بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

یەحیا کوبەیسى، ڕاوێژکارى ناوەندی عەرەبی بۆ ئاڤاتودەى: دەرکردنى هێزەکانى ئەمریکا لەعێراق پڕۆپاگەندەیە

یەحیا کوبەیسى، ڕاوێژکارى ناوەندی عەرەبی بۆ ئاڤاتودەى: دەرکردنى هێزەکانى ئەمریکا لەعێراق پڕۆپاگەندەیە
posted onFebruary 6, 2019
noبۆچوون

 

پسپۆرێکى عێراقی ئاشکراى دەکات "کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکا هیچ گفتوگۆییەکى واقیعی هەڵناگرێت"، هۆکارەکەشى بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە کە تا ئێستا هێزە سەربازییەکانى عێراق لە ئامادەباشیدا نین و، پێویستیان بە هاریکارى هێزە بیانییەکان هەیە.

 

دکتۆر یەحیا کوبەیسى، ڕاوێژکارى ناوەندی عەرەبی بۆ توێژینەوە لەلێدوانێکى بۆ تۆڕی میدیایی ئاڤاتودەى لە عەممانەوە ڕایگەیاند "مانەوەى هێزەکانى ئەمریکا لەعێراق پەیوەندی بەلێهاتوو و بۆچوونەکان نییە، بەڵکو وابەستەیە بە شیکردنەوەى ستراتیژی هێزەکانى عێراقە بۆ قەبارەى هەڕەشەکان کە تا وەکو ئێستاش داعش دروستى دەکات، و هەروەها کۆمەڵێک هۆکارى دیکەش هەیە".

گووتیشى "بەبۆچوونى تایبەتى خۆم، هێشتا عێراق پێویستى بەمانەوەى هێزەکانى ئەمریکا و هێزە بیانییەکانى دیکە هەیە لە خاکەکەى، نەک تەنها بۆ مەبەستى ڕاهێنان وەک بانگەشەکەى حکومەت، گرنگیی ئەو هێزانەش هاوکاتە لەگەڵ نەبوونى ئیمکانیاتى هێزە سەربازییە عێراقییەکان بۆ ڕاپەراندنى کارەکانی.

کوبەیسى ئاماژەى بەوەش دا "دەبێ ئەوەمان لەبیر بێت دوو ڕۆژ پێش ئێستا حکومەتى عێراق بەشێوەیەکى فەرمیی داواى لەویلایەتە یەکگرتووەکان کردووە، بۆ ئەوەى هێرشى ئاسمانى لە باکووری مەکفول ئەنجام بدەن، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت عێراق تواناى ئەنجامدانى ئۆپەراسیۆنى هاوشێوەى نییە".

بەشێک لەفراکسیۆنە نزیکەکانى کۆمارى ئیسلامى ئێران لەنێو ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق لە هەوڵى ئەوەدان، پرۆژە یاسایەک لە پەرلەمانى وڵاتەکەیان دەربکەن، هێزە بیانیەکان لەسەرووى هەموویانەوەش هێزە سەربازییەکانى ئەمریکا تا ٢٠٢٢ خاکی عێراق چۆڵ بکەن".

کوبەیسى ١

پسپۆڕە عێراقییەکە باسى لەوەش کرد "پێویستە چوارچێوەیەکى یاسایی هەبێت مانەوەى ئەو هێزانە ڕێک بخات، چونکە لەدواى کۆتایی هاتنى ڕێکەوتننامە ئەمنییەکەى بەغداو واشنتۆن لە ٢٠٠٨، لە ٣١ کانوونى یەکەمى ٢٠١١ کۆتایی هاتووە، کەئێستا ئەو چوارچێوە یاساییە نییە".

لەسەروبەندی هەڵبژاردنى سەرۆکایەتى ئەمریکا، جۆرج بوشی کوڕ لەگەڵ حکومەتى پێشووترى بەغدا لەدواى کشانەوەى هێزەکانیان لە خاکی عێراق ڕێککەوتننامەیەکى هاوبەشیان واژوو کرد، بۆ ئەوەى واشنتۆن لەکاتى پێویستدا پاڵپشتى و یارمەتی عێراق بدات. بەو هۆیەوەش لەدواى ڕووداوەکانى حوزەیرانى ٢٠١٤، کاتێک داعش زۆربەى شارەکانى باکوورى ڕۆژاواى عێراقی داگیر کرد، ویلایەتە یەکگرتووەکان بەهەماهەنگی زۆربەى وڵاتانى جیهان هاوپەیمانییەکى نێودەوڵەتییان دژى ئەو گرووپە دروست کرد و، دووبارە هێزەکانیان لەعێراق جێگیر کردەوە.

بە پێی ئامارە فەرمییەکانى واشنتۆن نزیکەى پێنج هەزار سەربازی ئەمەریکى لەناوچەکانى ئەنبارو موسڵ و هەولێر جێگیر کراون، کەبەگووتەى حکومەت ئەرکیان ڕاهێنان و مەشقکردنى هێزە سەربازییەکانى عێراقە. کوبەیسى لەبارەى چوارچێوەى یاسایی ئەو هێزانە ئاشکراى دەکات "لێرەوە کێشەکان دروست بوونە، کەهیچ چوارچێوەیەکى یاسایی نییە بۆ ڕێکخستنەوەى کارى هێزە بیانییەکان لەخاکی عێراق، ئەمەش لە داهاتوو کێشەى دیکەو گەورەتر دروست دەکات". پێی وایە "پێویستە عێراق ڕێککەوتننامەیەکى ڕوون و ئاشکرا لەو بارەیەوە واژوو بکات".

کوبەیسى ٢

لەبارەى ئامادە کردنى یاسایەک بۆ دەرکردنى هێزە بیانییەکان، جەخت لەوە دەکاتەوە "هەوڵەکانى داڕشتنى یاسایەک بۆ دەرکردنى هێزە بیانیەکان لەنێویاندا ئەمەریکییەکان لەعێراق، پەیوەندیی بەکۆمەڵێک پرسەوە هەیە، یەکەمیان میللیگەرییە، بۆ ڕاکێشانى خەڵکە سادەو ساکارەکان، پاشانیش پەیوەندیی، هەندێکی دیکەشیان بابەتێکى ئایدەلۆژییەو باوەڕی بەبابەتی کەیسەکە نییە، هەموو ئەمانەش پرۆپاگەندەیەو ناگاتە بابەتێکى یەکلایی کەرەوەو، یاسایەک لەو بوارە بەتایبەت بۆ دەرکردنى هێزە بیانییەکان لەعێراق بەو شێوەیە باس دەکرێت ڕوو نادەن".

ئەو لایانانەش هەوڵى کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکا لەخاکەکەیان دەدەن، فراکسیۆنى عەسائیبی ئەهلی حەقە، کە لە لایەن قەیس خەزعەلییەوە ڕابەرایەتى دەکرێت و، بەپیاوى متمانەپێکراوى تاران دادەنرێت و، بڕیارەکانى ئێران لەلایەن قاسم سولەیمانى، فەرماندەى سوپاى قودسەوە بەدەست دەکات.