
پۆلیسی بەریتانیا رایگەیاند لە دوو ئۆپەراسیۆنی جیاوازی دژەتیرۆردا هەشت کەسیان دەستگیرکردووە، کە حەوت کەسیان هاووڵاتیی ئێرانن.
پۆلیسی لەندەن ئاشکرای کرد کە پێنج کەس ڕۆژی شەممە لە چەند شوێنێکی جیاوازی ئینگلتەرا، لە چوارچێوەی هەڵمەتێکی "پێشتر پلان بۆ داڕێژراو"دا دەستگیرکراون. دەستگیرکردنەکە پەیوەندی بە پلانێکەوە هەبووە بۆ "کردنەئامانجی شوێنێکی دیاریکراو".
لەو پێنج کەسە، چواریان بەپێی یاسای دژەتیرۆر و پێنجەم کەسیش بەپێی بەڵگەی تاوانکاری دەستگیرکراوە، بەڵام هەر پێنج کەسەکە بە گومانی ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی کردەوەیەکی "تیرۆریستی" دەستبەسەرکراون.
لە ئۆپەراسیۆنێکی جیاوازدا، پۆلیسی مەترۆپۆلیتان ڕایگەیاند کە سێ پیاوی دیکە، کە هەرسێکیان هاووڵاتیی ئێرانن و تەمەنیان ٣٩، ٤٤ و ٥٥ ساڵە، ڕۆژی شەممە لە لەندەن دەستگیرکراون.
شەش مانگ لەمەوبەر، کێن مەککاڵم، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری و ئاسایشی ناوخۆی بەریتانیا (MI5)، لە کۆبوونەوەیەکدا ڕووسیا و ئێرانی بە "ئامادەکردنی پلانی بەرفراوان بۆ تیرۆرکردن و کاری تێکدەرانە" لە بەریتانیا تۆمەتبار کردبوو.
ناوبراو ئەوکات گوتبووی کە MI5 لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا ٢٠ پیلانی ئێرانی لە خاکی بەریتانیادا پووچەڵ کردووەتەوە. ئێران ئەو تۆمەتانە بە توندی ڕەت دەکاتەوە.