نەجمەدین ئەحمەدی
زۆر دوور لە ئەمڕۆ نەبووە کە کورد لە ئێران و عێراق و تورکیا و سوریا لە ناو شارەکانی خۆیاندا لە قوتابخانە و ئیدارە دەوڵەتییەکان مافی قسەکردن و نووسین بە زمانی دایکی خۆی نەبووە. کوردی گوتن و کوردی نووسین تاوانێکی گەورە بووە و تەنیا دوای بەرخۆدانێکی خۆینبار و درێژخایەن لە چەند دەیە، توانراوە دەسەڵاتی وڵاتە داگیرگەرەکانیان بەسەر ئەم مافە ڕەوایانەدا پاشەکشێ پێ بکەن و ناچار بە قەبووڵکردنی ئەو مافە بکەن.
زمانی دایکی بۆ کوردستان کە وڵاتێکی بێدەوڵەت و ژێردەستە، لەمڕۆدا وەک جیلوە و نیشانەیەکی سەرەکی و گەورە بۆ خۆنواندنی شووناسی کورد، بووتە هۆکارێکی گرنگی بەرخۆدانی کلتوری لە بەرامبەر هێرشی کلتوری و سیاسی و ئایدۆلۆژیکی دەسەڵات لە نێو خەڵکانێکدا کە ئێستاکە بە باشی تێگەیشتوون کە سەرەکیترین ڕێگەی مانەوە و ژیانەوەی کورد و خەباتی ئەمڕۆ، پاراستنی زوانی کوردی بە فێربوونی ئەم زوانەیە کە لە سەدساڵی پێشووش کورد هەر بەم زوانە دایکییەوە توانیویەتی خۆی لە توانەوە و پاککردنەوەی نەتەوەیی دەرباز بکات و ئەمڕۆ وەک "کورد" خۆی لەناو وڵاتە داگیرکەرەکان و کۆمەڵگای جیهانی بناسێنێت.
ئەمڕۆ کورد هەرچەندە بێ دەوڵەت و بێ دەسەڵاتە و لە هەموو ڕێگایێکەوە بۆ لەناوبردنی شوێن و شووناسەکەی، کەوتوتە بەر پەلاماری فیزیکی و فەرهەنگی حکومەتە دیکتاتۆرەکان، بەڵام بە پاراستنی زوان و جلوبەرگ، شوێنگەى لە ئاستێکی بەرزی کلتوری پاراستووە و نووسەران و شاعیرانێکی گەورەی هەیە کە کوردیان جیهانی کردوتەوە.
هەروا بە خەباتى پێشمەرگە و گەریلا و سەرهەڵدان دژی دیکتاتۆرەکان و دواتریش بەشداربوون دژ بە وەستانەوەى داعش، کێرڤى کوردبوون و ناسینى کورد لە کۆمەڵگای جیهانی زیارت بەرز بووەوە. ئەمڕۆیش بە تەواوی سەرەڕاى ئەو دەسەڵات و پیلانگێڕییەى کە دژبەران و دوژمنانى کورد دەیگێڕن، هەر لە ئاستێکی بەرز و پیرۆزدایە. گەورەترین بەڵگەی ئەمەش ئەوەیە کە هاووڵاتیانی کوردمان لە ناوچە دوور و ناکوردستانییەکان کە ئەویش دووبارە پیلانێکى دوژمنان بوو کە بە کۆچی زۆرەملی و کەمکردنی جەماوەری کورد ویستیان دیمۆگرافیاى کوردستان بگۆڕن، دەستیان کردووە بە فێربوونی نووسین و خوێندن بە کوردی.
کوردەکانی خوراسان و باکووری ئێران کە خۆبەخشانە وانەی کوردییان داناوە و زوانی کوردیی منداڵانی ئەم ناوچانە بەرانبەر زوانی فارسی ئەپارێزن. ئەوە سەرکەوتنی گەورەی کلتور و شووناسی کوردییە کە هاونیشتمانیانی ئیلام کە تا چەند دەیە پێش ئێستا تەنیا بە فارسی ئەیاننووسی و کوردییان نەدەزانی، ئێستا لەباری نووسینی چیرۆک و وتار و شیعری کوردی بە زاراوەکانی ئەم ناوچەگەلە زۆر سەرکەتوون و بنکە و یانەی پڕۆفێشناڵیان بۆ ئەم چالاکیانە هەیە. ئەمە بەڕاستی بە مانای هەرمانی کورد و کلتوریەتی و ترسێکی گەورەیە بۆ دەسەڵاتی لاوازخواز و ئەو بیروباوەڕانە وا پێیان خۆش نییە گەلانی ناو وڵات بە زمانێکى دیکە بێجگە لە زمانی دەسەڵات بدوێن و بنووسن و بە ناوی نەتەوەخوازییەوە ڕێگری لە هەر چالکییەکی جیا لە خواست و بیری خۆیانن.
بە خۆشحاڵییەوە بزووتنەوەی فێربوونی زمانی کوردی لە چەند ساڵی ڕابروو لە ناو باکووری کوردستانیش دەستی پێ کردووە و هەزاران نەفەر لەم وانەگەلەدا ناونووسینیان کردووە. بە پێچەوانەی بیرۆکەی دوژمن کە وائەزانی کوشتن و ئێعدام و زیندان، کورد ئەترسێنێ و واز لە زوان و کلتوری خۆی دێنێ، مێژوو دەیسەلمێنێت و سەلماندووشیەتى کە کورد بە گوشار و هەڕەشە لەڕێگە لا نادا و هەرکات بزانێ هەبوون و شووناسی لە مەترسیدایە، گونجاو لەگەڵ ئەو دۆخە کە تێدایە ڕاپەرین و چالاکی ئەکا. ئێستا کورد لە ڕاپەڕینێکی فەرهەنگیدایە و بزووتنەوەی شووناسی کوردی، باشتر و جێگیرتر لە هەر چەک و تفەنگێک ڕووبەڕووی دوژمنی خستووەتەوە و بۆ مافی نووسین و خوێندن و پەروەردە بە زوانی دایکی لە سەنگەرێکی ژیرانەدا ڕاوەستاوە.