بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

تەرمی دوو هاونیشتمانی لەژێر هەرەسی بەفر لە سەردەشت دۆزرانەوە

تەرمی دوو هاونیشتمانی لەژێر هەرەسی بەفر لە سەردەشت دۆزرانەوە
posted onDecember 28, 2025
noبۆچوون

تیمەکانی فریاگوزاری لە سنووری شارۆچکەی میراوێ لە سەردەشت، کۆتاییهاتنی ئۆپەراسیۆنی گەڕان و پشکنینیان بۆ چوار هاونیشتمانی ڕاگەیاند کە بەهۆی هەرەسی بەفرەوە بێسەروشوێن ببوون؛ لە ئەنجامدا تەرمی دوو کەس دۆزرایەوە و دووانی دیکەش بە زیندوویی ڕزگارکران.
بەربەیانی ڕۆژی شەممە لە نزیک گوندی "ئاڵیەمەڕان"ی سەر بە شارۆچکەی میراوێ لە ناوچەی سەردەشت، ڕنووی بەفر بە چوار هاونیشتمانیدا هاتە خوارەوە کە مەڕوماڵاتیان پێبووە.
دوای چەندین کاتژمێر گەڕانی تیمەکانی مانگی سووری سەردەشت بە هاوکاریی دانیشتووانی گوندەکانی دەوروبەر، تەرمی (ڕەسوڵ خزری) خەڵکی پیرانشار و (خەسرەو حەمزەپوور) خەڵکی گوندی دۆڵەگەرمی سەردەشت لەژێر بەفرەکە دەرهێنران.
سەرچاوە خۆجێییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، هەر لەو ڕووداوەدا دوو کەس بە زیندوویی ڕزگارکراون، بەڵام دۆخی تەندروستیی یەکێکیان "ناجێگیرە" و بۆ وەرگرتنی چارەسەر گوازراوەتەوە بۆ ناوەندە پزیشکییەکان.
بەپێی زانیارییەکان، ئەو چوار هاونیشتمانییە ویستوویانە مەڕوماڵاتەکانیان بەرەو باشووری کوردستان بگوازنەوە، بەڵام لە کاتی هەرەسەکەدا بەشێکی زۆری مەڕەکانیان تیاچوون و ئەوانەشی ڕزگارکراون، گواستراونەتەوە بۆ نێو گوندی ئاڵیەمەڕان.