
حکومەتی بریتانیا رایگەیاند هەر کەسێک بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران یان بە نوێنەرایەتی ئەو لەو وڵاتەدا کار بکات، دەبێت بە شێوەیەکی فەرمی بوونی خۆی تۆمار بکات، ئەگینا تا پێنج ساڵ زیندانی دەکرێت.
جان جارویس، وەزیری ئاسایشی بەریتانیا، رۆژی سێشەممە ١٤ی رەشەمە راگەیاند کۆماری ئیسلامی، لەوانە دەزگا هەواڵگرییەکانی سوپای پاسداران و وەزارەتی ئیتلاعات، لە ریزبەندی "پێشکەوتوو"ی پلانی تۆمارکردنی دەستوەردانی بیانی دانراوە.
بەو پێیە، فەرمانبەرانی دەوڵەتی یان هەر کەسێک بە نوێنەرایەتی کۆماری ئیسلامی لە بریتانیا کار دەکات، "چالاکیی کاریگەری سیاسی" ئەنجام دەدات و دەبێت بە فەرمی خۆی تۆمار بکات و خۆلادان لەوە دەتوانێت ببێتە هۆی زیندانیکردن تا پێنج ساڵ.
ئێران یەکەمین وڵاتی بیانییە کە لە ریزبەندی پێشکەوتووی ئەو پلانەدا جێگیر دەکرێت؛ ئەمەش میکانیزمێکی دوو قۆناغییە بە مەبەستی بەهێزکردنی بەرگریی سیستمی سیاسی بریتانیا دژی چالاکی شاراوەی بیانییەکان.
قۆناغی یەکەم کە روسیا و چینیش لەوێدان، زیاتر بواری لۆبیگەریی سیاسی دەگرێتەوە، بەڵام دانانی ئێران لە ریزبەندی پێشکەوتووی پلانی تۆمارکردنی کاریگەریی بیانی لە بریتانیا، پێشتر قەت رووینەداوە.
جارویس باسی لە "چالاکی هێرشبەرانەی روو لە زیادبوونی ئێران" کرد و پلانی تۆمارکردنی کارمەندانی کۆماری ئیسلامی لە ئاستی پێشکەوتوودا بە "ئامرازێکی گرنگی ئاسایشی بریتانیا" وەسف کرد.
ئەو بە پەرلەمانی بریتانیای راگەیاند کە پلانی تۆمارکردنی کارمەندانی کۆماری ئیسلامی تا هاوینی ئەمساڵ جێبەجێ دەکرێت و روونی کردەوە: "حکومەتی ئێران دژبەران دەکاتە ئامانج و میدیا و هەواڵنێران دەکاتە ئامانج کە دەربارەی سەرکوتکردنی توندوتیژانەی ئەو رژێمە راپۆرت بڵاو دەکەنەوە".