بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

ئیتلاعات لە ڕێگەى کچانەوە پارە لە دەوڵەمەندەکانى پاوە دەستێنێت

ئیتلاعات لە ڕێگەى کچانەوە پارە لە دەوڵەمەندەکانى پاوە دەستێنێت
AvaToday caption
posted onJuly 11, 2020
noبۆچوون

ماوەیەکە لە هەورامانى ڕۆژهەڵاتى کوردستان و بەتایبەتیش لە شارى پاوە، ئیتلاعات دەستى بە پیلانگێڕییەک کردووە و هەر ئەمەش بووەتە هۆى ئەوەى کە چەندین ملیار تمەن لە پیاوە دەوڵەمەندەکانى ئەو شارە بەرداتەوە و لێیان بستێنێت و چەندین مانگ پێشتریش هەر لە کارێکى هاوشێوەدا زیاتر لە ملیارێک تمەنیان لە هونەرمەندێک ستاندووە کە گوایا پەیوەندى لەگەڵ کچێک هەبووە و کچەکە ڤیدیۆ و فیلمەکەى داوەتە ئیتلاعات.

 

ئیتلاعات هەروەک زۆرێک لە پیلانە نێوخۆییەکانى خۆى، ژنان و کچانى جوانى کردووەتە قوربانى بەدیهاتنى ئامانجەکانى و لەم ڕێگەیەوە کچان و ژنان بەکار دەهێنێت بۆ ئەوەى نەیارەکانى خۆى بخاتە داوەوە و بیانکێشێتە پاى دادگا نادادپەروەرەکەى و ئێستاش بە بوونى گەمارۆکان و نەبوونى بودجەى پێویست، خەریکى دەداوخستنى دەوڵەمەندەکانى ئێرانن و دووبارە لە ڕێگەى کچان و ژنانەوە ڤیدیۆ و وێنە لە پیاوە دەوڵەمەندەکان هەڵدەگرنەوە و لە ڕێگەى هەڕەشەوە پارەیەکى زۆریان لێ دەستێنن.

بە پێى هەواڵى گەیشتوو لە لە شارى پاوە بە تۆڕى میدیایی ئاڤاتودەى، چەندین دەوڵەمەندى ئەم شارە کەوتوونەتە داوى پیلانەکەى کۆمارى ئیسلامییەوە و هەر ئەمەش واى کردووە کە خرۆشانێکى گەورە بکەوێتە نێو شارەکەوە. ئەو سەرچاوەیە کە نەیویست ناوەکەى ئاشکرا بکرێت و کوڕى یەکێک لەو پیاوە دەوڵەمەندانەیە کە تووشى ئەم کارە بووە، بە ئاڤاتودەى گوت: "لە شارەکەى ئێمە هەرگیز حاڵەتى لەم شێوە گەورەیە نەبووە و ئەمە یەکەم جارە کە شتى وا ڕوودەدات، چونکە بە هۆى بچووکى شارەکەمانەوە شاردنەوەى ئەم کارانە و ژنبازى زۆر زەحمەتە و ئەوەى کە هەشیبێت زۆر بە نهێنى و یا لە دەرەوەى شارەکە و شارە فارسنشینەکان ئەنجامى دەدات".

ئەم کوڕە سەبارەت بە تێکەوتنى باوکى گوتى: "لەبەر ئەوەى من کوڕە گەورەى باوکمم و لە بزنس و کارە ماڵییەکانیدا ڕۆڵم هەیە، ماوەیەک هەستم بە نیگەرانییەکانى باوکم کردبوو و دەمبینى کە چەندە تووشى دۆشدامان و خەمبارى بووەتەوە، بۆیە زۆر جاران هەموو بنەماڵەکەمان لێمان دەپرسى کە چ باسە، بەڵام هیچى پێ نەدەگوتین، تا ئەوەى شەوێک داواى لێ کردم بچینە خانەباخەکەمانەوە بۆ ئەوەى شتێکم پێ بڵێت. کە ڕۆیشتین، گوتى من و چەند کەس لە هاوڕێ دەوڵەمەندەکانم کەوتووینەتە داوى چەند کچێکەوە و فیلم و ڤیدیۆیان لێ هەڵگرتووینەتەوە و تا ئێستا چەندین ملیار تمەنیان لە من و زیاتریشیان لە هاڕێکانم ستاندووە".

پاوە

ئیتلاعات چەندین کچى جوان کە دووانیشیان ئیسفەهانى بوونە، دەهێنێتە شارى پاوە بۆ ئەوەى نزیکیان بکاتەوە لەو کەسە دەوڵەمەندانە. ئەوە دەبێت بە هاوکارى ژنێکى پاوەیی لێیان نزیک دەبنەوە و یەکەیەکە دەیانکێشنە نێو تۆڕەکەیانەوە و ڤیدیۆى سەرجێی و دەستبازییان لێ هەڵدەگرنەوە و دواتر لە ڕێگەى ئەو باندەى کە کچەکانى تێدایە دەست دەکەن بە هەڕەشەکردن لە پیاوە دەوڵەمەندە پاوەییەکان کە ئەگەر پارەى زۆرمان نەدەنێ ئێمە فیلم و وێنەتان لێ بڵاو دەکەینەوە و بەم شێوەیە زیاتر لە ١٧ ملیار تمەنیان لێ وەردەگرن.

کە ئاڤاتودەى پەیوەندى بە یەکێک لە دەوڵەمەندەکانى ئەو شارەوە گرت، بە مەرجى ناونەبردنى باسى لەوە کرد کە "ئەم پارەیەى ئێوە باسى دەکەن زۆر زۆر کەمە و زۆر زیاتریان لێ وەرگرتوون، چونکە ئەو باندەى ئەم کارەى کردووە گەورەیە و زۆر کەسیان خستووەتە نێو داوى خۆیانەوە و ئێستا لە شارەکەمان دەنگۆى ئەوە هەیە ٤٠ کەسى دەوڵەمەندى پاوەیی لەگەڵ ٢٠ کچى جوان کە زۆرینەیان خەڵکى شارە فارسەکانن و تەنیا دوو لە کچەکان پاوەیین، لە شوێنێکیدا پێکەوە گیراون و ئێستا ئیتلاعات و تەنانەت مەلا قادر قادرى ئیمام جومعەى شارەکە کارەکەیان گەورە کردووەتەوە و خەریکى پیلانى دیکەن بۆیان".

کوڕى ئەو دەوڵەمەندەى شارى پاوە کە قسەى بۆ ئاڤاتودەى کرد، گوتى: "یەکێک لە دەوڵەمەندەکان دواى لێستاندنى پارەیەکى زۆر لەگەڵ هاوڕێ دەوڵەمەندەکانى دیکەى ڕێک دەکەوێت و پێکەوە کە ١٥ کەس دەبن دەچنە ئیتلاعات و باسەکەیان بۆ دەگێڕنەوە تا ڕزگاریان بێت لەم پارەبەردانەوەیە"، هەروەها دەنگۆیەکى دیکەیش هەیە لە شارەکەدا کە گوایا ئەو ٤٠ دەوڵەمەندەى کە هاوشێوەى گرووپ بوونە گیراون و دواتر بە وەسیقە ئازاد کراون.

دواى ئاشکرابوونى ئەم باسانە، چەندین فەرماندەى سوپا لە شارى پاوە بە سەرکردایەتى مەلا قادر قادرى کە تووشى کۆڕۆناش بووە، بۆ ئەم پرسە دانراون تا بەدواداچوون بکەن و سەرچاوەیەک باسى لەوە کرد کە "مەلا قادر گوتوویەتى دواى ئەو هەموو پارەبەردانەوەیە، بۆ ئەوەى ببنە عیبرەت بۆ خەڵکانى دیکە دەبێت سوارى کەریان بکەین و بە شارەکەدا بیانگێڕین تا ئابڕوویان بچێت!"