگەیاندنی بکوژەکان دەکەن"، لەم پەیوەندییەدا ئاڤاتودەى ویستى پەیوەندى بە بنەماڵەى کوژراوەوە بکات، بەڵام دەرکەوت کە ئەوان ئامادە نین هیچ لێدوانێک لەم بارەوە بدەن.

سوپای پاسداران ئەنوەری ڕۆستەمی کوشتووە

ئیدیعاى ڕێژیم لەگەڵ ژیرى و مەنتق نایێتەوە و تەنیا بۆ ڕێونکردنە!

 

ئێستا بنەماڵەى ئەنوەر ڕۆستەمى لەژێر گوشارێکی زۆر دایە، سوپاى پاسداران داوایان لێدەکەن واز لە سکاڵاکەیان بهێنن، و هەڕەشەی ئەوەیان لێ کردوون کە ئەگەر پاشەکشێ لە سکاڵاکەیان نەکەن، منداڵەکانیان دەکوژن"، و بە پێى ئەو زانیارییانەى دەست ئاڤاتودەى کەوتوون، تەنانەت هەڕەشەی لەکەدارکردنی ناموسیشیان لەو بنەماڵەیە کردووە.

لەگەڵ ئەوەشدا بنەماڵەی ئەنوەر رۆستەمی ئامادە نین واز لە سکاڵاکەیان بهێنن، چونکە دڵنیان سوپای پاسداران و شەخسی بێهزاد لوتفی کە فەرماندەیەکی سوپایە ئەنوەری کوشتووە. هەرچەندە خەڵکانێک شاهیدحاڵی ئەو ڕووداوە بوونە، بەڵام لە ترسی سوپای پاسداران ناوێرن ڕووداوەکە باس بکەن.

سوپای پاسداران ئەنوەری ڕۆستەمی کوشتووە

ئەو کرێکارەى کە ڕاپۆرتی لە گریلاکەى پژاک داوە، خۆى جاسووسى سوپاى پاسدارانە!

 

شایەنى باسە چەند ڕۆژ بەر لە ئێستا ئاڤاتودەى هەواڵێکى تایبەتى بە کوشتنى ئەنوەری ئەمینی بڵاو کردەوە کە ئەندامی خودى ئیتلاعاتی سوپای پاسداران بوو و لەلایەن بەرپرسانی خودى سوپاوە کوژراوە. ئەمە و چەندین نمونەى هاوشێوە دەرکەوتووە کە سوپاى پاسداران لە زۆرینەى کوشتنە گوماناوییەکانى نێو ئێران دەستى هەیە و خەریکە ئەم کوشتانە پەردەیان لەسەر هەڵدەدرێتەوە.