بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

حەوتەمین ڕۆژی هێرشی تورکیە بۆ سەر ڕۆژئاوا

حەوتەمین ڕۆژی هێرشی تورکیە بۆ سەر ڕۆژئاوا
AvaToday caption
posted onOctober 15, 2019
noبۆچوون

بە تێپەڕبوونی حەوت ڕۆژ لە هێرشی تورکیە بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان بەرپرسانی ئەو بەشەی کوردستان ڕۆژی ٢٣ ڕەزبەر ڕایگەیاند بە هۆی ئەو هێرشانە ٢٧٥ هەزار کەس ئاوارە بوون کە لە نێو ئاوارەکان ٧٠ هەزار منداڵ هەیە.

 

وەزارەتی بەرگری ڕووسیە ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند ئەرتەشی سوریە بۆ ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ هێرشی تورکیە کۆنترۆڵی شاری منبج و دەوروبەری بە دەست گرتووە. لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە ئەرتەشی سوریە لە خاڵی سیفری سنوری لە باکوری ڕۆژهەڵاتی تورکیە و لە درێژایی ناوچەی یەکگرتنەوەی هێزەکانی سوریە و تورکیە خەریکی مانۆڕ لێدان و سوڕانەوەیە.

وەزارەتی بەرگری تورکیە ڕایگەیاندووە بەهۆی هێرشی هێزە کوردەکان ڕۆژی سێشەممە ٢٣ ڕەزبەر لە شاری منبج لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریە سەربازێکی تورک کوژراوە و هەشت سەربازی دیکە بریندار بوون. بەیانی ڕۆژی سێشەممە دەوڵەتی سوریە ڕایگەیاندبوو کە ئەرتەشی ئەو وڵاتە چووەتە ناو خاکی منبج بەڵام هێزە چەکدارەکانی تورکیە ڕایانگەیاندووە زۆربەی ئەو هێزانە چەکدارانی کوردن.

مافی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتووەکان: ئەگەری هەیە ئانکارا  بەرپرسی ئێعدامی چەند کەس لە هێزە کوردەکان و سیاسەتوانێکی کورد بێت. ڕۆپێرت کولویل وتەبێژی نووسیگەی ماڤی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ژێنۆ گووتی: دیمەنی ڤیدیۆیی ئەو ئێعدامانە کۆدەکاتەوە و پێدەچێت کووژرانی ئەو کەسانە لە لایەن چەکدارانی ئەحرار ئەلشەرقیە ئەنجام درابێت.

کولویل لە درێژەدا گووتویەتی تا ئەو کاتەی تورکیە کۆنترۆڵی بەسەر ئەو گرووپانە هەیە ئانکارا دەتوانێ وەک وڵاتی بەرپرسی ئەو کارانە بناسرێت. ئێمە داوا لە تورکیە دەکەین بەپەلە لێکۆڵینەوەیەکی بێ لایەنانە ڕوون و سەربەخۆ دەست پێ بکات.

ڕۆژئاوااااا

ئێمانوێل ماکرۆن سەرکۆماری فەرانسە ڕۆژی دوشەممە ٢٢ ڕەزبەر لە کاتی قسەکردنێکی تەلەفۆنی لەگەڵ دۆناڵد ترامپ جەختی لە پێشگرتن بە دووبارە سەرهەڵدانەوەی داعش کردەوە. ڕۆیتەرز بڵاوی کردووەتەوە فەرانسە و ئەمریکا نیگەرانی هاوبەشیان هەیە و ڕێککەوتوون لەسەر ئەوەی لە ماوەی هێرشەکانی تورکیە بۆ باکوری سوریە پێکەوە هاوئاهەنگی بکەن.

تەلەڤزیۆنی ئەرتەشی سوریە لە منبج ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند ئەرتەشی ئەو وڵاتە چووەتە نێو منبج. چوونی ئەو هێزانە دوای ئەوە دێت کە هێزەکانی سوریەی دیموکرات ڕایانگەیاند بە ناوبژیوانی ڕووسیە لەگەڵ سوریە گەیشتوونە ڕێککەوتن. هێزەکانی سوریەی دیموکڕات ڕایگەیاندووە دۆخی ئاوارەکان بە چوونە دەری ڕێکخراوەکانی تایبەت بە مافی مرۆڤ و پچڕانی هاوکارییە مرۆڤدۆستانەکان بە تەواوەتی خراپ بووە.

سەرکۆماری تورکیە ڕۆژی سێشەممە  ڕایگەیاند هێرشی ئەو وڵاتە بۆ باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریە تا گەیشتن بە ئامانجەکانمان درێژەی دەبێت.