بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکرێت لێکۆڵینەوە لە ئەنجامدەرانى کۆمەڵکوژى ساڵانى ٦٠ى کوردستان و ئێران بکرێت

کوشتارى ٦٠
AvaToday caption
posted onOctober 17, 2021
noبۆچوون

چەندین ڕێکخراوی تایبەت بە مافی مرۆڤ لە ئێران و دونیا، دواى بەدواداچوون لەبارەى کۆمەڵکوژی ساڵى شەستەکانی ڕۆژهەڵاتى کوردستان و ئێران لە لایەن کۆمارى ئیسلامییەوە، داوایان لە نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە کە ئەنجامدەران و تاوانبارانى ئەو تاوانە ئینسانییە کە تیایدا هەزاران زیندانى سیاسى بێ دادگایی و یا لە ڕێگەى دادگاییەکى لەپێشبڕیاردراو کۆمەڵکوژ کران، بدرێنە دادگا و دادگایی بکرێن!

 

ڕێکخراوى لێبووردنی نێودەوڵەتى ڕێکەوتى ١٩/٦/٢٠٢١ى زایینى لە بەیاننامەیەکدا ئیبراهیم ڕەئیسى سەرکۆمارە نوێیەکەى کۆمارى ئیسلامى تۆمەتبار کردووە بەوەى دەستى هەبووە لە کۆمەڵکوژیەکەى ساڵى ٦٧ى هەتاوى و لە بەیاننامەکەدا هاتووە: "دەبێ ڕەئیسى لەبەر تاوانەکانى ڕابردوو و ئێستاى، لێکۆڵینەوەی یاسایی لێ بکرێت، هەر بۆیە داوا لە ئەنجوومەنى مافی مرۆڤى نەتەوە یەگرتووەکان دەکەین لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی لە سەر کۆمەڵکوژییەکەی ساڵی ٦٧ لە ئێران بکات و هەروەها داوا لە میشێل باشلە کۆمیسێری پلە بەرزی ئەو ڕێکخراوەیە دەکەین کە بە پێکهێنانی کۆمیسیونێکی لێکۆڵینەوەی خێرا لە پەیوەندی لەگەڵ کۆمەڵکوژی و ڕفاندن و ونبوونەکانی ساڵی ٦٧ کە دژی جینایاتی مافی مرۆیین پێش بە کۆمەڵکوژییەکانی دیکە بگرێت".

ئێستا زیاترى چاوەکان لەسەر ئیبراهیم ڕەئیسى سەرکۆمارى نوێ و موحسین ئێژەیی سەرۆکی نوێی دەسەڵاتی دادوەریی کۆمارى ئیسلامییە کە کاتى خۆى بڕیاردەر و چاودێرى کۆمەڵکوژییەکە بوون کە تیایدا ٣٠ هەزار زیندانى کۆمەڵکوژ کران.

لوتکەى توندوتیژی و ئیعدامەکان بۆ هاوینى ١٣٦٧ دەگەڕێتەوە کە بە حوکمى ئایەتوڵا خومەینى و بە بیانووى ئەنجامدانى ئۆپەراسیۆنى "فروغ جاویدان" بوو، بەڵام ئیعدامەکان تەنیا ئەندامەکانى موجاهیدینى خەڵقی نەگرتەوە، بەڵکو ژمارەیەکى زۆرى ئەندامانى حیزبە کوردییەکان و چەپەکان و دژبەرەکانى کۆمارى ئیسلامیشى گرتەوە. هەرچەندە ئیعدامەکانى کوردستان چەندین ساڵ پێش و لە ساڵى ١٣٥٨ـەوە دەستیان پێ کردبوو، چەندین ساڵ دواتریش هەر بەردەوام بوون.

بەدەر لە ئیعدامکردنى دژبەریانى، زۆربەیان لە قەبرستانگەلێک بە ناوى "لەعنەت ئاباد" و لە زۆربەى شارەکانى کوردستان وەک بیجاڕ و قروە و کرماشان بەخاک دەسپێردران، هاوشێوەى خاوەرانى تاران.