بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

یارسان ئایینێکی نەتەوەیییە

یارسان ئایینێکی نەتەوەیییە
پیرە یارسانییەکان پێیان باشە ئایینەکەیان ئاشکرا نەکرێت، بەڵام چەند ساڵێکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئەم ئایینە بڵاو دەبێتەوە
posted onNovember 16, 2018
noبۆچوون

 

فاکتەری سەرەکی هەر نەتەوەیەک بۆ پێکهێنانی کیانێکی سیاسی هەبوونی ئایین و کەلتوورێکی خۆماڵییە کە هەڵاتووی مەڵبەندی ڕەسەنی کەلتووری ئەو نەتەوەیە . تا بەم شێوەیە پێوەندی کۆمەڵگا لە گەڵ بناغەی میژوویی خۆی بپارێزرێت و لە پڕۆسەیەکی دیالێکتیکی خێراتر و باشتر  بەرەو سەرکەوتن هەنگاو هەڵبگرێت.

 

یارسان ئایینێکە کە هەڵاتووی  کەلتوور و داب و نەریتی  کوردستانە و ئەگەر کاریگەری ئەو هەڕەشانەی کە لە سەدەکانی ڕابردوو لەسەری زاڵ بووە وەلا بنرێت و هەندێ لایەن و شێوازی ژیانی بەڕۆژ بێتەوە دەتوانێ فاکتەرێکی گرینگ بێت لە پێکهێنانی چوارچێوەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی . فاکتەرێکی مێژوویی کە خاڵی زۆرێک لە ئایینە کۆنەکان وەکوو مانی و زەردەشتی لە خۆی کۆکردووتەوە . ئەم ئایینە لە درێژەی مێژوودا تووشی گۆڕان بووە و هەمووکات لایەنگرانی لە ژێر گوشاروتوندوتیژی و هەڕەشەی  کوشتن و بڕین  لە لایەن دینەکانی دیکە و بەتایبەت دینی ئیسلام بوون .

بەوتەی یەکێک لە یارسانییەکان: زۆربەی لایەنگرانی ئەم ئایینە خۆیان لە ئیسلام بە دوور دەگرن ، نە لەبەر ئەوەی کە دژ بە ئیسلام بین بەڵکوو بە هۆی ئازارێکەوە هەیە کە لە لایەن دەسەڵاتدارانی ئیسلامی پێمان کراوە و ئەم دوورگرتنە بووەتە بەشێک لە ناسنامەی ئێمە.

ئەگەرچی هەندێک لە لێکۆڵەران ئەڵێن یارسان ئایینێکی دەسکردە کە پاش هاتنی ئیسلام بە ڕۆژەڤ کردنی نهێنی و دۆناودۆنی ڕۆح لە بەرانبەری ئیسلام ڕاوەستاون بەڵام لە وتووێژێکدا لەگەڵ پیر و خاوەن قەڵەمێکی یارسانی گوتی : مێژووی یارسان لە کەلامی یاری، هەڵدەگەڕێتەوە بۆ پێش لە هاتنی ئایینی جوولەکە. بەڵام دوای هێرشی عەرەبەکان و داسەپاندنی ئیسلام لەسەر خەڵکی ئەم ناوچەیە  لایەنگرانی یاری بۆ پاراستنی ئایین ونهێنییەکانیان "سێڕی مەگوو" یان هێنایە ئاراوەو دین و باوڕی خۆیانیان شاردەوە . لەدرێژەی زەماندا بۆ ئەوەی خۆیان لەگەڵ بارودۆخی ڕۆژگاردا بگونجێنن ناچار بە تێکەڵاو کردنی هەندێک خاڵی دینەکانی دیکە لە گەڵ ئایینی یاری بوون و لە سەردەمی سەفەوییەکانیش بە هاتنەناو کەسایەتییەک وەکوو علی ابن ابی تالب لە ڕۆڵی کەسێکی دۆندار بە ئایینی یاری ، ڕواڵەتی ئەم ئایینە تا ڕادەیەک تێکچوو و ئەمە بووە هۆکارێک کە هەندێک کەس نێوی علی الهی لە یارسانییەکان بنێن. نێوێک کە هیچ پێوەندییەکی لە گەڵ ئایینی ئێمە نییە.

ئەم پیرە لە درێژەی قسەکەیدا گوتی : بەلایەنگرانی ئەم ئایینە ئەڵێن "یار" و سانیش بەمانای هەتاو یان ڕاستی یان خودایە. یارسان واتا لایەنگرانی ڕاستی یان ئەهلی حەق . مرۆڤ خودایی و یەکیەتی وجوود و یەکسانی لە بناغە سەرەکییەکان و بنەمای ئیعتقادی یارسانە. خودا لە ناخی مرۆڤدایە و بۆیە "حەلاج" بانگی "اناالحق" هەڵدێنێت.

باوڕ بە دونادۆن لە ئایینی یاریدا زۆر گرینگە . کاتی مەرگ ، جەستە تێکدەچێت بەڵام ڕۆح دەبێ قوناغەکانی خۆی تێپەڕ بکا. بۆ یارسان هەزار و یەک دون ڕەچاو کراوە . هەر یار دەبێ ئەم قوناغانە تێپەڕێنێ تا ژیانی جەستەیی کۆتایی پێ بێت و شیاوی گەیشتن بە ڕاستی و خودای ببێت.

نێوی کتێبی پیرۆزی یارسان "سەرنجام"ـە کە بە زمانی کوردی و بە دوو زاراوەی گۆران و سۆرانی و زۆرتر بە شیعر نووسراوە. کەلامی یاری بە درێژایی سەدەکانی ڕابردوو بە نهێنی و بە شێوەی زارەکی دەستاودەستی بەرەی نوێ کراوە. تەنبوور سازی پیرۆزی یارسانە و مۆسیقای یارییەکان لە ڕەسەنترین مێلۆدییەکانی کوردستانە کە جێژنە گەورە و پیرۆزەکانی خۆیان وەکوو جێژنی "خاونکار" بە ژەندنی ئەم سازە بەڕێوە دەبەن.

ئەگەرچی زۆربەی لایەنگرانی ئەم ئایینە ئەڵێن کە یاری دینی ڕەمز ونهێنییە و نابێ ئاشکرا بکرێت بەڵام لە چەن ساڵی ڕابردوودا بەرەی نوێ یاری وازیان لە شاردنەوەی ئەم ئایینە هێناوەو ئاهەنگە مەزهەبییەکانی خۆیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو دەکەنەوە.

لە وتووێژێکدا لە گەڵ یەکێک لە چالاکانی مەدەنی یارسان گوتی: چەندین ساڵە کە لاوانی یاری لە ددان پێنان بە ئایینی خۆیان لە کاتی ڕۆیشتن بە زانکۆکان و ناوەندەکانی دیکەی فێرکاری و ئیداری ترسێکیان نییە. ئەمڕۆ بەرەی نوێ یاری بە دوای شۆناسخوازی و ماف خوازی لەسەر بنەمای   فەرهەنگی ڕاستەقینەی خۆیانن و بۆیە بەدوای زیندووکردنەوەی ئەم ئایینەن کە ڕیشەی کوردی هەیە و زۆرتر لە ناوچەکانی کرماشان و ئیلام و خانقیندا دەژین.

ئەم چالاکی مەدەنییە سەرنجدان بە کێشەگەلێک کە بەرنگاری یارسانیان بووتەوە درێژەی دایە قسەکەی و گوتی: گەورەترین کێشەی لایەنگرانی یاری لە ئێراندا ئەوەیە کە پێگەیەکی یاسایی بۆ ئێمە ڕەچاو نەکراوە و لە یاسای بناغەییدا (دە ستوور)وەکوو کەمینەیەکی دینی هەروەک زەردەشتی و کریستیان نێومان لێ نەبراوە تا بەم شێوە بەدوای مافی سەرەکیەکانی خۆمان بین .هەروەها دەسەڵاتیش بە هەڵسوکەوتی جیاواز ونا مرۆڤانەیەک کە لە گەڵ ئێمەی هەیە تی بوەتە هۆی پەرەسەندنی ئازار و ناداد پەروەری بەرانبەر بە ئێمە لەنێو خەڵکی ناوچەکە . لە لایەکەوە زۆربەی مەرجەعە شێعەکان ئایینی یاری بەدەر لە دینی ئیسلام دەزانن و ئێمە بە ناپاک و کافر لە قەڵەم دەدەن و لە لایەکی دیکەشەوە کاتی ڕۆییشتن بە دەم و دەزگا حوکمییەکان و زانکۆکان داوامان لێدەکەن کە خۆمان بە لایەنگری ئایینی شێعە و یان لقێک لە شێعە نیشان بدەین تا بەم شێوە بتوانین بچینە نێو دەم و دەزگا حوکمییەکان .

ئەم قسانە هەمووی باس لە زووڵمێکی مێژوویی و لەڕادەبەدەر لەسەر لایەنگرانی یاری دەکا. ئایینێک کە بەشێک لە کەلتوور و تەمەدونی گەورەی ئەم ناوچەیە و یەکێک لە فاکتەرەکانی کۆمەڵگای کوردستانە بۆ پێکهێنانی کیانێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و خەزینەیەکی هەرەگەورەیە بۆ لێکوڵینەوە لەسەر ئوستوورە کوردییەکان.

ئایا کاتی ئەوە نەگەیشتووە کە لایەنگرانی ئەم ئایینە کوردییە "سێڕی مەگوو" وەلا نێن و بۆ ئاشکراکردنی ئایینی یاری هەنگاو هەڵبگرن و لێکوڵینەوەی لەسەر بکەن؟ "سێڕی مەگوو" کە لەسەردەمێکدا پارێزەری یارسان لە بەرانبەری شمشێری دەسەڵات بووە ئێستا ئەگەر درێژەی پێ بدرێت خۆی دەبێتە شمشێرێک کە لە ناویان دەبا.