بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

جۆ بایدن هەم لە ناڵ دەدات و هەم لە بزمار

جۆ بایدن نەم لە ناڵ دەدات و هەم لە بزمار
AvaToday caption
posted onFebruary 20, 2021
noبۆچوون

دوێنێ هەینى ١٩/٢/٢٠٢١ى زایینى، کۆنفڕانسى ئاسایشى مۆنيخ و دانیشتنى گرووپى حەوت، بە بە شێوەى ڤیدیۆکۆڵ ئەنجام درا.

 

جۆ بایدن لەو کۆنفڕانسەدا چەندین پرسى هێنایە بەرباس وەک ڕووبەڕووبوونەوەى ڤایرۆسى کۆڕۆنا، گۆڕانکارى هەرێمى، پرسە ئەمنییەکان و دوو دەیە شەڕ لە ئەفغانستان و هەروەها سیاسەتى ئابوورى و بازرگانى لەگەڵ چینیشى بە نادادپەروەرانە و سیاسەتەکانى ڕوسیەشى خراپ هەژمار کرد و گوتى لە ڕوانگەى ئەوەوە ئەم سیاسەتانە بە ئامانجى بێهێزکردنى دیموکراسى و تێکدانى ئاسایشى ئەمریکا و ئەوروپان.

یەکێک لە تەوەرەکانى قسەکانى جۆ بایدن، لەبارەى ئێرانەوە بوو. جۆ بایدین لە کۆنفڕانسى ئاسایشى مۆنيخ و دانیشتنى گرووپى حەوت، دوو پرسى دژبەیەک و هاوتاى سەبارەت بە کۆمارى ئیسلامى هێنایە سەر زمان کە بریتیى بوون:

▫️ ئیدارەکەم ئامادەیە بۆ دەستپێکردنەوەى گفتوگۆکان لەگەڵ ئەنجومەنى ئاسایشى نێودەوڵەتى لەبارەى بەرنامەى ئەتۆمى ئێران.
▫️ بەڵام دەشبێت ڕووبەڕووى هەوڵ و دەستتێوەردانەکانى کۆمارى ئیسلامى بینەوە لە رۆژهەڵاتى ناڤین. هەر بۆیە ئەمریکا لەگەڵ هاوپەیمانە ئەورووپییەکانى و دەسەڵاتە بەهێز و گرنگەکانى دونیا، دەیهەوێت ئەم زێدەڕۆیانەى کۆمارى ئیسلامى لە هەموو ڕۆژهەڵاتى نێوەڕاست لەغاو و کۆتاییان پێ بێنێت.

هەروەها بایدن لە کۆنفڕانسەکە پێداگرى لەوە کردەوە کە دەوڵەتەکەى خوازیارى سوودوەرگرتن لە هەرەمى دیپلۆماسییە بەرامبەر ئێران، تا لەو ڕێگەیەوە بیخەنە سەر ڕێگەى ڕاست و دروست و ئامادەیە گوێش لە قسەى بەرپرسانى کۆمارى ئیسلامى بگرێت.

دواى بایدن ئانگێلا مێرکڵ گەورە ڕاوێژکار و سەرۆکوەزیرى ئەڵمانیا لە کۆنفڕانسى ئاسایشى مۆنیخ قسەى کرد و پێشوازى لە گەڕانەوەى ئەمریکا بۆ ڕێککەوتننامەى هەرێمى پاریس و سیاسەتى هاوکارى جیهانى کرد و گوتى کە جۆ بایدن سەرکۆمارى نوێى ئەمریکا لە ئاراستەیەکى دروست و باش هەنگاو هەڵدەهێنێتەوە.

مێرکڵ بە ئاماژەکردن بە هەنگاوەکانى ئەمریکا بەرامبەر ئێران، گوتى کە ئەم هەنگاو و ئامادەکارییانە نیشاندەرى ئەوەن کە ئەمریکا دەیهەوێت کردار بکات و تەنیا پشت بە قسە نەبەستێت. ئەم ئاماژەکردنەى مێرکڵیش بۆ ئەو کردارانەى دەوڵەتەکەى بایدنە کە لەم چەند ڕۆژەى ڕابردوو لەمەڕ ئێران و ڕژێمى ئێران ئەنجام دراون. دەوڵەتى بایدن بە ئەنجوومەنى ئاسایشى نەتەوە یەکگرتووەکانى گوتووە کە هەوڵدان بۆ چالاکبوونى میکانزیمى ماشە هەڵدەوەشێنێتەوە و ئامادەیە لە تەنیشت هێزە گەورەکانى دونیا، گفتوگۆ بکات بۆ گەڕانەوە بۆ بەرجام لەگەڵ ئێران.

ڕۆژى پێنجشەممە وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا لە دانیشتنێک کە بە شێوەى ئۆنلاین لەگەڵ وەزیرانى دەرەوەى ئەڵمان و فەڕەنسا و بەریتانیا ئەنجام درا، بڕیارى خۆى لەمەڕ گفتوگۆ لەگەڵ ئێران بە مەبەستى گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتننامە ئەتۆمییەکە ڕوون کردەوە.

مێرکڵ پاش گفتوگۆ و کۆبوونەوەکەى لە کۆنفڕانسى ئاسایشى مۆنیخ و گرووپى حەوت، لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەنووسى لە بەرلین بە ڕۆژنامەنووسانى گوت: ڕاسپاردەى من ئەوەیە کە ئێران و ئەمریکا خۆیان بەدوور بگرن لە مشتومڕ لەسەر ئەوەى کە کامەیان دەبێت یەکەمجار بگەڕێتەوە بۆ ڕێککەوتننامە ئەتۆمییەکە و ئەگەر هەموومان باوەڕمان بەوە هەبێـ کە دەبێت دەرفەت بدرێتە ئەم ڕێککەوتننامەیە، دەبێـ بە دواى ڕێگەکانى دووبارە بزاوتن و جووڵاندنەوەى بین.