فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران، حکومەتی ئەمریکای بە "ڕەفتاری جیاکاری" و نادادپەروەرانە تۆمەتبار کرد، دوای ئەوەی واشنتن ڕەزامەندیی نیشان نەدا لەسەر پێدانی ڤیزا بۆ بەشێکی زۆر لە شاندی بەڕێوەبەری و کارگێڕیی تیمی نیشتمانیی وڵاتەکە.
12 ئەندامی شاندەکەی ئێران بۆ جامی جیهانی ڤیزایان بۆ دەرنەکراوە، لەوانە مەهدی تاج، سەرۆکی فیدراسیۆن، مەهدی محەممەد نەبی، جێگری سەرۆک و هیدایەت مەمبینی، سکرتێری گشتی؛ هەروەها بەرپرسانی ئەمنی و میدیایی تیمەکەش بێبەش کراون.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ڕوونکردنەوەیەکدا ڕایگەیاند، تەنیا بۆ یاریزانان و "هاوەڵە پێویستەکان" ڤیزا دەرکراوە. واشنتن بە توندی هۆکارەکەی بۆ پرسی ئەمنی گەڕاندەوە و ڕایگەیاند: "ڕێگە نادەین ئێران سوود لە سیستەمەکە وەربگرێت بۆ ئەوەی تیرۆریستان بە بەرگی جیاوازەوە بنێرێتە ناو خاکی ویلایەتە یەکگرتووەکان".