بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

ئێران تاقە بژاردەیەکى بە دەستەوە ماوە

ئێران تاقە بژاردەیەکى بە دەستووە ماوە
دۆناڵد ترامپ: ئامانجی ئەو سزایانە ناچارکردنى ڕژێمە بۆ ئەوەى بژاردەیەکى ڕوون پەیڕەو بکات.
posted onNovember 3, 2018
noبۆچوون

 

لەگەڵ نزیکبوونەوەى جێبەجێکردنى قۆناغی دووەمى سزاکانى ویلایەتە یەکگرتووەکان بەسەر ئێراندا، سەرۆکى ئەمریکا ئەو وڵاتە لە بەردەم دوو بژاردە دانا کە بریتین لە: یەکەم: یا دەبێت سیاسەتەکانى خۆى بگۆرێت و دووەم: یا ڕووبەڕووى کارەساتێکى ئابوورى دەبێتەوە.

 

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکى ئیدارەى واشنتۆن ڕوونی کردووەتەوە " ئامانجی ئەو سزایانە ناچارکردنى ڕژێمە بۆ ئەوەى بژاردەیەکى ڕوون پەیڕەو بکات". ئەو بژاردانەش کە سەرۆکى ئەمریکا دیاریی کردووە "دەبێت دەستبەرداری سیاسەتە شەڕانگێزەکانى بێت لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و، دەست لە بەرنامە ئەتۆمی و مووشەکە بالیستیکەکانى بێت، یاخود گەورەترین کارەساتی ئابوورى بەرۆکى ڕژێمەکەى دەبێتەوە".

دواى شەش مانگ لەکشانەوەى ترامپ لە ڕێککەوتننامە ئەتۆمییەکەى کە ساڵى ٢٠١٥ لەنێوان تاران و شەش وڵاتە زلهێزەکەى جیهان واژوو کرابوون، هەینى بە شێوەیەکى فەرمیی واشنتۆن قۆناغی دووەمى سزاکانى بەسەر کۆمارى ئیسلامی سەپاند. ئەو سزایانەش کەرتەکانى نەوت، وزەو، بانکی ناوەندی گرتووەتەوە، کە ئەمەش تەواوکارى قۆناغی یەکەمى سزاکانە کە سەرەتاکانى ئاب (پووشپەڕ)ی ڕابردوو سەپێنران و، کەرتەکانى پیشەسازی، دارایی و مامەڵەی بازرگانى بە دۆلارى ئەمریکى لە خۆ گرتبوو.

بڕیارەکەى ئەمریکاش سەرجەم وڵاتان و  گەورە کۆمپانیا بیانییەکان ناچار دەکات لە نێوان بازاڕەکەى و بازاڕەکانى ئێران خۆیان یەکلایی بکەنەوە، چونکە واشنتۆن پێی وایە "هەر لایەنێک درێژە بەمامەڵەکانى لەگەڵ تاران بدات، ئەوا بێبەش دەبێت لەچوونە نێو بازاڕەکانی و بگرە ڕووبەرووى سزاش دەبێتەوە". کوشکی سپی ئەمجارە تووندتر لە جاران سزاکانى سەر کەرتى نەوتى ئێرانى و کڕیارانی تووندتر کردووە.

ترامپ جەختى لەوەش کردووەتەوە "جموجۆڵانەکانى ویلایەتە یەکگرتووەکان دژى ڕژێمى ئێرانی ئاراستە کراوە، بەڵام دژى گەلى ئێرانى نییە، کەماوەیەکى درێژە لەژێر ئەو ڕژێمە دەناڵێنێت"، گووتیشى " بۆیە پاکێجی دەرمان و خۆراکیان لە سزاکان دەرکردووە". کوشکی سپی لە بارەى سزاکان هیمای بەوە کردووە "تاوەکو ئێستا تووندترین سزایە بەسەر ئێراندا سەپێنرابێت".

سەرەڕاى سزاکانى واشنتۆن بەڵام سەرۆکى ئەمریکا ئامادەیی نیشان داوە "دانووستاندن لەگەڵ سەرکردەکانى کۆمارى ئیسلامی بکات، بۆ ئەوەى گفتوگۆ لەسەر ١٢ خاڵى مەرجی ئەمریکا بکاتەوە"، کە تایبەتن بە پرسەکانى تواناى ئەتۆمیی ئەو وڵاتە، کە لە نێو ڕێککەوتننامەکەى ٢٠١٥ ـدا هاتووە، هەروەها بڵاوەپێکردنى قەڵغانی مووشەکى بالیستى"، کە پێی وایە بووەتە هۆکارێک بۆ ناسەقامگیرى لە ناوچەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست. ترامپ دەشڵێت "لە ئامادەباشیشداین، بۆ ئەوەى بگەینە ڕێککەوتنێکى نوێ فراوانتر لەگەڵ ئێران".

کەمتر لە ٢٤ کاتژمێرى داهاتوو، سزاکانى واشنتۆن دەچنە بوارى جێبەجێکردنەوەو، بازاڕەکان و زۆربەى وڵاتانی جیهانیش چاوەڕوانى دوایین هەڵوێستەکانى ئەمریکایە بەرامبەر سزاکان.