بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

ڕاپۆرت/ ئەمریکا هەوساری کۆماری ئیسلامی ئێرانی کێشاوه

ئەمریکا هەوساری کۆماری ئسلامی کێشاوه
هێزەکانی ئەمریکا له عێراق
لەوەتەی ئەبو باقر ساعیدی کوژراوه هیچ هێرشێك بۆ سەر بنكە سەربازییەكانی ئەمەریكا لە عێراق نەکراوه
posted onFebruary 12, 2024
noبۆچوون

دوای ئەوەی لە كۆتایی مانگی رابردوو گرووپە تیرۆریستیەکانی سەر به ئێران بنكەی سەربازیی ئەمەریكایان لە ئوردن كردە ئامانج و سێ سەربازی ئەمەریكییان كوشت، فرۆكە جەنگییەكانی ئەمەریكا ٨٥ ئامانجی پەیوەندیدار بەم گرووپانەیان بۆردمان كرد.

بەڵام گورزه سەرەکییەکه ١٨ ڕێبەندانی ١٤٠٢ هەتاوی له تیرۆریستەکان درا، کاتێک ئەبوباقر ساعدی، بەرپرسی سەربازیی كەتیبەكانی حزبوڵای عێراق، له هێرشی فرۆکەیەکی بێ‌فرۆکەوان لە رۆژهەڵاتی بەغدا كوژرا.

ئەمەریكا له ماوەیەکی کورت، سووربوون و هێز و توانای خۆی بۆ وەڵامدانەوە پێشان دا، هاوكات دووپاتی كردەوە كە نایەوێ بازنەی شەڕ بەرفرەوان بێت، بەڵام بەرگری لە هێزەكانی دەكات و دەتوانێت هەموو شتێك بكات. ئەم پەیامه زۆر ڕوون بوو، بۆیه ئێران بۆ ماوەیەک هەوساری بەکرێگیراوانی خۆی ڕاکێشاوه تا دۆخەکه لەمه ئاڵۆزتر نەبێت.

هەر لەم پەیوەندیەدا، کەیومەرسی فەتحی، چاودیری سیاسی نیشتەجێ هەولێر، له وتووێژێکی تایبەت به ئاڤاتودەی وتبووی: "ئێرانییەکان نه دتوانن و نه دەیانهەوێت شەری دەستبەیەخه لەگەڵ ئامریکا بکەن، ئەوان ئەوەنده زەلیلن که تەنانەت نەیانتوانی وەڵامێکی گونجاو به کوشتنی کەسی دووەمی وڵاتەکەیان، یانی قاسم سولەیمانی بدەنەوه چونکه دەیانزانی هەرجوره وەڵامدانەوەیەک به واتای هێرشی ڕاستەوخۆی ئەمریکا بۆ سەر ئێرانه".

لەوەتەی ئەبوباقر ساعیدی کوژراوه هێرش نەکراوەته سەر هێزەکانی ئەمریکی له عێراق
ائەبوباقر ساعیدی

بۆیه ئەم راستیه دەبینین که لەوەتەی ئەبو باقر ساعیدی، بەرپرسە سەربازییەكەی حزبوڵای عێراق كوژراوە، هیچ هێرشێك بۆ سەر بنكە سەربازییەكانی ئەمەریكا لە عێراق رووی نەداوە، ئەوەش دەری دەخات كە هەڕەشەكانی ئەمەریكا هێرشەكانی وەستاندووە.

لەگەڵ ئەو هەواڵانەی باسی ئەوە دەكەن كە تا ئێستەش درۆنەكانی ئەمەریكا بەئاشكرا و بەچڕی چاودێریی ئاسمانی پارێزگەكانی بەغدا، هەولێر و ئەنبار دەكەن. هەروەها سەرچاوەیەكی باڵا لە راوێژكاریی ئاسایشی نەتەوەیی عێراق ئاشكرای كرد كە ڕاستەوخۆ پێوەندی بە سەركردەكانی گرووپە چەكدارەكان سەر به ئێران كراوە دوا پەیامی ئامریکایان پێدراوه که ئەگەر جوڵه بکەن جوڵەتان دەبڕدرێت.

لای خۆیەوە فواد حوسەین، وەزیری دەرەوەی عێراق لە دیدارێكی لەگەڵ "بی بی سی"ی فارسی راشكاوانە دووپاتی كردەوە كە گرووپە چەكدارەكان لە عێراق و تارانیش، پەیامێكی ئەمەریكییان پێ راگەیاندراوە، بەوەی ئەگەر لە هێرشەكانیان بۆ سەر بنكە سەربازییەكانی ئەمەریكا بەردەوام بن عێراق دەکرێته جەهەنەم بۆیان.

حوسێن روونی كردەوە، "ئاستی ئاڵۆزییەكانی نێوان ئەمەریكا و ئێران زۆر بەرزە و نابێت ئەوان كێشەی نێوانیان لەسەر خاكی عێراق یەكلا بكەنەوە، بەتایبەتی ئێمە باج و زیانی زۆرمان داوە".

لای خۆیەوە غازی فەیسەڵ، سەرۆكی ناوەندی عێراقی بۆ توێژینەوەی ئستراتیژی گوتی: "دوای هێرشەكانی دوایی ئەمەریكا و راگەیاندنی گرووپە چەكدارەكان بە دەست پێكردنەوەی هێرشەكانیان لە دژی ئامانج و بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لە عێراق و تەواوی ناوچەكە، دۆخی تەناهی لە عێراق گەیشتووەتە قۆناغێكی زۆر مەترسیدار، ئەوەش مانای وایە عێراق بەكردوەیی دەچێتە ناو شەڕ".

ئەو هەروەها زیادی کرد: "ترسێك لای حكوومەت و سیاسەتوانانی عێراق هەیە، بەوەی ململانێی گرووپە چەكدارەكان و ئەمەریكا بگاتە ئاستی رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆی چەكداری، چونكە بەردەوامیی بۆردمانكردنی یەكتر بەو شێوەی هەیە نامێنێتەوە و پەرەی زیاتر دەستێنێت".

ئەو توێژەرە دووپاتی كردەوە كە پەیامەكەی ئەمەریكا لە رێگەی حكوومەتی عێراقییەوە گەیشتووەته ئەو ئێران، بۆیە تاران بابەتەكەی بەجیدی وەرگرت و ئێستە دەیەوێ هەوساری گرووپە چەكدارە عێراقییەكان بکێشێت و سنوورێك بۆ هێرشەكانیان لە دژی هێزەكانی ئەمەریكا دابنێت یان هێرشەكانیان تەنیا شێوەیی بن و زیانی گیانیان بۆ ئەمەریكییەكان تیادا نەبێت، بۆیەش لەماوەی رابردوو چەند سەردانێكی راگەیەندراو و رانەگەندراوی بەرپرسانی باڵای ئێران بۆ بەغدا هەبوو.