باوکێک لە شاری کرماشان دەستڕێژی لە خێزانەکەی خۆی کرد و لەودا هاوژینەکەی و کچ و کوڕەکەی خۆی کوشت. لە پیرانشاریش باوکێک کچێکی مێرمنداڵی خۆی بە چەقۆ کوشت.
رۆژی شەممە پیاوێکی خەڵکی شاری شاباد و دانیشتووی کرماشان هاوژین، کچە تەمەن 9 ساڵان و کوڕە 16 ساڵ تەمەنەکەی خۆی دایەبەر دەستڕێژی گولە و هەر سێکیانی کوشت.
ئەو خێزانە خەڵکی گوندی چیاکەو سەر بە شاری شاباد بوون و هاوژینەکەی ناوی سیما مورادی و تەمەنی ٣٥ ساڵان بوو و منداڵەکانیشی ناویان ماهور و زەینەب بووە.
ئەو پیاوە دوای رووداوەکە هەڵاتووە.
هەر رۆژی شەممە لە گوندی ماشکان سەر بە شاری پیرانشار لە پارێزگای ورمێ باوکێک کچە تەمەن ١٦ ساڵانەکەی خۆی بە چەقۆ کوشت.
بەپێی زانیارییەکان، کانی عەبدوڵاهی لە ژوورێکی ماڵی خۆیان بە مۆبایل قسەی کردووە، لەو کاتەدا باوکی ئاگای لێبووە و پەلاماری داوە.
کانی لە ترسان هەڵاتووەتە ماڵی باپیری، بەڵام باوکی خۆی پێیگەیاندووە و لە خواردنگەی ئەواندا گرتوویەتی و دوو چەقۆی لێداوە.
هەر باوکی بردوویەتی بۆ نەخۆشخانە، بەڵام نەگەیشتووەتە نەخۆشخانە و گیانی لەدەستداوە، باوکی هەڵاتبوو، بەڵام هەر رۆژی شەممە دەستگیر کرا.