
نوام چۆمسکى و چەندین مامۆستاى باڵاى زانکۆکانى ڕۆژئاوا خوازیارى گەمارۆخستنە سەر تورکیە و بەرگرتن بوون لە پاکسازى نەتەوەیی کوردەکان.
نوام چۆمسکى و دەیڤید گرابێر و برایان ئانۆ لەگەڵ سەدان مامۆستاى زانکۆ و هونەرمەند لە سەراسەرى دونیا کەوتوون و بانگەوازێکیان لەسەر گەمارۆکردنى تورکیە واژوو کردووە. لە بانگەوازەکەدا هاتووە "ڕۆژئاوا تیشکى هیوا و ئۆمێدى دونیایە"!
گرابێر، نووسەر و مامۆستاى زانکۆ، هۆکارى پاڵپشتیکردنى ڕۆژئاوا بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە "ڕۆژئاوا تیشکى هیوایە بۆ خەڵکى دونیا. ئێمە ئێستا ڕووبەڕووى بەرچاوگەیەک لە نەسلکوژى و کۆمەڵکوژیی ئاشکراداین". بە قسەى ئەم نووسەرە، دامەزراوە زانکۆییەکانى تورکیە بە قووڵى لەگەڵ سەرمایەدارى تورکیە و کۆمەڵەى پیشەسازییە سەربازییەکانى دەوڵەت تێکەڵاو بوونە و پەیوەندییان هەیە.
زۆرێک لە زانکۆکان وەک بزوێنەرى تەکنەلۆژیاى سەربازى تورکیە کار دەکەن و بوونەتە هۆى بەهێزبوونى کۆمپانیاکانى چەک و چۆڵى زاڵمانەى ئەم دەوڵەتە.
لە بەیاننامەکەى نوام چۆمسکى ومامۆستایان و هونەرمەندانى دونیادا داوا لە زانکۆکان و فێستیڤاڵەکانى سەراسەرى دونیا کراوە کە گەمارۆ بخەنە سەر بەشداری و هاوکارى و کارکردن لەگەڵ دامەزراوە و کۆمپانیاکانى سەر بە دەوڵەتى تورکیە و هەموو ئەو ناوەند و دامەزراوانەى کە سوود لە بودجەى دەوڵەتى تورکیە وەردەگرن.