ئاواتودەی ئاگاداربووه، ڕۆژی یەکشەممه ١٩ی خاکەلێوەی ١٤٠٣ی هەتاوی، هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران هەڵدەکوتنه سەر ماڵ و حاڵی دکتر لوقمان قەنبری، له سەرپێڵی زەهاو و ئەم نووسەره کورده دەستبەسەر دەکەن و بۆ بەندیخانەی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران دەیگوازنەوه.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو به ئاواتودەی، ئیتلاعاتی سوپای پاسداران به بیانووی ئەمنی بۆ ماوەی ٤٠ ساعەت، دکتۆر لوقمان قەنبەری له ژووری تاکە کەسی ڕادەگرن و لێکۆڵینەوەی لێدەکەن.
سەرچاوەی ئەم هەواڵی به ئاواتودەی گوتی: "بۆ ماوەی نزیک به ٤٠ ساعەت دکتۆر لوقمان به هەموو شێوەیەک له ژێر گوشار و هەڕەشه و ئەشکەنجەی دەروونیدا بووه و به تومەتی ئەمنی بۆ ساعەتها لێپرسینەوە لێکراوه".
جێگای ئاماژەیه هاوکات لەگەڵ هەڵکوتان بەسەر شوێنی نیشتەجێبوونی دکتۆر قەنبەری، هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپا هەموو ژوورەکانیان پشکنیەوه و دواتر لاپتۆپ و موبایل و هێندێک بەڵگه وەکوو بەڵگەنامەکانی خوێندنی دکتۆر لوقمانیان، بردووه.
جێگای ئاماژەیه، لێکۆڵەر دکتۆر لوقمانی ناچارکردووه پەسڤوردی ئیمەیلەکەی پێبدات.
له کوتایی و پێش له ئازادکردنی دکتۆر لوقمان قەنبەری، هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران تۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیلیان خستووەته پاڵی و هەروەها به بیانوی وەرگێرانی کتێبی "کوردەکان لە ئێران" بەرهەمی کەریم یەلدیز، به بڵاوکردنی بیر و هزری کوردپەروەری تۆمەتبار کراوه.