بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

دادگایەکی پارێزگای ئیلام سزای قورسی بەسەر ژمارەیەک ناڕازیی دژ بە بێکاریدا سەپاند

مێران ئیلام
AvaToday caption
posted onApril 28, 2025
noبۆچوون

دادگای تاوانەکانی شاری مێران لە پارێزگای ئیلام، سزای قورسی بەسەر ژمارەیەک هاووڵاتیی ئەو شارەدا سەپاند کە دژی بێکاری و نەبوونی هەلی کار ناڕەزایەتییان دەربڕیبوو و داوای دامەزراندنیان لە دامەزراوە نەوتییەکانی ناوچەکە دەکرد.

کۆمەڵێک لە دانیشتووانی مێران، هاوینی ساڵی ١٤٠٠ی هەتاوی، دوو جار رێگای کۆمپانیای نەوتی شارەکەیان داخست، بەڵام گوێیان لێ نەگیرا. هەر بۆیە، رۆژی ١ی خەرمانانی هەمان ساڵ، رێگای سەرەکیی مێران-دێلۆرانیان داخست و رووبەڕووی هێزەکانی پۆلیس بوونەوە.

بەگوێرەی زانیاریی سەرچاوەیەک لە مێرانەوە، ٧١٥ کرێکاری ناخۆجێی (غەیرە بومی) لە کۆمپانیای نەوتەکەدا کار دەکەن، لە کاتێکدا خەڵکی مێران تەنیا ئاگر و دووکەڵەکەیان بەردەکەوێت.

دادگای تاوانەکانی مێران لە ڕێکەوتی ٥ی بانەمەڕی ١٤٠٤ی هەتاوی، ١٠ کەس لەو هاووڵاتییە ناڕازییانەی بە تۆمەتەکانی "تێکدانی ئاسایشی گشتی"، "زیانگەیاندن بە موڵکی گشتی و تایبەت"، "سەرپێچیکردن لە فەرمانی پۆلیس"، "هێزنیشاندان (هەڕەشەکردن) بە چەقۆ" و "هاندانی خەڵک بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی" تۆمەتبار کرد و سزای قورسی زیندانیکردن و لێدانی قامچیی بەسەردا سەپاندن.

وردەکاریی سزاکان بەم شێوەیەن:

محەممەد چەتربەسەر، موجتەبا کەریمی، بێهزاد کناریوەند، سەعید ئاسارە و رەزا سەیدی: بە تۆمەتی "بەشداریی راستەوخۆ لە تێکدانی ئاسایشی گشتی" هەر یەکەیان ٦ مانگ زیندان، و بە تۆمەتی "زیانگەیاندن بە ئۆتۆمبێلی پۆلیس" ٩ مانگ زیندان.

موجتەبا باباخانی: بە تۆمەتی "بەشداریی لە تێکدانی ئاسایشی گشتی"، سزای ٦ مانگ زیندان و ٣٦ قامچیی بەسەردا سەپێنرا.

مالک ئاژیدە: بە تۆمەتی "بەشداریی لە تێکدانی ئاسایشی گشتی" سزای یەک ساڵ زیندان و ٣٦ قامچی، بە تۆمەتی "زیانگەیاندن بە موڵکی گشتی و ئۆتۆمبێلی پۆلیس" سزای ٣ مانگ و رۆژێک زیندان، و بە تۆمەتی "گوێنەدان (سەرپێچی) لە فەرمانی پۆلیس" سزای ٦ مانگ زیندانی بۆ بڕایەوە.

موستەفا بورجی و میلاد کەریمی: بە تۆمەتی "بەشداریی لە تێکدانی ئاسایشی گشتی" هەر یەکەیان سزای یەک ساڵ زیندان و بە تۆمەتی "بانگەوازکردن بۆ ناڕەزایەتی لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە" سزای ٣ مانگ و رۆژێک زیندانیان بەسەردا سەپێنرا.

سەجاد ئومیدی: بە تۆمەتی "تێکدانی ئاسایشی گشتی" سزای ساڵ و نیوێک زیندان و ٧٤ قامچی، و بە تۆمەتی "سەرپێچیکردن لە فەرمانی پۆلیس" سزای ٨ مانگ زیندانی بۆ دەرچوو.

سزادراوان دەتوانن لە ماوەی ٢٠ ڕۆژدا لە دادگاکانی تێهەڵچوونەوەی پارێزگای ئیلام، داوای پێداچوونەوە بە سزاکانیاندا بکەن.

هەروەها هەریەک لە ئەفشین شیری نیا، شوجاع باباخانی، مەهدی کەریمی، جاسم تاتورە، میلاد سەیدی، جەمیل شەمسوڵاهی، سابر عەبدی، یەزدان بەچەتاووس و ئەحەد مەڵگشای پێشتر بە شێوەیەکی کاتی و بە دانانی بارمتە ئازاد کراون، بەڵام ئەوانیش رووبەڕووی تۆمەتەکانی "تێکدانی ئاسایشی گشتی"، "بانگەوازکردن بۆ ناڕەزایەتی" و "زیانگەیاندن بە موڵکی گشتی" بوونەتەوە و دۆسیەکانیان هێشتا کراوەیە.