لە ماوەی یەک هەفتەی رابردوودا لە شاری سنە لانیکەم ١٥ هاونیشتمانی و چالاکڤانی مەدەنی و کرێکاریی خەڵکی ئەو شارە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی حکومەتی ئێرانەوە دەستگیر یان بانگ کراونەتە دامەزراوە ئەمنییەکان.
بەشێکی زۆر دەستگیرکراوەکانی رۆژانی رابردووی شاری سنە لە پەیوەندیی لەگەڵ مانگرتنی رۆژی ٣ی رێبەندان دەستگیرکراون کە ناڕەزایەتیی بوو بە حکومی لەسێدارەدان بۆ پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی، دوو ژنی چالاکڤانی کورد.
بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵی کوردپا، بە دەستگیرکردنی کەماڵ ئاخرەتی ژمارەی دەستگیرکراوەکان گەیشتووەتە ١٥ کەس، ئەو رۆژی ٣ی رێبەندان لە شوێنی کارەکەی دەستگیرکراوە.
رۆژی ٤ی رێبەندانیش فەرانەک رەفیعی، چالاکڤانی مەدەنی و چالاکڤانی کرێکاریی بانگ کرایە ئیدارەی ئیتلاعات و لەوێ لێکۆڵینەوە لەگەڵ کراوە و هەڕەشەی لێکراوە.
فەرانەک رەفیعی پێشتریش ساڵی ١٤٠١ لە سەردەمی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادیدا دەستبەسەر کرابوو.
بەپێی راپۆرتی کوردپا، لە رۆژی ٢٩ی بەرفرانبار تاوەکو ٤ی رێبەندان لانیکەم ١١ هاونیشتمانی لە شاری سنە دەستگیر کرابوون.
رۆژی پێنجشەممە جەلیل محەممەدی، چالاکڤانی کرێکاری، دەستبەسەر کرا، هێزە ئەمنییەکان لە کاتی دەستگیرکردنیدا، ئازاریان داوە و سوکایەتییان پێکردووە.
رۆژی ٣ی رێبەندان لەسەر داواکاری حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و چالاکڤانانی مەدەنی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی لە سزای سێدارەی پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی، لە ژمارەیەک لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دووکان و بازاڕ داخران.
لەم ماوەیەدا لە شارە جیاوازەکانی رۆژهەڵاتی کوردستاندا ژمارەیەکی زۆر هاونیشتمانی لە شارەکانی وەک سەردەشت، پیرانشار، مەهاباد، سەقز و مەریوان دەستگیر کراون.
لە مەریوان رۆژی چوارشەممە کارۆ عەلیداد، چالاکڤانی مەدەنی و بواری ژینگە دەستگیرکرا.