بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

کەسایەتی ساڵ

 

پێنج سەربازی ئێرانى لەپاکستان ئازاد کران

پێنج سەربازی ئێرانى لەپاکستان ئازاد کران
posted onNovember 15, 2018
noبۆچوون

ئاژانسەکانى هەواڵى ئێرانی بڵاویانکردۆتەوە " لەکۆى 12 سەربازی رفێنراوی مانگی رابردوو لەسنوورى پاکستان، پێنج کەسیان ئازاد کراون"، کە لەلایەن گرووپێکى سوپاى دادوەرى بلوچی ئۆپۆزسیۆن رفێنرابوون.

لیوا مەحمەد عەلی جەعفەرى، فەرماندەى سوپاى پاسدارانى ئێران رایگەیاند " پێنج سەربازە ئازاد کراوەکە رادەستى حکومەتى پاکستان کراون"، بەڵام چارەنووسى حەوت سەربازەکەى دیار نیە.

جەعفەرى لەبارەى چۆنیەتى و شێوازی ئازاد کردنى ئەو پێنج سەربازەى هیچ زانیارییەکى نەدرکاندووە.

هاوکات رەمەزان شەریف، گوتەبێژى سوپاى پاسداران باسى لەوە کردووە " ئەوان (سوپای دادوەرى بلوچی، لەقۆناغی یەکەم پێنج سەربازیان ئازاد کردووە، سوپاش دەیەوێت هەموو رفێنراوان ئازاد بکرێن".

لەبەرامبەریشدا ئیسلام ئاباد هیچ لێدوانێکى لەبارەى فەرماندەى سوپای پاسداران نەدرکاندووە، بەڵام تەنها ئاماژەى بەوە داوە " کار لەسەر ئازاد کردنى سەربازە ئێرانییەکان دەکەن".

لەبەرەبەیانێکدا لەنزیک سنوورى میرجاوەى پارێزگای سیستان و بلوچستان لەباشوورى رۆژهەڵاتى ئێران سوپاى دادوەرى بلوچى هێرشی کردە سەر کاروانێکى سوپاى پاسداران و 12 سەربازی رفاندو بەرەو ناو خاکی پاکستان هەڵاتن.

ئەو ناوچەیە یەکێکە لەناسەقامگیرترین ناوچەکانى ئێران، کەبەردەوام پێکدادان لەنێوان سوپاى سنووری ئێرانى و گرووپە چەکدارە قاچاخچییەکانى ئەو ناوچەیە روودەدەن، کەچالاکییەکى فراوانى ماددە هۆشبەرەکانیان هەیە.

تاوەکو ئێستاش شێوازو هۆکارى رفاندنى ئەو سەربازانە ئاشکرا نەکراوە، تاران دووجار لەبارەى ئەو رووداوە زانیارییەکانى گۆریوە، دوایین جاریش باسى لەپرۆسەیەکى سیخورى و دەستێوەردان کردووە.