
تەرمی چوار شاخەوانی خەڵکی بانە کە رۆژی هەینی کەوتبوونە ژێر رنووی بەفر دۆزرایەوە و بەمجۆرە ژمارەی ئەو کەسانەی لەو رووداوەدا گیانیان لەدەستداوە گەیشتە ٦ کەس. شاخەوانێکی دیکەش بریندار بووە.
رۆژی هەینی زیاتر لە ٢٠ شاخەوان لە چیایی کەڵەکەجاڕ سەر بە شاری بانە و ٦ شاخەوانی خەڵکی بانە گیانیان لەدەستدا، تەرمی دوو کەسیان ئێوارەی هەینی دۆزرایەوە و تەرمی ٤ شاخەوانەکەی دیکە ئەم بەیانییە دۆزرایەوە.
بەپێی زانیارییەکان، گرووپە شاخەوانییەکانی بانە و بۆکان چووبوون بەرەو لووتکەی شاخی کەڵەکەجاڕ لە ناوچەی بانە، بەڵام لە گەڕانەوەدا کەوتنە ژێر هەرەسی بەفر.
بەگوتەی یەکێک لە شاخەوانەکان، تیمەکەی بانە لە پێشەوە بووە، بەڵام تیمەکەی بۆکان رنوویان بەسەردا هاتووە و تیمەکەی بانەکەش گەڕاونەتەوە بۆ ئەوەی یارمەتییان بدەن، شاخەوانەکانی بۆکانیان رزگار کردووە، بەڵام خۆیان دوو رنوویان بەسەردا هاتووە.
شەوی رابردوو، بەهۆی سەرما، کڕێوە و بەفری زۆرەوە گەڕان بۆ شاخەوانە بێسەروشوێنبووەکان راگیرا بۆ رۆژی شەممە.
لەو رووداوەدا ٦ شاخەوان بە ناوەکانی عومەر عەبدوڵاهی، رووناک دانشمەند، یاسا سادقی، کاروان ئەحمەدپەنا، عەبدولخالق محەممەدپەنا و شەهلا رەحمانی گیانیان لەدەستداوە.