بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

نامەی زیندانییەکی سیاسی کەمئەندامی یارسان: چیرۆکی ئەشکەنجە و گوشاری دەروونی و ڕاگیران لە دۆخی نامرۆڤانە

نامەی زیندانییەکی سیاسی کەمئەندامی یارسان: چیرۆکی ئەشکەنجە و گوشاری دەروونی و ڕاگیران لە دۆخی نامرۆڤانە
posted onDecember 31, 2025
noبۆچوون

دادگایەکی کۆماری ئیسلامیی ئێران، سزای لەسێدارەدانی بەسەر هاووڵاتییەکی تورکی یارساندا سەپاند بە تۆمەتی "سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل". ئەو هاووڵاتییە کە خاوەن پێداویستیی تایبەتە، لە نامەیەکدا لەنێو زیندانەوە ڕایگەیاندووە کە لەژێر ئەشکەنجەدا دانپێدانانی زۆرەملێی لێ وەرگیراوە.
یەعقووب کەریمپوور، تەمەن ٤١ ساڵ و دەرچووی بەشی یاسا، لە نامەیەکدا کە لە زیندانی ناوەندیی ورمێوە ڕەوانەی کردووە، وردەکاریی دەستبەسەرکردن و دادگاییکردنەکەی ئاشکرا کردووە. ئەو ئاماژەی بەوە کردووە کە بۆ ماوەی زیاتر لە دوو مانگ لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ، لە "دۆخێکی نامرۆڤانەدا" ڕاگیراوە و ڕووبەڕووی ئەشکەنجەی سەختی جەستەیی و دەروونی بووەتەوە.
کەریمپوور کە خەڵکی شاری میاندواوە، ل٢٦ی جۆزەردانی ١٤٠٤ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا. بەپێی گێڕانەوەی خۆی، ئامانجی ئەشکەنجەدانەکەی وەرگرتنی دانپێدانان بووە لەسەر "هاوکاریکردن لەگەڵ مووساد و گواستنەوەی زانیاری".

دادگاییکردنێکی کورت و بێ پارێزەر
ئەم هاووڵاتییە لە نامەکەیدا کە تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان بڵاوی کردووەتەوە، نووسیویەتی، دانیشتنی دادگاکەی لە مانگی تشرینی دووەمی ڕابردوو لە لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ورمێ، تەنیا ١٥ خولەکی خایاندووە و لە ڕێگەی "ڤیدیۆکۆنفرانس"ەوە بەڕێوە چووە. ناوبراو جەختی کردووەتەوە کە مافی وەرگرتنی پارێزەری لێ زەوت کراوە و دادوەر بە تۆمەتی "افساد فی الارض" سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاندووە.
کەریمپوور کە بەهۆی نەشتەرگەریی بڕبڕەی پشت و سییەکانەوە کەمئەندامییەکی سەختی هەیە و لەژێر چاودێریی ڕێکخراوی بێهزیستی ئێراندایە، دەڵێت: "لێپرسەرەکان بڕینی دەرمانە پێویستەکانیان وەک ئامرازێکی گوشار بۆ وەرگرتنی دانپێدانان بەکار هێناوە."

"تۆمەتەکان هەڵبەستراون"
ئەو بەندکراوە لە بەشێکی نامەکەیدا هەموو تۆمەتەکان ڕەت دەکاتەوە و دەڵێت: "من هیچ کات لە ناوەندە دەوڵەتی و سەربازییەکان کارم نەکردووە، چۆن دەستم بە زانیاریی نهێنی گەیشتووە؟" هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە بەرپرسانی ئەمنی دەیانەوێ "کەموکورتییەکانی خۆیان لە پاراستنی زانا و بەرپرسانیان" بخەنە ئەستۆی خەڵکی ئاسایی.
سەبارەت بە گوشارەکان، کەریمپوور ئاشکرای کردووە کە هاوسەرەکەشی دەستبەسەر کراوە و لەژێر هەڕەشەی ئەشکەنجەدانی هاوسەرەکەیدا، ناچار کراوە واژۆ لەسەر چەندین وتەی ناڕاست بکات.

پێشێلکارییە یاساییەکان
یەعقووب کەریمپوور لیستێکی درێژ لە پێشێلکارییە یاساییەکانی دۆسیەکەی خستووەتە ڕوو، لەوانە:
لێپرسینەوە بە چاوی بەستراوەوە.
ڕێگری لە ئامادەبوونی پارێزەر.
گۆڕینی تۆمەتەکە لە ڕۆژی دادگاییکردندا.
پشتگوێخستنی بەڵگەکانی پەیوەست بە ئەشکەنجەدرانی.
ئێستا ئەم هاووڵاتییە لە زیندانی ورمێ لە دۆخێکی تەندروستیی خراپدایە و بەهۆی کەمئەندامییەکەیەوە بۆ ڕاپەڕاندنی کارە سەرەتاییەکانی ڕۆژانەی، پشت بە زیندانیانی دیکە دەبەستێت. تاوەکو ئێستا لایەنە فەرمییەکانی ئێران هیچ کۆمێنتێکیان لەسەر ناوەڕۆکی نامەی ئەم زیندانییە نەداوە.