میلیشیا نزیکەکانى ئێران بەتایبەت " بەرەى ئەبو جەداحە، رەبعە ئەڵلاو، چەند گرووپێکى سەر بەکەتائیبی حزبوڵلا"، هەڕەشە لەگەورە راوێژکاری سەرۆک وەزیرانى عێراق دەکەن، بەهۆى ئەوەى ڕەخنەى لەهەڵسوکەوتەکانى فەرماندەى پێشووی سوپای قودس گرتووە.
لەراپۆرتێکى کەناڵى بی بی سی بەریتانی دەربارەى چالاکیە تیرۆریستیەکەى قاسم سولەیمانى، لەرۆژهەڵاتى ناوەڕاست، هیشام داوود، توێژەرو ئەکادیمی ناسراوی عێراقی بەشداربووە لەو دیکۆمێنتارییەو، وەک کەسێکى ئەکادیمی دواوە، ئەو کات هیچ پۆستێکى فەرمیی نەبووە.
بەڵام گرووپە میلیشیاییەکان، بۆ ئەوەى تۆڵەى خۆیان لەهەموو کەسێکى نەیار بەرژێمەکەیان بکەنەوە، هەڕەشەیان لەکەناڵى (الحرة)ـى ئەمەریکی و ئەو توێژەرە عێراقییە کردووە بۆ ئەوەى بکرێنە ئامانج.
بەپێی میدیا عێراقییەکان، بەشێک لەو گرووپە چەکدارانە سەرقاڵى کۆبوونەوەن بۆ ئەوەى شێوازی وەڵامدانەوەى ئەو هەڕەشانە بدەنەوە کە گوایە دەکرێتە سەریان.
بەڵام داوود لەروونکردنەوەیەکدا دووپاتیکردۆتەوە " ئەو قسانەى لەکەناڵە بەریتانیەکە کردوویەتى، وەک بۆچوونێکى ئەکادیمی بووەو، هیچ پەیوەندی بەپۆست و هەڵوێستى حکومەتەوە نەبووە".
ئاشکراشی دەکات " پاش چەندین توێژینەوەو، دیکۆمێنت و بەڵگە گەیشتۆتە ئەو بۆچوونەى کە دەربارەى سولەیمانى گووتووە".