بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

قوتابیانى کورد کراونەتە ئامانجێکى مەترسیدار

هەڕەشەکردن و بووختانی سوپای پاسداران و وەزارەتی ئیتلاعات لە قوتابیانی کوردى ڕۆژهەڵات
هەڕەشەکردن و بووختانی سوپای پاسداران و وەزارەتی ئیتلاعات لە قوتابیانی کوردى ڕۆژهەڵات
سوپا و ئیتلاعات پیلانێکى مەترسیداریان بۆ قوتابیانى کورد داڕشتووە
posted onMay 23, 2018
noبۆچوون


هەڕەشەکردن و بووختانی سوپای پاسداران و وەزارەتی ئیتلاعات لە قوتابیانی کورد بە ئامانجی باجگیری و بە بەسیجکردنی قوتابیان هەتا دێت زیاتر دەبێت و لە هەڵکشاندایە.

سەرچاوەیەک بە ئاڤاتودەی گوت کە "چەندین تیمی سوپای قودس و وەزارەتی ئیتلاعات کە پێک هاتوون لە ئەندامە کوردەکانی ئەو ڕیکخراو و وەزارەتە لە نێو وەزارەتى پەروەردەى ئێران کە زۆرینەیان مامۆستان، دەستیان کردووە بە لاڕێدابردنی منداڵە قوتابى و خوێندکارە کوردەکانى قوتابخانەکانى کوردستان".

ئەو باندە مەترسیدارانە بە تێهاویشتنی بەیاننامەى حیزبە کوردییەکان لە جانتای قوتابییەکان و دواتر بانگکردن و تۆمەتبارکردنیان، پێیان دەڵێن ئەگەر هاوکاری ئیدارەی بەسیج نەکەن دەستبەسەریان دەکەن و ناهێڵن درێژەی بە خوێندن بدەن. لە لایەکی دیکەشەوە ئەو قوتابیانەی دۆخی ئابووری بنەماڵەکانیان باشە، بە هەمان فێڵ و لە بەرامبەر قسەنەکردن و درێژەدان بە خوێندن و نەگرتنیان، وەک حەقلسکوت پارەیان لێ بەردەدەنەوە.

سەرچاوەکەی ئاڤاتودەی باسی لەوە کرد  "ئەو ئەندامانەى سوپا و ئیتلاعات وێنەی شەخسیی پڕۆفایلی سەر فەیسبوک و ئێنستاگرامی کچانی قوتابی هەڵدەگرنەوە و فیلمیان لێ ساز دەکەن و پاشان هەڕەشەیان لێ دەکەن کە ئەگەر پارەیان نەدەنێ یان سێکسیان لەگەڵ نەکەن، فیلمەکانیان لێ بڵاو دەکەنەوە و ئابڕوویان دەبەن".

لە چەند ساڵی ڕابردوودا چەندین قوتابی کچ و کوڕی هەرزەکاری ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دوای ئەوەی لە داوی ئەو باندە مەترسیدارانەی وەزارەتی ئیتلاعات و سوپاى پاسداران کەوتوون، بە فەرمانی وەزارەتی ناوبراو ناچار کراون لە پێناو پاراستنی ئابڕوو و کەسایەتییان ڕوو بکەنە ڕیزی حیزبە کوردییەکان و کاری تەقینەوە و ژەهرخواردکردن و سیخووڕى لەسەر ئەندامانی حیزبە کوردییەکان بکەن.

هەر لەم بارەوە زۆرێک لەو حزبە کوردییانە ڕاستەوخۆ بە نیشاندانى فیلم و بڵاوکردنەوەى هەواڵ و دیکۆمێنتارى، ڕاستى کارى ئەو باندە مەترسیدارانەى سوپاى پاسداران و وەزارەتى ئیتلاعاتیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ناوەندە هەواڵییەکانى خۆیان بڵاو کردەوە و هەوڵیان دا خەڵکى لەمەڕ ئەم پیلانە هۆشیار بکەنەوە، چونکە "ئامانجى وەزارەت و سوپا، شکاندنی کەسایەتی تاکی کوردە و دەیانهەوێ لە ڕیگەی چاولەبەرکردنی منداڵانی کورد تەمەنی نیزامەکەیان درێژ بکەنەوە".

ئاڤاتودەی ناو و ناوبانگی ژمارەیەک لەو کەسانەی لایە کە سەرقاڵى وردەکارى زیاترە لەبارەیانەوە و لە ئایندەدا بڵاویان دەکاتەوە.