بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

مردنى جەمال خاشقچی و بەرگریکارانى سەرکوتکەر

مرددنى جەمال خاشقی و بەرگریکارانى سەرکوتکەر
تورکیە و ئێران بوونەتە بەرگریکارى ڕۆژنامەنووسەکە کەچى دەستیان سوورە بە خوێنى دەیان ڕۆژنامەنووس
posted onOctober 20, 2018
noبۆچوون

 

دواى ١٨ ڕۆژ لە چوونە نێو قونسوڵخانەى وڵاتەکەى لە شارى ئەستەنبوڵى تورکیا، شانەشینى عەرەبی سعودیە دواجار دانى بە "مردنى جەمال خاشقچی"، ڕۆژنامەنووس و هاووڵاتی سعودى نا.

 

خاشقچی، ئەو ڕۆژنامەنووسەیە کە دیارنەمانى لەنێو قونسوڵخانەى وڵاتەکەى، هەرایەکى نێودەوڵەتى بە دواى خۆیدا هێنا، تا ئێستاش سەرەڕاى ڕاگەیاندنى مردنەکەى هێشتا لاشەکەى دیار نییە. ئەو ڕۆژنامەنووسە سعودیە دواى ئەوەى بۆ ڕاییکردنى مامەڵەى تایبەتى خۆی لە 2 تشرینى یەکەم (سەرەتاى خەزەڵوەر)، سەردانى قونسوڵخانەى وڵاتەکەى کرد، بەڵام دەرناچێت و دوای چەند کاتژمێرێک دەزگیرانە تورکەکەى پەیوەندی بە بەرپرسانى وڵاتەکەیەوە دەکات و، داواى دیاریکردنى چارەنووسى ئەو ڕۆژنامەنووسە دەکات.

سەرەتا ڕیاز ئامادە نەبوو هیچ زانیارییەک لەبارەى خاشقچی ڕابگەیەنێت، لە بەرامبەریشدا حکومەتى تورکیا لە ڕێگەى میدیاکانەوە چەندین زانیاریی وردی لەبارەى ئەو ڕووداوە بڵاو کردەوە بەبێ ئەوەى هەڵوێستێکى فەرمیی لەسەر ئەو کەیسە ئاشکرا بکات. ئەنکەرا لە کاتژمێری یەکەم دووپاتی کردەوە "ڕۆژنامەنووسە سعودیەکە کوژراوە"، بەڵام ئاشکراى نەکرد چۆن و بە چ شێوەیەک ئەو زانیارییانەى دەست کەوتووە.

بە پێی هەندێک زانیاریی لەبارەى ڕووداوەکان ئاماژەیان بەوە داوە "ئەنکەرا لەر ڕگەى سیخور و کامێرای چاودێری کە لە نێو ئەو قونسوڵخانەیەدا چاندووە، زانیارییەکانى دەست کەوتووە، بەڵام نایەوێت ئەو پرسە بە ئاراستەیەکى مەترسیدار هەنگاو بنێت و، قەیرانێکى دیپلۆماتى لە نێوان هەردوو وڵات دروست بێت".

بەرەبەیانى یەکشەممە ڕیاز لە ڕێگەى ڕاگەیێنراوێکى فەرمیدا جەختى لەوە کردەوە "جەمال خاشقچی، لە ڕێگەى دەمەقاڵێی لەگەڵ کۆمەڵێک کەس لە نێو قونسوڵخانەى وڵاتەکەیان لە ئەستەنبوڵ گیانی لە دەست داوە". پاش ئەو ڕاگەیێنراوە، شاه سەلمان کوڕی عەبدولعەزیز، بڕیاری سزادان و دوورخستنەوەى ژمارەیەک کەسایەتى نێو وڵاتەکەى دەرکردووە کە بەشێکیان پۆستى باڵایان هەیە، بە تایبەت لە نێو دامەزراوەى هەواڵگری.

هاوکات شای ئەو وڵاتە لێژنەیەکى لێکۆڵینەوەى بە سەرۆکایەتى محەمەد کوڕی جێنشینى شاه دروست کردووە بۆ ئەوەى هۆکارى ئەو پرسە ئاشکرا بکەن.

 

ڕۆژئاوا گومانى لە ڕووداوەکە هەیە

گومان لە شا محەمەدى کوڕى شا سەلمان دەکرێت کە خۆشى سەرۆکى لێژنەیەکى لێکۆڵینەوە ئەم ڕۆژنامەنووسەیە!

گومان لە شا محەمەدى کوڕى شا سەلمان دەکرێت کە خۆشى سەرۆکى لێژنەیەکى لێکۆڵینەوە ئەم ڕۆژنامەنووسەیە!

 

هاوکات جگە لە دۆناڵد ترامپ سەرۆکى ویلایەتە یەکگرتووەکان زۆربەى وڵاتە ئەوروپی و ڕۆژئاواییەکان باوەڕیان بە ڕاگەیێنراوەکەى حکومەتى ڕیاز نییە کە باس لە "مردنى خاشقچی بە هۆى دەمەقاڵێ و شەڕی نێو قونسوڵخانەی دەکرد".

بەریتانیا پرسەکەى بە "مەترسیدار وەسف کردووە" و داواى سزادانى بەرپرسانیش دەکات، ئێستاش بە دواى هەنگاوی داهاتوو بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو کەیسە دەگەرێت. هەروەها هۆڵەندا، ئوسترالیا، پەرلەمانى ئەوروپا، یونسکۆ، ئەمنیستى نێودەوڵەتى  گومانیان لە لێکۆڵینەوەکانى ڕیاز هەیە و ڕایانگەیاندووە "زۆربەى ڕووداوەکانى نێو ئەو کەیسە هێشتا نامۆیە و پێویستى بە وەڵامە، بە تایبەت لەوەى کێ بەرپرسیار لەو کەیسە".

تورکیا و ئێرانیش وەک دوو وڵاتى گەورەکەرى پرسەکەى ئەو ڕۆژنامەنووسە دەبینرێن، کەچى لە کاتێکدایە کە تورکیە بە زیندانى ڕۆژنامەنووسان دەناسرێت و کۆمارى ئیسلامیش فایلێکى هێندە ڕوون و خاوێنى نییە بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان و تەنانەت دەستى لە کوشتنى ڕۆژنامەنووسان هەیە لە دەرەوەى وڵات و خودى تورکیەش.

 

 

بەرپرسیاری سەرەکیی کەیسەکە نامۆیە:

بەرگریکاران لە دیاریکردنى چارەنووسى خاشقچى لەبەردەم قونسوڵخانەى سعودیە لە تورکیە

بەرگریکاران لە دیاریکردنى چارەنووسى خاشقچى لەبەردەم قونسوڵخانەى سعودیە لە تورکیە

 

لە سەروبەندی دیارنەمانى خاشقچی، بەرپرسانى هەواڵگری ئەمریکا ئاشکرایان کرد "کۆمەڵێک پەیوەندیی تەلەفۆنیان چاودێری کردووە تایبەت بووە بە سعودییەکان، کە پیلانیان بۆ ڕفاندن و لەناوبردنى ئەو ڕۆژنامەنووسە داناوە". هیمایان بەوەش کردووە کە "پیلانەکە ڕاستەوخۆ لە لایەن کوڕی سەلمان جێنیشینى سعودیە داڕێژراوە"، مێژووى ئەو چاودێریکردنەش بۆ نزیکەى ساڵێک لەمەوبەر دەگەرێتەوە.

تورکیاش پچڕاندنی پەیوەندی بە خاشقچی، کۆمەڵێک وێنە و زانیاریی مەترسیدارى لە بارەى تیمێکى ڕیاز بڵاو کردووەتەوە کە بە گووتەى خۆى "پێش کوشتنى خاشقچی، گەیشتوونەتە نێو قونسوڵخانەى وڵاتەکەیان و، کاتێک ڕۆژنامەنووسەکە چووەتە ژوورەوە ئەشکەنجەیان داوەو، دواتر لە ڕێگەى مشارى تایبەت بە ئێسقان پارچە پارچەیان کردووە".

هەر زوو میدیاکانى ئەنکەرا و جیهان، وێنەى ئەو ١٥ کەسەیان بڵاو کردەوە کە زۆربەیان لە کەسە نزیکەکانى جێنیشینى سعودیەن، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە "ئەوان بە فەرمانى محەمەد کوڕی سەلمان پلانی کوشتنى ڕۆژنامەنووسەکەیان داوە". میدیایەکى ئەمریکی لە چەند سەرچاوەیەکى نزیک لە بنەماڵەى پاشایەتی بڵاوی کردووەتەوە "شاى وڵات پێنجشەممەی ڕابردوو نزیکترین کەس لە خۆیدا ڕەوانەى ئەستەنبوڵ کردووە، بۆ ئەوەى ئاوێک بەو ئاگرەدا بکات و، قەیرانەکان قۆرخ بکەن".

تەنانەت لە نێو بنەماڵەى پاشایەتیشدا دەنگی ناڕەزایی بەرز بووەتەوە و داواى ڕوونکردنەوەى زیاتر دەکەن. ئاشکرایان کردووە "شا سەلمان، لە ڕێگەى کەناڵە فەرمییەکانى وڵاتەکەیەوە زانیارییەکانى بەدەست دەگەیشت، ئاگای لە ڕووداوەکانى پشت پەردە نەبووە، چونکە سەرجەم کاروبارەکانى کوشکى پاشایەتى ڕادەستى میر محەمەدی کوڕی کردووە.

ئەمەش وای کردووە، شا سەلمان بڕیارى دوورخستنەوە و سزادانى کۆمەڵێک کەسایەتى نێو دەسەڵاتى وڵاتەکەى دەربکات، وەک پەیامێکە کە هێشتا ئەو دەسەڵاتى ڕەهای وڵاتەکەى بە دەستەوەیە. هەرچەندە لە چەند ڕۆژى ڕابردوو ڕیاز هەڕەشەیەکى تووندی ئاراستەى کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى و ئەمریکا کرد، لە هەر ئەگەرێکى ئاڵۆزیی سیاسی لە پرسى خاشقچی سەرهەڵبدات، بەڵام دانپێنانەکەى ئەمڕۆی ئەو وڵاتە دەری دەخات، کە ئەو وڵاتە لە ئاڵۆزییەکى ناوخۆیی دایەو، بەسەر دوو بەرە دابەش دەبەن.

سەرچاوەکانى نێو بنەماڵەى پاشایەتى دەڵێن "ئەو هەڕەشەیە تەنها لە کوڕی سەلمانەوە دەرچوون، ئەگینا پاشا هیچ بڕیارێکى لەو شێوەیە دەرناکات".

ئەوەى ئێستا جیهان چاوەڕوانی دەکەن، پاش دووپاتکردنەوەى مردنی جەمال خاشقچی، لاشەکەى لە کوێ دایەو، چۆنیش کوژراوە.

خەدیجە جەنگیز کە خەڵکى تورکیایە، دەزگیرانى خاشقچى ڕۆژنامەنووسى سعودى ـ ئەمریکى بوو.

خەدیجە جەنگیز کە خەڵکى تورکیایە، دەزگیرانى خاشقچى ڕۆژنامەنووسى سعودى بوو.