بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

ڤایرۆسى کۆرۆنا تاعەتى ئاخوندەکانى پەک خست

ڤایرۆسى کۆرۆنا تاعەتى ئاخوندەکانى پەک خست
AvaToday caption
posted onMarch 2, 2020
noبۆچوون

کارزان حەمید

 

لەگەڵ تەشەنەسەندنى ڤایرۆسی کۆرۆنا لەزۆربەى وڵاتان، حاڵەتى لەناکاوی باڵا ڕاگەینراوەو، کۆماری ئیسلامی ئێرانیش، کەیەکێکە لەوڵاتانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست زۆرترین رێژەى تووشبووانی بەو ڤایرۆسە تۆمارکردووە.

ژمارەى گیان لەدەستدانی بەهۆى ڤایرۆسى کۆرۆناوە، لەئێران (هەڵبەت بە پێى ئامارى خودى دەسەڵات کە ڕاست نییە)، بەرزترین ئاستى تۆمار کردووە و گەیشتووەتە سەرووى ٦٠ کەس، لەپاڵ ئەوانەش ژمارەى تووشبووان بەو ڤایرۆسە بۆ زیاتر لە ١٥٠٠ کەس بەرزبووەتەوە، کە ژمارەیەک بەرپرسى باڵاى تێدایە، وەک راوێژکاری حەسەن روحانی، سەرۆککۆمار بۆ کاروباری ئافرەتان و، جێگرى وەزیرى تەندروستى.

تەلەڤزیۆنى فەرمیی تاران بڵاوی کردەوە " بەهۆى بڵاوبوونەوەى ئەو ڤایرۆسە، دەسەڵاتداران بڕیاریانداوە نوێژى هەینى لەتاران هەڵپەسێرن"، هاوکات ئاژانسە فەرمییەکانیش ئاشکرایان کردووە " حکومەت هاتنەناوەوەى هاوڵاتیە چینیەکانى قەدەغە کردووە".

لەنێو تووشبووان بەو ڤایرۆسە مەعسومە ئیبتیکار، جێگرى سەرۆککۆمارە بۆ کاروبارى ئافرەتان و، ئیراج حەریرجی، جێگرى وەزیرى تەندروستیە، ڕاپۆرتەکان باسیان لەوە کردووە " بارى تەندروستى ئیبتیکار جێگیرەو، نەگواستراوەتەوە نەخۆشخانە"، بەڵام هەندێک سەرچاوە دووپاتیدەکەنەوە کە " خراوەتە ژێر کۆنترۆڵى تەندروستى".

کیانووش جهانپوور، گووتەبێژى وەزارەتى تەندروستى بەکەناڵى فەرمیی وڵاتەکەى گووت " لەماوەى ٢٤ کاتژمێری رابردوو ١٠٦ حاڵەتى تووشبوونى دووپاتکراوی نوێیان تۆمار کردووەو ژمارەى گیان لەدەستدانیش بۆ ٢٦ بەرزبووەتەوە". داواشى لەهاووڵاتیانى وڵاتەکەى کردووە " لەگەشتکردنى ناوخۆى وڵات خۆیان بەدوور بگرن، ئەگەر زۆر گرنگ نەبێت".

هێمای بەوە کردووە " پلانێکیان لەبەردەستە بۆ سەپاندنى کۆت بەسەر هەندێک ناوچەى پیرۆزی شیعەکان و، هەڵوەشانەوەى نوێژى هەینى لەهەندێک جێگادا". جهانپوور گووتیشى " سەدان کەس گوومانى تووشبوونیان بەو ڤایرۆسە لێدەکرا چاک بوونەوەو، لەنەخۆشخانەش دەرچوون".

ئێوارەى چوارشەممە دەسەڵاتداران و، خوودی روحانى رایانگەیاندووە "سەرەڕاى بەرزبوونەوەى ژمارەى تووشبووان بەڤایرۆسى کۆرۆنا، بەڵام بەنیاز نین، چاودێری تەندروستى لەسەر هیچ شارو گەرەکێک لەوڵاتدا بسەپێنن". بەڵام گووتەبێژەکەى وەزارەتى تەندروستى تاران جەخت لەوە کردەوە " حکومەت داخستنى هۆڵەکانى سینەماو هەڵپەساردنى کاتی چالاکییە کلتوورییەکان و کۆنگرەکانى بۆ هەفتەیەکى دیکە درێژ کردەوە".

رێژەى گیان لەدەستدانی دووپاتکراوی تووشبووانى ئەو پەتایە لەئێران سەدا ١٠ ـیەو، ئەمەش بەبەراورد لەگەڵ وڵاتانى دیکە رێژەکە لەسنوورى سەدا ٣ جێگیر بووە. لەلایەن خۆیەوە مایک ریان، بەرێوەبەرى جێبەجێکارى بەرنامەى فریاگوزاری تەندروستى رێکخراوى تەندروستى جیهانى لەجەنێڤ باسى لەوە دەکرد " نزیکترین هۆکار ئەوەیە ئەو نەخۆشە ماوەیەکى زۆرە بەبێ ئاگادار بوون گەیشتۆتە نێو ئێران، پانتای ئەو پەتایەش زۆر گەورەترە لەوەى هەستى پێدەکەین".

ئەمەش لەکاتێکدایە یەکەم دۆزینەوەى تووشبوون بەو ڤایرۆسە لەنێو ئەو وڵاتە هەفتەى رابردوو ڕاگەینرا. ریان دەشڵێت " پێدەچێت تاوەکو ئێستا حاڵەتە زۆر مەترسیدارەکان دۆزراونەتەوەو، لەداهاتووش حاڵەتە کاریگەرییە کەمەکان بەدەر دەکەون".

پێی وابووە " پرسەکە پەیوەندی بەچاودێرى پزیشکى نیە، بەڵکو پرسەکە پەیوەندی بەووردبینیە".

تایبەت بەو پرسەش بەگووتەى وەزارەتى دەرەوەى حکومەتى تاران، ئەمرۆ هەینى حکومەتى پەکین نزیکەى ٢٠ هەزار ئامێرى تاقیکردنەوەى ڤایرۆسى کۆرۆناو، چەند کەرەستەیەکى دیکەیان ڕادەست دەکات".

لەبارەى خۆپارێزی زۆربەى وڵاتان لەتووشبوون بەو ڤایرۆسە لەلایەن بەرپرسێکى ئەو رێکخراوە جیهانیەوە پووچەڵ دەکرێنەوەو، تیدرۆس ئەدهانۆم جیبریسۆس، بەرێوەبەرى گشتى رێکخراوی تەندروستى جیهانى دووپاتیدەکاتەوە " هەر وڵاتێک پێی وابێت رووبەرووى ڤایرۆسى کۆرۆنای نوێبوو نابێت، هەڵەیەکى کوشتندە دەکات، دەبێت وڵاتانى دەوڵەمەند کەهەست دەکات لەڕەوشێکى ئارامدایە، چاوەڕوانى سوپرایز بن".

ڕاشیگەیاند " تاوەکو ئێستا تاران بەبەراورد لەگەڵ پەکین بەرزترین رێژەى گیان لەدەستدانى تۆمارکردووەو، ئەگەری ئەوەش هەیە بڵاوبوونەوەیەکى زۆر خراپتر رووبەروو ببێتەوە".