بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

ناڕەزایەتى و ڕاپەڕین لە نێو بەشى ژنانى زیندانى ورمێ هەڵگیرسایەوە

ناڕەزایەتى و ڕاپەڕین لە نێو بەشى ژنانى زیندانى ورمێ هەڵگیرسایەوە
AvaToday caption
posted onOctober 19, 2021
noبۆچوون

بە پێى هەواڵى گەیشتووی  نێو زیندانى پارێزگاى ورمێ بە تۆڕى میدیایی ئاڤاتودەى، لە دوێنێ شەوی ٢٦ى ڕەزبەرى ١٤٠٠ى هەتاوى تا ئێستا شەڕ و ناڕەزایەتى و ڕاپەڕین کەوتووەتە نێوان ژنە زیندانییەکانى بەندى ژنانى ورمێ و بەرپرسى و بەکرێگیراوانى زیندانەکە و بریندار هەیە.

 

دووبارە و هاوشێوەى ڕاپەڕینەکانى پێشووى ئەو زیندانە، لە بەشى ژنانى زیندانى ورمێ، خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەک دروست بووە، زیندانییەکان ئەمەشیان بۆ ئەو فشار و پاڵەپەستۆیانە گەڕاندووەتەوە کە لە لایەن بەرپرسى ئەو زیندانەوە لەسەریان دروست بووە.

هەر لەبەر تەشەنەسەندنى ناڕەزایەتی و توندوتیژییەکان، ئەمڕۆ سێشەممە ٢٧ى ڕەزبەر، پاسدار بەخشى بەڕێوەبەرى زیندانەکە، فەرمانى بە هێزە سەرکوتکەرەکان داوە کە بە هەر جۆرە توندوتیژییەک بووە ئەو ناڕەزایەتى و مانگرتن و خۆپێشاندانە هێور و سەرکوت بکەنەوە و هەر ژنێکى بەشى زیندانى ژنان کە لەسەر قەرەوێڵە و ژوورەکەى نەهاتە خوارەوە، بە قژ و بە توندوتیژى ڕایبکێشنە خوارەوە و ڕێگە بە مانگرتنى کەس نەدەن.

هەر ئەمەش بووەتە هۆى ئەوەى کە چەند ژوورى بەندەکە ئاگرى تێ بەربێت و کەلوپەلى زیندانییەکان بسووتێت و لە دوێنێن شەویشەوە هەم هێزێکى زیاتر براوەتە نێو زیندانەکەوە و هەم دەنگی لێدان و سووکایەتییەکى زۆر دەبیسترێت.

ئەم ناڕەزایەتییەش دواى ئەوە دێت کە بەرپرسى زیندانەکە بۆ شکاندن و ئازاردانى ڕۆحى ژنە زیندانییەکان فەرمانى داوە کە لە بەشى ژنان ڕۆژانە تەنیا ١ کاتژمێر بۆ هەموو کارەکان تەرخان دەکرێت، واتە ژنانى زیندانى بۆ تەلەفۆن و خۆشووشتن و خواردن و هەواخورى و پشوودان تەنیا یەک کاتژمێریان لەدەستە.

شایەنى باسە ڕۆژى پێنجشەممە ڕێکەوتى ١٧ى پووشپەڕى ١٤٠٠ى هەتاویش زیندانیانى ئەم بەشەى ژنان لە زیندانى ورمێ دژى گواستنەوەى یەکێک لە زیندانییەکانى ئەو بەندە بە ناوى ئارەزوو ڕۆحى نژاد بۆ بەندى ئەمنى زیندان خۆپێشاندانیان کرد و ناڕەزایەتى و ڕاپەڕینەکەیان هێندە گەورە بووەوە کە دەرگا و پەنجەرەى بەندەکە شکا و دووبارە بە هێزێکى زۆرەوە و بە توندوتیژییەکى نامرۆڤانەوە کۆنتڕۆڵ کرا.

زیندانى ورمێ یەکێکە لە خراپترین و توندوتیژترین زیندانەکانى ئێران کە تیایدا بەردەوام سووکایەتى بە زیندانییە سیاسى و عەقیدەتییەکان دەکرێت و لە بەندى ژنانى ئەو زیندانەش کە زیاتر لە ١٢ ژنى زیندانى مەحکوم بە ئیعدام ڕاگیراون و ژنە زیندانى واشیان تێدایە کە ٢٠ ساڵە زیندانە و تا ئێستا ڕێگە نەدراوە پشوویەک وەربگرێت.