بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

جێگری سەرۆکی ئەمریکا: ئەگەر ئێران ئاسایی رەفتار بکات، رێککەوتنەکە بۆ کوردیش زۆر باش دەبێت

جێگری سەرۆکی ئەمریکا: ئەگەر ئێران ئاسایی رەفتار بکات، رێککەوتنەکە بۆ کوردیش زۆر باش دەبێت
posted onJune 19, 2026
noبۆچوون

جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت ئەگەر ئێران بە رێککەوتنەکە پابەند بێت سوودی بۆ کوردیش دەبێت، ڕێککەوتنەکە ئێران ناچار دەکات وەک وڵاتێکی ئاسایی ڕەفتار بکات.

دوای چوار مانگ لە شەڕ و ململانێ، ئەمڕۆ بەفەرمی ڕێککەوتنی ئاشتی نێوان ئێران و ئەمریکا واژۆ کرا، یەکێک لە خاڵەکانی ڕێککەوتنەکە ڕاگرتنی شەڕە لە هەموو بەرەکانەوە بە لوبنانیشەوە.

ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا جەی دی ڤانس قسەی کردووە، وەڵامی پرسیارێکی داوەتەوە لەبارەی ئەوەی ئایا دوای ڕێککەوتنەکە داوا لە ئێران دەکرێت هێرشەکانی بوەستێنێت بۆ سەر حزبەکانی ڕۆژهەڵات لە هەرێمی کوردستان، هەروەها ئایا ئەم ڕێککەوتنە کاریگەری دەبێت لەسەر میلیشیاکانی عێراق.

لە وەڵامدا جێگری سەرۆک ترەمپ دەڵێت: ڕێککەوتنی نوێی نێوان واشنتن و تاران، کۆماری ئیسلامیی ئێران ناچار دەکات وەک وڵاتێکی ئاسایی ڕەفتار بکات و کۆتایی بە هەڕەشەکانی بهێنێت، ئەگەر وا نەکات ئەوا هیچ سوودێکی ئابووری دەست ناکەوێت.

٠ سەرکەوتنی ئەم پڕۆسەیە لە بەرژەوەندیی گەلی کورد و تەواوی ناوچەکەدا دەبێت. ئەگەر ئێران بە ڕێککەوتنەکە پابەند بێت ئەوا شتێکی زۆر باش دەبێت بۆ هەموو کەسێک، شتێکی زۆر باش دەبێت بۆ کورد، شتێکی زۆر باش دەبێت بۆ هەر کەسێک کە لەژێر بارگرانی یان هەڕەشەی ئەو ڕێکخراوە تیرۆرستیانەدا بوون کە ئێران پشتیوانییان دەکات.

٠ چاوەڕوانییەکە ئەوەیە کە ئێران لەو کارانەی بوەستێت، ئەگەر نەوەستێت، ئەوا هیچ سوودێکی ڕێککەوتنەکەیان دەست ناکەوێت.