بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

جان کێرى: ئەگەری ڕوودانى شەڕى ئەمریکا و ئێران لە جاران زیاترە

جان کێرى: ئەگەری ڕوودانى شەڕى ئەمریکا و ئێران لە جاران زیاترە
دۆناڵد تڕامپ ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئێرانی بە مەترسیدار و سەقەت وەسف کردووە
posted onOctober 6, 2018
noبۆچوون

 

جان کێری وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێ بە چوونە دەری وڵاتەکەی لە بەرجام شیمانەی ڕوودانی شەڕ لە نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران لە جاران زۆرترە.

 

ڕۆژی هەینی جان کێری وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمریکا و ئەندامی ئەنجوومەنی هزری پێوەندییە دەرەکییەکانی ئەمریکا گووتی لە دوای ئەوەی دۆناڵد ترامپ بڕیاڕی هاتنە دەر لە ڕێککەوتننامەی بەرجامی دا، ئەگەرەکانی سەرهەڵدانی شەڕ لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناڤین لە جاران زیاترە. کێرى هۆکاری ئەوەی گەڕاندووەتەوە بۆر ئەوەى کە هێندێک کەس ئاواتی ئەوەیان هەیە ئەمریکا هێرشی نیزامی بکاتە سەر ئێران.

تویتەکەى دۆناڵد ترامپ دژى یەکتربینینى کێرى و زەریف

تویتەکەى دۆناڵد ترامپ دژى یەکتربینینى کێرى و زەریف

 

لەو بارەوە جان کێری لە درێژەی قسەکانیدا گووتی مەلیک عەبدوڵا پاشای پێشووی عەرەبستان و حوسنی موبارەک سەرۆککۆماری پێشووی میسر بە نهێنی بە کێرییان ڕاگەیاندبوو کە پێویستە ئەمریکا هێرش بکاتە سەر ئێران و تەنانەت بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئێسرائیل کە بە گەورەترین ڕەخنەگەری بەرجام بە ئەژمار دێت داوای لە باراک ئۆباما کردبوو کە ئەمریکا ئێران بۆردومان بکات.رجا کێری لە درێژەی دانیشتنی ژووری هزری ئەنجومەنی پێوەندییە دەرەکییەکانی ئەمریکا باسی ئەوەشی کردبوو کە واشنگتۆن لە سەردەمی دەسەڵاتداری ئەودا هەوڵی ئەوەی دەدا هێدی هێدی ئێران بەرەو درووستکردنی هێندێک گۆڕانکاری لە یەمەن ببات و ئەوەشی هێنابووە زمان کە حەسەن ڕوحانی بە هۆی کارگەرییەکانی ئەمریکاوە توانیبووی ئەو وڵاتە بەرەوە ئاراستەیەکی دیکە ببات.

شایانی باسە، دۆناڵد تڕامپ سەرۆککۆماری ئەمریکا ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئێرانی بە مەترسیدار و سەقەت وەسف کردبوو، ڕێککەوتننامەیەک کە نەدەبوو واژوو کرابا و بە پێی بۆچوونەکانی ترامپ ناتوانێ چارەسەرێک بێت بۆ نیگەرانییەکانی ئەمریکا بەرامبەر هەڕەشەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل و پشتیوانیکردنی تاران لە گرووپە تووندئاژۆ دینییەکان. دۆناڵد ترامپ چەند ڕۆژ پێش ئێستا سەبارەت بە دانیشتنی نەهێنی جان کێری و محەمەد جەواد زەریف گووتبووی "ئەو دانیشتنانە نایاسایی بوون و دەبنە هۆی لاوازبوونی سیاسەتی دەرەکی ئەمریکا".