بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

ئێران لە پشتى زۆر کردەوەى تیرۆریستییە لە ئەفغانستان

ئێران لە پشتى زۆر کردەوەى تیرۆریستییە لە ئەفغانستان
ڕۆڵی نەرێنى ئێران لە ئەفغانستان پێوەری دیپلۆماتیکى تێپەڕاندووە
posted onDecember 30, 2018
noبۆچوون

 

ڕۆڵى کۆمارى ئیسلامی ئێران لە پەیڕەوکردنى سیاسەتێکى شەڕانگێزە و تێکدانى سەقامگیرى وڵاتانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و هەرێمایەتییەکانى پرسێکی شاراوە نییە، بە تایبەت لە وڵاتانى وەک ئەفغانستان، عێراق، سووریا، لوبنان و یەمەن.


 

تاران هەوڵێکى چڕى داوە بۆ ئەوەى لەو وڵاتانە شوێن پێی خۆى بکاتەوە و، لەوێوە ستراتیژییەت و ئەجێندای خۆی جێبەجێ بکات، کە هەموو ئەو هەنگاوانەش لە ڕێگەى میلیشیاکانى سوپاى پاسداران باڵى دەرەکی ڕژێمى کۆمارى ئیسلامییەو، لە کۆمەڵێک پیلانى تیرۆریستى تێوەگلاوە.

فەزڵ ڕەحمان خادم، بەرێوەبەرى فەرمانگەى بەرەنگاربوونەوەى تیرۆری هەرێمی هەراتى ڕۆژاواى ئەفغانستان ئاشکراى دەکات "کونسوڵى ئێران پەیوەندیی بە هێرشە تیرۆریستییەکانەوە هەیە، لەنێویاندا تیرۆرکردنى کەسایەتییە سیاسییە ناسراوەکان"، باسى لەوەش کردووە یەکێک لەو تیرۆرکراوانەش براکەیەتى. هاوکات میدیا ناوخۆییەکانى ئەفغانستان لە سەر زارى بەرێوەبەرى فەرمانگەى بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر لە هەرات بڵاویان کردووەتەوە کە "سکاڵایەکی یاسایی دژى مەحموود ئەفخەمی ڕەشیدی کونسوڵى گشتى تاران لەو هەرێمە تۆمار کردووە".

لەو نێوەندەش دەسەڵاتدارانى ئەو وڵاتە چوار ئێرانی دواى دەستبەکاربوونى ڕەشیدی لە پۆستەکەى بە تۆمەتى تێوەگلان لە کردەوەى تیرۆریستى دەستگیر کردووە. بەرپرسە ئەفغانییەکە دووپاتیشی کردووەتەوە "سوپای پاسداران ڕۆڵێکى تووندوتۆڵى لەو هێرشە تیرۆریستى و کردەوەى تیرۆرکردنەکاندا هەیە".

لەلایەکى دیکەشەوە لێکۆڵینەوە ناوەخۆییەکان هێمایان بەوە کردووە "ئەنجامدەرانى کردەوەکان، لە ئاستێکى باڵای ڕاهێنان و مەشقدا بوونە و، دامەزراوە ئەمنییەکانی تارانیش بۆ هەر هێرشێکی ئامانجکراو سەرووى ٧٠٠ هەزار دۆلاریان تەرخان کردووە".

ئەفغانییەکان بێزارن لە دەستتێوەردانى کۆمارى ئیسلامى لە وڵاتەکەیان

ئەفغانییەکان بێزارن لە دەستتێوەردانى کۆمارى ئیسلامى لە وڵاتەکەیان

 

ئەمەی ئەفغانستان بۆ دەسەڵاتدارانى تاران، مشتێکە لە خەروارێک، ڕەنگە بە بەراورد لەگەڵ پلانەکانیان لەنێو عێراق و سووریاو لوبنان و یەمەن، لەئاستێکى زۆر نزمدا بێت، بەتایبەت بۆ قەیرانی سووریا، کەرژێمى کۆمارى ئیسلامی ملیارەها دۆلارى بۆ ئەو شەڕە تەرخان کردووە.

بەپێی ئامارەکان کونسوڵى ئێران لە هەرات بەسەدا ٨٠ هێرشەکانى ئەو هەرێمە تێوەگلاوە، کە سەرجەمیان بە پلان و ڕێنماییەکانى پێشوەختەى سوپاى پاسدارانەوە بەرێوە چوون. ئەو زانیارییانەش بە شێوەیەک لە شێوەکان لەن ێو تۆمارە فەرمییەکانى تاران پشتڕاست کراوەتەوە، کاتێک کۆمارى ئیسلامی لە سەرەتاى ٢٠١٧ ددانى بەدەستگیر ردنى سێ هاووڵاتی خۆى ناوە، کە لە پەراوێزى هێرشە تیرۆریستیبەکەى هەرێمى قەندەهار لە باشوورى وڵات دەستگیر کران.

ئەفخەمی ڕەشیدی لە کانوونى دووەم (بەفرانبار)ى ٢٠١٧ داواى لە دەسەڵاتدارانى کابۆل کردووە "ناسنامەى هاووڵاتییە ئێرانییە تێوەگڵاوەکانى ئەو کاتەى هێرشەکانى ئەفغانستان ئاشکرا بکات". جگە لەوەش هەردوو وڵات خاوەنى سنوورێکى ٩٥٠ کیلۆمەتری هاوبەشن، لە پاڵ ئەوانەش پەیوەندییەکى دوورو درێژیی مێژوویی هاوبەشیان هەیە.

ئەمەش وای کردووە دەزگا هەواڵگرییەکانى کابۆل مەترسییەکى گەورەى بۆ ئەو جەنگاوەرە ئەفغانییە لە لایەن ئێرانەوە بۆ شەڕی سووریا دروست کراون، دروست ببێت کە حەوت ساڵە بە شێوەیەکى ڕاستەوخۆ لەشەڕى سووریا بەشدارن.

گرنگترین ئەو هێزانەش میلیشیاکانى (فاتمیون)ـە کە لە لایەن سوپاى پاسدارانەوە دروست کراون، بۆ ئەوەى پاڵپشتى لە ڕژێمەکەى دیمەشق بکەن و، ئێستاش لەگەڵ کۆتاییهاتنى شەڕەکانى سووریا خەریکە بەرەو وڵاتەکەى خۆیان دەگەڕێنەوە، ئەمەش مەترسییەکى دیکەیە بۆ ئاسایشى نەتەوەیی ئەفغانستان، بەتایبەت ئەگەرى ئەوە هەیە دووبارە لە ململانێی و شەڕەکاندا تێوەبگڵێن.

بەو هۆیەوەش فەرمانگەى چاودێرى هەڕەشەکان لە نێو ئەنجومەنى ئاسایشى نەتەوەیی ئەفغانی، بە ڕوونى باسى لە مەترسییەکانى فاتمیون کردووە، لەوەى "شەڕی بەوەکالەت بکەن و، کاریگەرییە نەرێنییەکانیانیش لەنێو شەقامى ئەفغانستاندا ڕەنگ بداتەوە".

فاتمیونەکان هێزێکى دروستکراوى دەستى کۆمارى ئیسلامى لە داهاتوو دەبنە کێشە بۆ ئەفغانستان

فاتمیونەکان هێزێکى دروستکراوى دەستى کۆمارى ئیسلامى لە داهاتوو دەبنە کێشە بۆ ئەفغانستان

 

گرنگترین ئەو مەترسییانەش دووبارەبوونەوەى سیناریۆى سووریایە لەنێو گۆڕەپانى ئەفغانستان، بەتایبەت دواى گەڕانەوەى ئەو گرووپە میلیشیایە کە لە لایەن تارانەوە پاڵپشتى دەکرێت. تایبەت بەو پرسەش ژەنەراڵێکى سوپای ئەفغانستان بە ڕوونى ئێرانى بە دوژمنى وڵاتەکەى وەسف کردووەو، بەئاشکراش تۆمەتباری دەکات بەوەى "سیاسەتێکى دووفاقی دژى وڵاتەکەى پەیڕەو دەکات".

نورەڵا قادری، فەرماندەى هێزەکانى ئەفغانستان لە ڕۆژاواى وڵات ڕەخنەى لە دەستێوەردانەکانى تاران کردووەو، باسى لەوەش کرد "دەسەڵاتدارانى ناوخۆیی کۆمەڵێک چەک و جبەخانەى ئێرانیان دۆزیوەتەوە کە دژى سوپاى وڵاتەکەى بە کار هێنراون.

سوپای پاسداران، ڕۆڵێکى سەرەکیی هەیە لە شەڕ و ململانێیەکانى ئەفغانستان، لە نیسان (خاکەلێوە)ى ڕابردووش باڵیۆزخانەى ویلایەتە یەکگرتووەکان لە کابۆل، ئەو زانیارییانەى پشتڕاست کردووەتەوە. لەماوەى ڕابردووش گولبەددین حیکمەتیار، سەرۆکوەزیرانى پێشووترى ئەفغانستان لە چاوپێکەوتنێکى ڕۆژنامەوانیدا بە ڕوونى گووتى "ئێران ڕۆڵێکى نەرێنى لە پرسى ئەفغانستان گێڕاوە".

دووپاتیشی کردەوە "کۆتاییهێنان بەو دەستێوەردانانەش لە کابۆلەوە دەست پێ دەکەن"، هەروەها باسى لە پێگەیەکى سەربازی سوپای پاسدارانى ئێرانیشى کردووە لە نێو کۆشکی کۆمارى لە کابول.