کۆمەڵێک لە چالاکڤانانی مەدەنی و مافەکانی ژنان بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی لە حوکمی سێدارەی پەخشان عەزیزی لە بەردەم بینای پارێزگای سنەدا کۆبوونەوە و داوایان کرد حکومەکەی رابگیرێت.
ئەوان ئەمڕۆ 15.01.2025 لە ناڕەزایەتییەکەیاندا راگەیەنراوێکیان خوێندەوە و لەودا سزای پەخشان عەزیزییان وەک "نادادپەروەرییەکی ئاشکرا" لە قەڵەمدا و دەڵێن، ئەو لە کەمپەکانی ئاوارەکانی شەڕی داعشدا تەنیا یارمەتی بە ژنان و منداڵان کردووە.
ئەوان دەڵێن، ئێستا پەخشان عەزیزی لەجێی ئەوەی رێز لە لەخۆبردووییەکانی بگیرێت، سزایەکی بەسەدا سەپێنراوە کە ناکۆکی تەواوی لەگەڵ خزمەتگوزارییە مرۆڤدۆستانەکاندا هەیە.
لە راگەیەنراوەدا گوتراوە، هەوڵدان بۆ بێدەنگکردنی پەخشان عەزیزی، هەوڵدانە بۆ بێدەنگکردنی بەها ئینسانییەکان.
ئەو چالاکڤانانە حوکمی پەخشان عەزیزییان بە نادادپەروەرانە لە قەڵەمدا و داوایان کرد سزای پەخشان عەزیزی و هەموو بەندکراوانی دیکە، هەڵبگیرێت.
پەخشان عەزیزی، خەڵکی مەهاباد و چالاکڤانی مەدەنی، رۆژی ١٣ی گەلاوێژی ساڵی ١٤٠٢ لە تاران دەستبەسەر کرا و ساڵێک دواتر دادگای شۆڕشی تاران بە تۆمەتی بەغی و ئەندامەتی لە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، سزای سێدارە و چوار ساڵ زیندانی بەسەردا سەپاند.
دیوانی باڵای دادوەریی ئێران رۆژی 08.01.2025 حوکمی سێدارەی پەخشان عەزیزی، پشتڕاست کردەوە. ئەو ماوەی نزیک بە ١٠ ساڵ وەک یارمەتیدەر و خزمەتکاری کۆمەڵایەتی لە رۆژئاوای کوردستاندا چالاکیی کردووە.
ئەمیر رەئیسیان، پارێزەر، بە رۆژنامەی شەرقی گوت: دۆسیەی پەخشان عەزیزی کەموکۆڕی زۆری تێدا بووە و ئەو شایانی سزای سێدارە نییە چونکە لە شەنگال و ئۆردوگاکانی دیکەی ئاوارەکانی شەڕی داعشدا، یارمەتی خەڵکی داوەو ئەوانەش چالاکییەکانی سیاسی نەبوون.
لەم ماوەیەدا کە حکومی سێدارەی پەخشان عەزیزی پشتڕاست کراوەتەوە، شەپۆلێکی ناڕەزایەتی لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا لێکەوتووەتەوە و چین و توێژی جیاوازی خەڵک داوای هەڵوەشاندنەوەی حکومی ئەو دوو ژنە چالاکڤانەیان کردووە.
رۆژی سێشەممە ئابرام پیلی، جێگری نوێنەری ئەمریکا بۆ کاروباری ئێرانیش، داوای کردووە حکومی سێدارەی پەخشان عەزیزی هەڵوەشێنرێتەوە و گوتی: ئەو حوکمە لە دادگایەکی نادادپەروەرانە و ساختەدا دەرچووە.
ئابرام پیلی گوتوویەتی: حکومەتی ئێران نابێت چیدیکە کەمینەی کورد بکاتە ئامانج و لە سەپاندنی سزای سێدارە وەک ئامرازێک بۆ بێدەنگکردنی دژبەران، دەستهەڵبگرێت.