بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

دووەمین شکستى کۆماری ئیسلامی بۆ هەڵدانی موشەک

دووەمین شکستى کۆماری ئیسلامی بۆ هەڵدانی موشەک
دیمەنە ئاسمانییەکان نیشان دەدەن کۆماری ئیسلامی جارێکی دیکە هەوڵی داوە مانگى دەستکردن بێنێرێتە ئاسمان
posted onFebruary 7, 2019
noبۆچوون


ئەسۆشیتدپرێس و ڕادیۆ ئاڵمان بڵاویان کردۆتەوە وێنە نێردراوەکانى مانگى دەستکردەکان نیشان دەدەن کۆماری ئیسلامی جارێکی دیکە هەوڵی داوە موشەک بنێرێتە بۆشایی ئاسمان بەڵام سەرکەوتنی بەدەست نەهێناوە. ئەمریکا سەبارەت بە تاقیکاری پێشووی موشەکی کۆماری ئیسلامی گووتبوی ئێران هەوڵ دەدات موشەکی مەترسیدار بەرهەم بێنێت.

 

لەو دیمەنانەى مانگى دەستکرد کە دیجیتاڵ گڵاب، کە کۆمپانیایەکە لە کۆلۆڕادۆی ئەمریکا داویەتی بە دەست ئەسۆشیتدپرێس دیمەنی ئاسمانی ناوەندی فەزایی خومەینی دەبیندرێت. ئەسۆشیتدپرێس دەڵێ لە دیمەنی یەکەمدا موشەکێک لە نێو شوێنی هەڵدانی موشەکدا هەیە لە کاتێکدا لە دیمەنەکانی دیکەدا بوونی نییە.  لە درێژەدا هاتووە "بەڵام ئاسەواری سووتان و ئاگرکەوتنەوە لە دەوراندەوری ناوەندەکە دەبینرێت.

ڕادیۆ پی.ئار دەڵێ "دیمەنی ناوەندێکی توێژینەوە لە سانفڕانسیسکۆ نیشانی دەدات کۆماری ئیسلامی بە شێوەیەکی ناسەرکەوتوو موشەکی هەڵداوە". ئێن.پی.ئاڕ لە زمانی مایک ئالمان یەکێک لە توێژەرانی "ئەنستیتۆی نێودەوڵەتی توێژینەوەی ڕاهبوردی" دەڵێ دیمەنەکان نیشان دەدەن موشەکەکە بۆ ماوەیەک درێژەی بە ڕۆشتنی خۆی داوە و دواتر کەوتۆتە خوارەوە.

دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران هیچ زانیارییەکیان سەبارەت بە تاقیکردنەوە یان هەڵدانی موشەک بڵاو نەکردووتەوە و تا ئیستا هیچ کاردانەوەیەکیشیان بەو هەواڵانەی بڵاوبووەتەوە نەداوە.