بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

سەرکردەیەکى هاوپەیمانى سائیرون: گوومانم لە سەرکەوتنى پرۆژەکەى عادل عەبدولمەهدى هەیە 

سەرکردەیەکى هاوپەیمانى سائیرون: گوومانم لە سەرکەوتنى پرۆژەکەى عادلعەبدولمەهدى هەیە 
AvaToday caption
 دوو پێوەر هەیە بۆ پێکهێنانى دەوڵەت لە عێراق: فرەڕەنگى و هاووڵاتیبوون
posted onOctober 20, 2018
noبۆچوون

 

بەرپرسێکى باڵاى هاوپەیمانى سائیرون لە نێو ئەنجومەنی نوێنەرانى عێراق ئاماژە بەوە دەکات "پێکهێنانى حکومەتى نوێی وڵاتەکەى لە کۆتاییەکانى نزیک بووەتەوە".

 

رائید فەهمی، سەرکردەى هاوپەیمانى سائیرون، کە لەلایەن موقتەدا سەدر ڕابەرایەتى دەکرێت بە تۆڕی میدیایی ئاڤا تودەى ڕاگەیاند "پێشبینى دەکرێت هەفتەى داهاتوو پێشکەش بکات، بەڵام هەندێک پرس هەیە پێویستى بە یەکلاییکردنەوە هەیە و ئومێدەوارین  لەم دوو ڕۆژەى داهاتوو یەکلایی ببنەوە." ڕوونیشی کردەوە "پێکهاتەى ئەم جارەى حکومەت بە بەراورد لەگەڵ حکومەتەکانى پێشوو جیاوازییەکى زۆرى هەیە، بەتایبەت لە ڕووى نوێنەرایەتى جۆری و جوگرافی جیاوازی لە خۆ گرتووە، هەروەها کۆمەڵێک کەسایەتى لێهاتوو و پیشەیی و دەستپاک و سەربەخۆ لە فەرمانڕەوایی حیزبەکان لەخۆ دەگرێت".

زۆر کەس هیوایان بە عادل عەبدولمەهدى هەڵنچنیوە پێچەوانەى ئەوانەى پێیان وایە شکست دەهێنێت

زۆر کەس هیوایان بە عادل عەبدولمەهدى هەڵنچنیوە پێچەوانەى ئەوانەى پێیان وایە شکست دەهێنێت

 

فەهمی کە هاوکات سکرتێری کۆمیتەى ناوەندی حزبی شیوعی عێراقە گووتى "ئەم حکومەتە ئەگەر ڕووناکی بینی، ئەوا لە تواناى دایە بەرەنگاری ئەو ڕێگرانەى بەردەمی بێت، هەروەها پرسى چاکسازی و دەرچوون لە ڕێڕەوی دابەشکاری ئەنجام دەدات"، ئاشکراشی دەکات "جۆرێک لەجۆرەکان دابەشکاری بوونى هەیە، بەڵام لە ئالیەت و پەیوەندییەکانى حکومەت و حزبەکان جیاوازی دەبێت، تەنانەت پەیوەندییەکانى ناوخۆى حکومەتیش جیاواز دەبن و، هەماهەنگی فراوانتر بەدی دەکرێت.

لەگەڵ سەروبەندی هەڵبژاردنى بەرهەم ساڵح وەک سەرۆککۆمارى نوێی عێراق، عادل عەبدولمەهدی سیاسەتمەداری سەربەخۆی بەغدا وەک کەسایەتییەکى بێلایەنى نێو لایەنە سیاسییەکان ڕاسپێدرا بۆ ئەوەى حکومەتى نوێ لەماوەى ٣٠ ڕۆژ ڕابگەیەنێت.

فەهمی، کە لە کابینەکانى پێشوو وەزیرى زانست و تەکنەلۆژیاى عێراقی بووە لەبارەى پێکهاتەى ئێستا هاوپەیمانییەتییەکانى نێو پەرلەمانى وڵاتەکەى دەڵێت "ئەوەى هەیە دوو هاوپەیمانى سەرەکیی هەیە کە ئەویش فراکسیۆنى چاکسازی و ئاوەدانکردنەوەو فراکسیۆنى بنیاتە، کە لە کۆمەڵێک هێزی جیاوازی پێکهاتەکان  لە ڕووی مەزهەبی و سیاسی دروستبوونە، ئەمەش جۆرێک لەو گۆڕانکارییە سیاسییە بۆ دەرچوونە لەو دابەشکارییە پێکهاتەییە کە پێشتر هەبوون".

جەخت لەوە  دەکاتەوە "پێویستە ئەمەش ڕەنگدانەوەى لە زۆربەى بابەتەکاندا هەبێت، کە ڕژێمێکى دابەشکاری و نەتەوەیی دروستکردبوون و شکستى هێنابوون لەبەڕێوەبردنى دەوڵەتدا". سەرکردەکەى هاوپەیمانى سائیرون هیماى بەوە کردووە "ئەوەش مانای ئەوە نییە، ئەو پڕۆسەیە کاریگەرى لە بەشدارییکردنى پێکهاتەکان بێت لە دیاریکردنى نوێنەرەکانیان لە نێو دامەزراوەکانى دەوڵەتدا".

لەبارەى ئالیەتى دەستنیشانکردنى کەسایەتییەکان بۆ پێکهاتەی حکومەتەکەى عادل عەبدولمەهدی دووپاتی دەکاتەوە "دوو پێوەر هەیە بۆ دەستنیشانکردنى نوێنەرایەتیکردنى لایەنەکان، یەکەمیان ئەو فرە ڕەنگ و پێکهاتەى کۆمەڵگەى عێراقی بەخۆیەوە دەبینێت، پێویستە لەنێو دامەزراوەکانى دەوڵەتدا ڕەنگدانەوەى هەبێت، لەبەرامبەریشدا حکومەت زیاتر بەرەو ڕێڕەو و پێناسەى هاووڵاتیبوون نزیکتر ببێتەوەو، مامەڵەکانیشى لەگەڵ خەڵک لەسەر بنەماى یەکسانى بێت".

هاوپەیمانى سائیرون لەگەڵ فراکسیۆنى نەسر، ڕەوتى حیکمە و نیشتیمانى و بەشێک لە سوننەکان، هاوپەیمانى چاکسازی و ئاوەدانکردنەوەیان پێک هێناوە کە ئامانجیان ئەنجامدانى چاکسازییە لە دامەزراوەکانى دەوڵەتدا. فەهمی گوومانى هەیە لەوەى عەبدولمەهدی ١٠٠% سەرکەوتوو بێت لەپرۆژەکەى، بەڵام نایشارێتەوە کە "بەشێکى زۆرى حکومەتەکەى عەبدولمەهدی بەپێی ئەو پێوەرە دەبێت کە هەوڵى بۆ دەدات لە ڕووى پیشەیی و تەکنۆکرات وسەربەخۆیی و دوور لەفشارەکان دروست بکات". سووریشن لەوەى فراکسیۆنى سائیرون هیچ کاندیدێکى لەنێو کابینە نوێیەکەى حکومەت نابێت، بەڵکو پشتگیریش لە کارەکانى دەکەن.

سەدر لە دواى ڕاسپاردنى عەبدولمەهدی بۆ پێکهێنانى حکومەتى نوێ، ماوەى یەک ساڵى پێشکەش کرد، تاوەکو پرۆسەى چاکسازی ئەنجام بدات. چاوەڕوان دەکرێت لەم هەفتەیە یاخود دواى تەواوبوونى مەراسیمى چلەى شێعە مەزهەبەکان حکومەتى نوێی عێراق لە نێو پەرلەماندا بخرێتە دەنگدانەوە، بۆ ئەوەى متمانەى پەرلەمانتاران بەدەست بهێنێت.