بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

چەند بنکەیەکی ڕادار و سەربازی لە ئیلام و سنە بۆردوومان کران

چەند بنکەیەکی ڕادار و سەربازی لە ئیلام و سنە بۆردوومان کران
posted onJuly 22, 2026
noبۆچوون

چەند ناوچەیەکی سەربازی و بنکەی ڕادار لە پارێزگاکانی ئیلام و سنە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرانە ئامانج و زیانی ماددییان پێگەیشت؛ بەرپرسێکی ناوچەکەش دەڵێت هێرشەکان لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە ئەنجامدراون.

بەهزاد نوورمحەممەدی، قایمقامی ئاودانان لە پارێزگای ئیلام ڕایگەیاند، هێزەکانی ئەمریکا بە دوو مووشەک بەرزاییەکانی "دینارکێو"یان پێکاوە. بەگوتەی ئەو بەرپرسە، هێرشەکە دامەزراوەکانی ئەو ناوچەیەی کردووەتە ئامانج، بەڵام تەنیا زیانی ماددی لێکەوتووەتەوە و هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.

هاوکات لە پارێزگای سنە، سەرچاوە خۆجێییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لە دوو شەوی ڕابردوودا دوو بنکەی سەربازی لە سنووری شاری بانە کراونەتە ئامانج. یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکان بنکەیەکی گرنگی ڕادار بووە لە شاخی "وەزەنێ" لە نزیک گوندی ساوان، کە بەهۆی توندی هێرشەکەوە تا درەنگانی شەو ئاگری لێ بەرزبووەتەوە.

ئەو شوێنانەی لە سنووری بانە بۆردوومان کراون، بە ناوەندی سەرەکیی ڕادارەکانی سوپای پاسداران و سوپای ئێران دادەنرێن، کە تێیاندا دەکەڵەکانی پەیوەندی و هێڵی ئینتەرنێتی ناوچەکە جێگیر کراون. جگە لە شاخی وەزەنێ، کێوی "گاکڕ" لە گوندی بڵەسەن کە بنکەیەکی دیکەی ڕاداری لێیە، کراوەتە ئامانج.

ئەمە یەکەمجار نییە ئەو ناوچانە دەکرێنە ئامانج؛ بنکە سەربازییەکانی سنووری بانە و بەرزاییەکانی دینارکێو لە پارێزگای ئیلام، پێشتریش چەندین جار ڕووبەڕووی بۆردوومان و هێرشی هاوشێوە بوونەتەوە.