لەگەڵ ڕوودانى کارەساتى ١٦ى ئۆکتۆبەر و گرتنى کەرکوک و شەنگال و چەند ناوچەیەکى سەر بە هەرێمى کوردستان، حەشدى شەعبی ـى سەر بە دەسەڵاتى ناوەندى عێراق، دەستى بە گۆڕینى ئایین و مەزهەبی خەڵکانى ئەو ناوچانە کردووە.
بە پێى زانیارییە دەستکەوتووەکانى تۆڕی میدیایی ئاڤاتودەى "مەرقەدى زەینەبولسوغرا کە کەوتووەتە نێو مەدینە قەدیمەى شەنگال، لە پاش تەقاندنەوەى لە لایەن گرووپى تیرۆریستى داعشەوە، ئێستا حەشدى شەعبی کە هێزێکى شێعییە و بە فتوایەکى عەلى سیستانى دروست کراوە، ئەم مەزارگەیەى بە پارەیەکى خەیاڵى نۆژەن کردووەتەوە".
هێشتا ئاسەوارى کەوناراى مەزارگەکەى پێشوو ماونەتەوە!
بە پێى قسەى دوو هاووڵاتیى نێو شەنگال، داعش کە سووننە مەزهەب بوون و بە تۆقین و کوشتن و کەنیزەککردنى کچانى ئیزیدی کاریان لەسەر سڕینەوەى ئایینى ئیزیدى و بە سووننەکردنیان دەکرد، ئێستا حەشدى شەعبی بە فێڵ و پارە کار لەسەر بەشێعەکردنى ئیزیدییەکان دەکەن و "ئێمە لە نێو هەردوو بەرداشى هێزە شێعە و سووننەکان گیرمان کردووە و هەر جارەى مەزهەبێکى ئیسلامى دێتە سەرمان و دینەکەمان لاواز دەکەن، جارێک دەمانکەنە سوونە و ئێستایش بە هاوکارى کۆمارى ئیسلامى خەریکن دەمانکەنە شێعە".
حەشدى شەعبی بە دڵى خۆى پارە لە دروستکردنى مەزارگە خەرج دەکات و گوێ بە ئاوەدانکردنەوەى شەنگال نادات
بە پێى قسەى ڕۆژنامەنووسێکى ئەمریکى کە دەیان جار سەردانى شەنگالى کردووە و ڕاپۆرتى مەیدانى ئەنجام داوە، "شێعەکانى عێراق هاوشێوەى کۆمارى ئیسلامى، سیستماتیک کار دەکەن بۆ بەشێعەکردنى ناوچە سووننەنشینەکان و کەمەئایینییەکانى ناوچەکانى بندەستیان و بە دروستکردنى چیرۆک و حیکایەتى کەونارا و خەیاڵى هەوڵى مانەوە و بەمێژووییکردنى شوێنە ناشێعییەکان دەدەن و لە ڕێى پارە و هاوکاریی دەستکورتەکان خەریکى هەڵگێرانەوەى مەزهەب و ئایینى خەڵکەکەن و دواتریش بە دروستکردنى مەزارگەى تایبەتى شێعە مۆرکى شێعەبوون لە مێژوو و جوگرافیاى ئەو شوێنانە دەدەن".
شەنگال بە هۆى داعشى سووننەوە وێران کرا و حەشدى شەعبی شێعەش ڕێگرە لە ئاوەدانکردنەوەى
شایەنى باسە مەزارگەى زەینەبە چکۆڵ، نمونەیەکى دیارى هەوڵدانی بەشێعەکردنى ئیزیدییەکانە کە پاش تەقاندنەوەى و تەنانەت نەمانى ئاسەوارەکەى ئێستا زۆر گەورەتر دروست کراوەتەوە و بە پارەیەکى زۆر خەیاڵى ڕازێنراوەتەوە، بە پێى قسەى ئیزیدییەکى نێزیک لە مەزارگەکە، "زیاتر لە ١٠ خزمەتگوزارى تایبەت بۆ خزمەتکردن و پاکوخاوێنى مەزارگەکە دامەزرێنراون و هێزێکى دەیان کەسیش پارێزگارى لەو مەزارگەیە دەکەن"، ئەمە لە کاتێکدایە کە هێشتا حکومەتى بەغدا دەستى لە نۆژەنکردنەوە و دروستکردنەوەى شەنگالى وێران نەکردووە و هیچ بڕە پارەیەکى بۆ ئاوەدانکردنەوەى شەنگال و گەڕانەوەى ئاوارەکان تەرخان نەکردووە!
دروستکردنى مەزارگەى مەزهەبی شێعە لە ناوچە سوونییەکان بەشێکە لە پلانى کۆمارى ئیسلامى
بە پێى زانیارییە دەستکەوتووەکانى ئاڤاتودەى، ئیزیدییەکانى شەنگال بەم هەنگاوەى حەشدى شەعبی ناڕازین و لە دڵەوە خوازیارى کشانەوەى ئەو هێزە عەرەبییە شێعەیەن کە جگە لە دەستگرتن بەسەر شارەکەیاندا ئێستا هاوشێوەى گرووپى تیرۆریستى داعش خەریکى بڵاوکردنەوەى مەزهەبی شێعەن و "لە ڕێگەى فێڵ و سوودوەرگرتن لە دۆخى خراپى ئابوورى خەڵکەکە" پلانەکەیان دەبەنە پێشەوە.
شایەنى باسە ئەم پلانەش لە شارى موسڵ زۆر بە فراوانترى و گەورەتر جێبەجێ دەکرێت.