
ئاهەنگی نەورۆز لە شاری ورمێ سەرەڕای هەوڵەکانی ڕێگری دامودەزگا حکومییەکان، بە بەشدارییەکی بەرچاوی خەڵک بەڕێوەچوو. بەڕێوەبەرانی ئاهەنگەکە هەوڵیاندا ئاهەنگەکە بە سیمبۆلە نەتەوەییە کوردییەکان و بەدوور لە کاریگەرییە حکومییەکان ڕێکبخەن.
بەگوێرەی زانیارییەکان، ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ هەوڵیداوە چەند مەرجێک بسەپێنێت، لەوانە دەستپێکردنی ئاهەنگەکە بە سروودی نیشتمانیی ئێران، جیاکردنەوەی ژنان و پیاوان، هەروەها قەدەغەکردنی دروشم، ئاڵا، گۆرانی نیشتمانیی کوردی و جلوبەرگی کوردی. سەرەڕای ئەمەش، دوانیوەڕۆی سێشەممە، هەزاران کەس ڕوویان لە شوێنی ئاهەنگەکە کرد و بە جۆش و خرۆشەوە بەشدارییان کرد، بڕیارنامەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتیان ڕەچاو نەکرد.
هاوکات لەگەڵ ورمێ، لە زۆر ناوچەی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک سەقز، سەردەشت، مەریوان، پیرانشار و نەغەدە، ئاهەنگی نەورۆز بە پێشوازییەکی گەرم بەڕێوەچوو.