برایان هۆک بەرپرسى کاروباری ئێران لە وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا، پشتیوانی خۆی لە ناڕەزایەتی گەلانی ئێران بە گووتەی ناوبراو "دژی ڕژیمی سەرکوتکاری کۆماری ئیسلامی" دەربڕی.
هۆک لە هەژماری تویتەری خۆیدا نووسی: دەمهەوێ ئەوڕۆ سەبارەت بە ناڕەزایەتی، ئازادی ڕادەربڕین و چاپەمەنی لە ئێران قسە بکەم. ڕێبەرانی ئێران بە پێی یاسای بنەڕەتی ئەو وڵاتە بەڵێنی پشتیوانی لە ئازادی ڕادەربڕین و چاپەمەنیان بە ئێران داوە و یاسای بنەڕەتی ئیزنی ئازادی پێکهێنانی کۆبوونەوە و ڕێپێوانی بۆ خەڵک دەرکردووە.
برایان هۆک لە درێژەدا نووسیویەتی: کۆماری ئیسلامی لە ماوەی ٤٠ ساڵی ڕابردوو هەموو ئەو خاڵانەی مافی مرۆڤی پێشێل کردووە و لە کاتی خۆپێشاندانەکانی چەند حەوتووی ڕابردوودا بە شێوەیەکی دڕندانە لە دژی مافەکانی خەڵکی جووڵاوەتەوە و ئیزنی دەستپێڕاگەیشتنی خەڵک بە ئەنتەرنێتی نەداوە و خەڵکی سڤیلی کووشتووە. ئەمریکا بە تووندی ئەو کارەی کۆماری ئیسلامی مەحکوم دەکات و پشتیوانی لە خۆپێشاندەرانی ئەو وڵاتە بە مەبەستی هاتنە سەر کاری دەوڵەتێک کە بە راستی نوێنەریان بێت دەکات نە حکومەتێک کە لە لایەن گەندەڵانەوە و بە مەبەستی دابینبوونی بەرژەوەندی کەسانی گەندەڵ بەڕێوە دەبرێت.
هۆک لە درێژەی قسەکانیدا جەختی لەوە کردۆتەوە ئەمریکا سوور دەبێ لە سەر درێژەدان بە سیاسەتی بەرامبەر بە ئێران و گەمارۆی زیاتر بە تایبەت لەسەر ئەو کەسانەی بەشدارن لە سەرکوتی ئازادی ڕادەربڕینی خەڵک دادەنێ. هەر لەو چوارچێوەدا ئێمە گەمارۆ دەخەینە سەر محەمەد جەواد جەهرومی وەزیری پەیوەندییەکانی ئێران و ڕایدەگەیەنین گەمارۆی زیاتر لە دژی کۆماری ئیسلامی لە ڕێگەدایە.
بە گووتەی برایان هۆک کۆماری ئیسلامی لە ماوەی ڕابردوودا هەوڵەکانی لە دژی ڕۆژنامەنووسان و بنەماڵەکانیان لە ناوخۆ و دەرەوەی ئێران زیاد کردووە بە تایبەت لە دژی ڕادیۆ ئەمریکا، ڕادیۆ فەردا، بی بی سی فارسی، ئێران ئینتێرناشناڵ . لە درێژەدا گووتی ڕژیمی ئێران پێشینەیەکی ڕەشی هەیە لە گرتن و کووشتنی ڕۆژنامەنووسان و بۆیە ئێمە بە ئامانجگرتنی ڕۆژنامەنووسان لە لایەن ئەو ڕژیمە مەحکوم دەکەین.