
شۆرای ڕێکخراوە مەدەنییەکانی مەریوان لە ڕاگەیەنراوێکی هاوبەشدا، بە توندی ئیدانەی بڕیاری دەرکردن و سزادانی ژمارەیەک مامۆستای چالاکی سەندیکایی لە کوردستانی کرد و ئەو هەنگاوانەی بە "ستەمکارانە و نادادپەروەرانە" ناوبرد. شۆراکە داوای هەڵوەشاندنەوەی دەستبەجێی سەرجەم سزا نایاساییەکان و گەڕاندنەوەی شکۆ و مافی ئەو مامۆستایانەی کرد.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە کە لە کاتێکدا ئێران بەدەست قەیرانی قووڵی ئابووری، کۆمەڵایەتی و ژێرخانییەوە دەناڵێنێت، حکومەت لەبری چارەسەرکردنی کێشەکان، وزەی خۆی بۆ "سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییە مەدەنییەکان و ئەمنیەتی کردنی چالاکییە سەندیکاییەکان" تەرخان کردووە.
خاڵی جەوهەریی ناڕەزایەتییەکە، ئەو حوکمە قورسانەیە کە بەرامبەر بە ١٦ مامۆستای دیاری کوردستان دەرکراوە. شۆراکە ئاماژەی بەوە کردووە کە سزاکانی وەک دەرکردن، دوورخستنەوە، کۆتاییهێنان بە خزمەت و خانەنشینکردنی زۆرەملێ، بەڵگەی لاوازی و بێتوانایی بەرپرسانی پەروەردەیە لە چارەسەرکردنی کێشەکان.
ناوی ئەو مامۆستایانەی وەک قوربانیی ئەم سیاسەتە لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتوون بریتین لە:
مەجید کەریمی، غیاس نێعمەتی، کاوە محەمەدزادە، ئومێد شامحەمەدی، هیوا قوڕەیشی، پەرویز ئەحسەنی، جەهانگیر بەهمەنی، نەسرین کەریمی، لەیلا زارعی، سلێمان عەبدی، لۆقمان اللەمورادی، سەڵاح حاجیمیرزائی، شەهرام کەریمی، لەیلا سەلیمی، فەیسەڵ نووری و سومەییە ئەختەرشومار.
شۆرای ڕێکخراوە مەدەنییەکان جەختی لەسەر ڕۆڵی مێژوویی و پێشەنگی مامۆستایانی کوردستان کردووەتەوە کە "نەک هەر پەروەردەکاری نەوەی نوێن، بەڵکو پێشەنگی ئازادیخوازی و دادپەروەرین و هەمیشە قوتابیانیان بە چەمکەکانی ئازادی و دادپەروەری ئاشنا کردووە."
لە کۆتاییدا، شۆراکە پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ مامۆستایان و چالاکییە مەدەنی و سەندیکاییەکانیان دووپات کردەوە و هۆشداریی دا کە "کۆمەڵگای مەدەنیی کوردستان هەستیارە بەرامبەر بەم ڕووداوە و ئەم هەستیارییە تەنها کاتێک نامێنێت کە هەموو فەرمانەکان هەڵبوەشێنرێنەوە و مامۆستایانی دەرکراو بگەڕێندرێنەوە بۆ شوێنی شیاوی خۆیان لە قوتابخانەکان."
شایەنی باسە، ئەم شۆرایە لە هەشت ڕێکخراوی دیاری مەدەنی و فەرهەنگیی مەریوان پێکدێت، لەوانە ئەنجومەنی سەوزی چیا، ناوەندی فەرهەنگیی هونەریی ڤەژین و ئەنجومەنی پیشەیی کرێکارانی بیناسازیی مەریوان و سەوڵاوا.