بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

نیگەرانیی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە پەرەسەندنی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە جیهان و بە تایبەت لە ئێران

ئێران
posted onApril 29, 2025
noبۆچوون

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا کە بەرەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە ٢٩ی بانەمەڕ بڵاو کراوەتەوە، نیگەرانیی خۆی لە پەرەسەندنی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە جیهان و بە تایبەت لە ئێران دەربڕی.

لە ڕاپۆرتەکەدا باس لەوە کراوە کە لە ساڵی ٢٠٢٤دا دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئازادییە بنەڕەتییەکانی وەک ئازادی ڕادەربڕین، پێکهێنانی ئەنجومەن و بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی ئاشتییانەیان سەرکوت کرد و بە هەڵاواردنی سیستماتیک لە دژی ژنان، کچان، کەمینە ڕەگەزی و جێندەرییەکان، کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکان پێشێلکاریی بەربڵاوی مافی مرۆڤیان ئەنجام داوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا دەسەڵاتدارانی ئێران سەرکوتەکانیان دژی دژبەرانی حیجابی زۆرەملێ چڕتر کردووەتەوە، توندوتیژی زیاتریان بەرامبەر بە کۆمەڵگەی بەهایی و پەنابەرانی ئەفغانی زیاتر کردووەتەوە و بە شێوەی سەرەڕۆیانە هەزاران کەسیان دەسبەسەر کردووە.

ئەو ڕێکخراوە ئاماژەی بەوەش کردووە، دادگاکانی ئێران هەروا بە شێوەیەکی سیستماتیکی نادادپەروەرانە بەڕێوە دەچن و بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ و هەڵسوکەوتی دڕندانە درێژەی هەبووە.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی هەروەها ڕایگەیاند کە دەسەڵاتدارانی ئێران لە بەکارهێنانی سزای توندی وەک لێدان و و بڕینەوەی ئەندامی جەستە و لە جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان ڕێوشوێنی سەرەڕۆیانەیان بەکارهێناوە.

بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکە باس لەوە دەکات کە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لە ساڵی ڕابردوودا بەشێوەیەکی بەرفراوان لە سانسۆرکردنی میدیاکان و پەکخستنی کاناڵە ماهوارەییەکان و فیلتێرکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەردەوام بوون و هەموو لایەنە سەربەخۆکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و سەندیکاکانیش قەدەغە بوون.

ڕاپۆرتی ساڵانەی ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی کە بەدواداچوون بۆ بارودۆخی مافی مرۆڤ لە ١٥٠ وڵاتی جیهان دەکات، جگە لە ئێران، وێنەیەکی تاریکیشی لە دۆخی جیهان خستووەتە ڕوو و بەنیسبەت قەیرانی بێوێنە لە بواری مافی مرۆڤدا هۆشداری داوە.