بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

ژەنەڕاڵە کوردەکە: تورکیە داعشی زیندوو کردەوە

ژەنەڕاڵە کوردەکە: تورکیە داعشی زیندوو کردەوە
AvaToday caption
posted onNovember 13, 2019
noبۆچوون

فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریەی دیموکرات مەزڵووم کۆبانێ لە چاوپێکەوتن لەگەڵ کاناڵی سکای نیوزی ئەمریکا باسی لەوە کردووە هێرشەکانی تورکیە بوونە هۆی زیندووبوونەوەی جارێکی دیکەی داعش.

 

بە گووتەی عەبدی هێرشەکانی تورکیە بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان و پشتگوێخستنی چەکدارە دیلەکانی داعش لە لایەن وڵاتانی ئەوروپایی وای کردووە داعش جارێکی دیکە خۆی بە ڕێکخستن بکات و زیندوو ببێتەوە. کۆبانێ زیندووبوونەوەی داعشی بە مەترسییەکی جدی ناو بردووە کە لە لایەن وڵاتانی ئەوروپایی پشتگوێ خراوە.

لە درێژەی ئەو بەشەی قسەکانیدا گووتویەتی: هێرشەکانی تورکیە ڕێگەی خۆش کرد بۆ ئەوەی جارێکی دیکە داعش لاق بگرێتەوە و بتوانێ لەسەر پێی خۆی ڕابوەستێتەوە.

فەرماندەی هەسەدە سەبارەت بەچەکدارە دیلەکانی داعش لە ڕۆژئاوای کوردستان بە سکای نیوزی ئەمریکی گووت: زیاتر لە ٥ هەزار چەکداری داعش لە دەستی ئێمەدان، پێویستە ئەو دیلانە چاودێری بکرێن لەبەر ئەوەی گۆڕانکارییەکانی ئەو ناوچەیە نادیارە.

فەرماندەی هەسەدە لە درێژەی قسەکانیدا باسی لە هێرشی تورکیە بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان کرد و گووتی ئەو هێزە چەکدارانەی بەرەی نوسرە و ئەلقاعیدە کە ساڵەکانی ٢٠١٣ و ٢٠١٤ هێرشیان دەکردە سەر هەرێمەکە، ئێستا هاوشانی دەوڵەتی تورکیە هێرش دەکەنەوە سەر ئێمە.

مەزڵووم کۆبانێ لە کۆتایی قسەکانیدا گووتی: لە کاتێکدا ئەمریکا و فەرانسە بەڵێنی گەڕاندنەوەی چەکدارە دیلەکانی داعشیان پێدابووین، بەڵام لە هەڵوێستەکانیان پاشگەز بوونەتەوە.