٤۰ ساڵە لە ژێر سێبەری کۆماری ئیسلامی، زانست و توانایی، مەرجی گەشەسەندن و سەرکەوتوویی نەبووە، بەڵکوو خۆفرۆشی و پەیوەندی لەگەڵ کاربەدەستان مەرجی چوونەسەرکار لە دامودەزگا حوکمییەکانە و سیستەمی پەروەردە وەک ئامرازێک دەورێکی باڵای بووە بۆ جێبەجێکردنی ئەم مەرجە.
بەپێ دوایین ڕاپۆرتی وەزارەتی زانست و خوێندنی باڵا: لە ئێران ۲٨٥۰ زانکۆ و دامەزراوەی خوێندنی باڵا هەیە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە لە چین بە حەشیمەتی ۱٥ ئەوەندەی ئێران تەنیا ۲٤٨۱ زانکۆ و دامەزراوەی خوێندنی باڵای بوونی هەیە.
کەچی سەرەڕای ئەم هەوو زانکۆیە لە ئێران، بلیمەتە ڕاستەقینەکان لە مامۆستایەتی و کاربەدەستی لە زانکۆکان بێبەشن و ئاستی زانستی زانکۆکان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ دادەبەزێت. لەلایێکی دیکەشەوە هەڵاتنی بلیمەتەکان لەئێران دیاردەیەکی ئاساییە و ئێران زۆرترین هەڵاتنی پسپۆری لێیە. بەپێ ئاماری فەرمی کۆماری ئیسلامی ڕێژەی هەڵاتنی بلیمەتەکان لە ئێران بەس لە ساڵی ۲۰۱٥ ، ۱۱ هەزار و ۳۰۰ خوێندکار بووە.
سیستەمی پەروەردە و ڕاهێنانی ئێران هەموو ساڵێک مامۆستا و کارمەندانی خۆی لە نێو ئەو تاقمە هەڵدەبژێرێت کە کۆیلیەتیان سەلماندبێت یان ئەوەی کە لە ئاست ناعەداڵەتییەکان بێدەنگ بن و یان بەشێوازێک بکرێت بێدەنگیان بکات. بۆیە هیچ شوێنێ بۆ گەشەسەندن و چالاکی بلیمەتەکان لە ئێران نامێنێت.
بەوتەی وەزیری پەروەردە و ڕاهێنان: تەنیا ئاکامی ئەم هەموو زانکۆیانە لە ئێران کە ئاستی زانستییانیش زۆر لە خوارەوەیە، بەرزکردنەوەی ڕێژەی بێکارانێک کە بڕوانامەی زانکۆیان هەیە. بە شێوەیەک کە ٥۷٪ بێکارانی ئێران بڕوانامەی زانکۆیان هەیە.